کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکرات لە گوندی "قەرەگۆل"ی شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد

17:47 - 18 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ١٥ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی  کاک"محەممەد عەبدوڵڵاهی ئەسڵ" ئەندامی دێرینی حیزب و باوکی پێشمەرگەیەکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەهۆی نەخۆشی لە گوندی "قەرەگۆل"ی سەر بە شاری بۆکان کۆچی دوایی کرد.

کاک "محەممەد" لە گوندی "قەرەگۆل" لەدایک بووە. لە سەرەتای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران دەست دەداتە چەک و لە هێزی بەرگریدا دەست بە چالاکی دەکات. ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی بە فەرمی دەبێتە پێشمەرگە و لە لکی ٢ی هێزی پێشەوا بە فەرماندەیی شەهید "حەمەدەمین بارام میرزا" ناسراو بە "چرچە" سازمان دەدرێ؛ ناوبراو تا ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە ڕیزەکانی حیزبی دیموکراتدا بەڕێوە دەبات.

ساڵی ١٣٦٥ی هەتاوی ناوبراو لە شەڕێکی سەخت و دژوار لە نێوان هێزی پێشمەرگە دژ بە هێزەکانی داگیرکەری سپای پاسداران لە "سەوڵی تەپە" بریندار دەبێت و دواتر دەبێتە کەمئەندامی سەنگەر و بەهۆی لاوازی جەستە لە سەر داوای شەهید "عەبدوڵڵا شەریفی" چەک دادەنێت و دەگەڕێتەوە گوندەکەی خۆیان و ژیانی ئاسایی بەڕێ دەکات.  بەڵام پەیوەندیی لەگەڵ حیزب ناپچڕێنێ و هەر ئەرکێک کە لەلایەن حیزبەوە پێی ئەسپێردرابێ بەوپەڕی تواناوە بەڕێوەی بردووە.

کاک "محەممەد" ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بووە و لەلای خەڵکی ناوچە خاوەن خۆشەویستییەکی تایبەت و ڕێز و حورمەتێکی زۆر بووە.
ناوبراو نەیهێشتووە ڕێچکە پیرۆزەکەی کە هەوڵ و تێکۆشان لە ڕێبازی دێموکرات و درێژەدان بە ڕێگا و ڕێبازی شەهیدانی نەمرە، کوێر ببێتەوە.

کوڕێکی کاک "محەممەد" بە نێوی "شەهرام عەبدوڵڵاهی ئەسڵ" لە ڕیزەکانی شۆڕش لە حیزبی دێموکراتدایە و ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی لە سەنگەری حیزبی دێموکراتدا بەڕێوە دەبات، هەروەها کوڕێکی دیکەی کاک محەممەد لەسەر بیر و باوەڕی نیشتمانی و کوردایەتی لە چاڵە ڕەشەکانی ڕێژیمی ئێراندایە.

ناوبراو تا دواساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دیموکرات مایەوە و لە بەرانبەر بەڵێن و سوێندی پیرۆزی خۆی بە شەهیدان ئەمەگدار بوو و قەت بۆ ساتێکیش لە ڕێگا و رێبازی خۆی پەشیمانی نەکێشا.

تەرمی پیرۆزی کاک "محەممەد" لەنێو ئاپۆرای خەڵکی گوندی "قەرەگۆل" و ناوچەکەدا بە خاکی پیرۆزی کوردستان ئەسپێردرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەخۆشی لە خزم و کەسوکاری ناوبراو، خەڵکی گوندی "قەرەگۆل" و بە گشتی ناوچەکە دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.