![](/content/upload/1/news/55256_w920.jpg)
لێبوردنی نێونەتەوەیی دوابەدوای پەسەندکرانی حوکمی ١٦ ساڵ زیندان بۆ دوو خوێندکاری بلیمەتی دەسبەسەرکراو"عەلی یوونسی" و "ئەمیرحوسێن مورادی" لە لایەن دادگای پێداچوونەوە، لە بەیاننامەیەکدا داوای ئازادکردنی ئەو دوو خوێندکارەی کرد.
ماوەی دوو ساڵە کە "ئەمیرحوسێن مورادی" و "عەلی یوونسی" بەتۆمەتی "ئیجتماع و تەبانی دژی ئەمنییەتی میللی" و "پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم" لە زینداندان و داخوازییە نێوخۆیی و نێونەتەوەییەکان بۆ ئازادیی ئەوان تا ئێستا بێئاکام ماوەتەوە.
لێیبوردنی نێونەتەوەیی دادگاییکرانی ئەو دوو خوێندکارەی ناڕەوا و تۆمەتەکانی ئەوانی دەسکرد و مەبەستدار وەسف کردووە.
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی ڕایگەیاندووە کە حوکمی دەسەپاو بەسەر ئەو دوو خوێندکارە، بەپێی ئەو دانپێدانانە زۆرەملێیانە دەرکراوە کە لە ماوەی دادگاییەکەیاندا لێیان وەرگیراوە و ئەو دانپێدانانە بە ئەشکەنجە و ئازار لێیان وەرگیراوە.
لێبوردنی نێونەتەوەیی لە نامەیەکدا بۆ "غولامحوسێن مۆحسێنی ئێژەیی" سەرۆکی دەزگای قەزایی ڕێژیم، داوای ئازادیی بێمەرجی ئەو دوو خوێندکارە و هەڵوەشانەوەی حوکمی دەسەپاو بەسەر ئەو دوو خوێنکارەی کردووە.
ئەو ڕێکخراوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە دادگایی ئەو دوو خوێندکارە بلیمەتە ٢٢ ساڵەیە ناڕەوا بووە و حوکمەکەیان بە ناحەق بەسەریاندا سەپاوە و داواشی کردووە کە لەگەڵ ئەوان بە دوور لە هەر چەشنە توندوتیژییەک لێکۆڵینەوە بکرێت.
ئەو دوو خوێندکارە بلیمەتە لە سێزدە مانگی سەرەتای دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بوونە.