کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو بەرپرسی ئورووپایی داوا دەکەن یەکیەتیی ئورووپا گەڵاڵەیەکی جێگرەوە دژی ڕێژیمی ئێران دابڕێژێت

13:09 - 18 گەلاوێژ 2722

''نیکۆلا بییر'' جێگری سەرۆکی پارلمانی ئورووپا و نوێنەری مەجلیسی ئاڵمان و ''پیتێر نیومان'' مامۆستای لێکۆڵینەوەی ئەمنییەتیی کۆلێژی سەلتەنەتیی بریتانیا، بە بڵاوکردنەوەی وتارێک لە گۆڤاری فەرانسەویی ''لۆمۆند'' داوایان لە یەکیەتیی ئورووپا کردووە بەخێرایی و بە شێوەی نائاسایی گەڵاڵەیەکی جێگرەوە لە بابەت ڕێژیمی ئێران وەکار بخەن.

نووسەرانی ئەو وتارە وتوویانە: ''مادام کە ڕێژیمی ئێران خەڵکی ئەو وڵاتە سەرکوت دەکات و تێرۆریزم پەرە پێ دەدات و لە پێشیلکردنی یاسای نێونەتەوەیی پشتیوانی لە ڕووسیە دەکات، وتووێژی ئێستا بۆ کۆنترۆڵی بەرنامەی ناوکیی ئێران بەس نییە''.

''پیتێر نیومان و نیکۆلا بییر'' وتوویانە کە یەکیەتیی ئورووپا ناتوانێت چاوی خۆی لەسەر فریوکارییەکانی ڕێژیمی ئێران دابخات کە لە لایەک لە وتووێژە دیپلۆماتیکەکان بەشداری دەکات و لەلایەکی دیکەوە خێرایی بە بەرنامەی ناوکی خۆی دەدات.

نووسەرانی ئەو وتارە وتوویانە کە دەبێ تاکتیکەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ کڕینی کات پووچەڵ بکرێنەوە هەتا سیاسەتی دەرەوە و ئەمنییەتی یەکیەتیی ئورووپا تووشی ئاڵۆزی نەبێت.

نووسەرانی ئەو وتارە بە ئاماژەدان بە توانایی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی لانیکەم بۆمبی ئەتۆمی لە ئێستادا، وتوویانە کە ئورووپا دەبێ بە دوای گەڵاڵەیەکی جێگرەوە بێت دەنا ڕێژیمی ئێران بە کەڵکوەرگرتن لە کاتی وتووێژەکان هێرشەکانی خۆی ئامادە دەکات.

''پیتێر نیومان و نیکۆلا بییر'' باسیان لەوە کرد کە بە هاتنەسەرکاری ''ئیبراهیم ڕەئیسی'' ڕێژیمی ئێران دیسان ڕووی لە توندوتیژی کردووە، بەو واتایە کە هەزاران کەسی بەهۆی دژایەتی لەگەڵ ئەو ڕێژیمە زیندانی و ئەشکەنجە کردووە، هەروەها بەپێی یاسای ئەو ڕێژیمە ژنان هەڵاواردنێکی زۆریان لەگەڵ دەکرێت و بەهاییەکانیش بە توندوتیژییەوە سەرکوت دەکرێن.

ناوبراون نووسیویانە کە ڕێژیمی ئێران سەرچاوەی سەرەکیی ناسەقامگیریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەوڵ دەدات لە ڕیگای گرووپە میلیشیاکانی خۆی و  لەوانە حیزبوڵلا و حوسییەکان دەستێوەردەانەکانی خۆی پەرە پێ بدات.

 جێگری سەرۆکی پارلمانی ئورووپا و مامۆستای لێکۆڵینەوەی ئەمنییەتیی کۆلێژی پێشەیی لەندن لە کۆتاییدا وتوویانە، دەوڵەتانی ئورووپایی دەبێ هەوڵی زۆرتر بۆ کۆنترۆڵی چالاکییەکانی ڕێژیمی ئێران لە ئورووپا لە هەموو بوارەکان ئەنجام بدەن.