کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ستیڤ هانکە: نرخی ڕیاڵی ئێران لە یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢٢ لە بەرانبەر دۆلاردا ٥٧ تا ٥٨ لەسەد دابەزیوە

12:58 - 18 گەلاوێژ 2722

پڕۆفسۆر "ستیڤ هانکە" ئابووریناسی زانکۆی "جانز هاپکینز" و بەڕێوەبەری پرۆژەی ئەو دراوانەی تووشی کێشە دەبن بە بڵاوکردنەوەی توییتێک وتوویەتی کە نرخی ڕیاڵی ئێران لە یەکەم مانگی ساڵی ٢٠٢٢ لە بەرانبەر دۆلاردا هەتا ئێستا ٥٧ تا ٥٨ لەسەد دابەزیوە.

ئەو ڕێژە لە دابەزینی نرخی ڕیاڵی ئێران بووەتە هۆی ئەوەیکە ئێران لە پێڕستی چاوەدێریی دراوی ئەو حەوتوویەی "ستیڤ هانکە"دا پلەی ٨ بەدەست بێنێت.

ناوبراو هەروەها نووسیویەتی کە ڕیاڵ لە بانکی ناوەندیدا دراوێکی بێکەڵکە.

لە ئێراندا گەورەترین خاوەن و دابینکەری دراو بانکی ناوەندییە و تاوانی سەرەکیی دابەزینی بەهای تمەنیش ئاراستەی بانکی ناوەندی دەکرێت کە بەرپرسیارە لە پاراستنی بەهای دراوی ئێران.

بەرپرسی بانکی ناوەندیی ڕێژیم ئەرکدار کراوە کە داهاتی نەوت بۆ خۆدەربازکردن لە گەمارۆکانی ئەمریکا و یەکییەتی ئورووپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کۆ بکاتەوە کە بەهۆی ئەو گەمارۆیانەوە ئەو ڕێژیمە ناتوانێ بەشێوەی ئازاد نەوتەکەی بفرۆشێت.