کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ساڵێک پاش ڕەییسی

00:21 - 20 گەلاوێژ 2722

شەماڵ تەرغیبی

ڕێکەوتی ١٢ی گەلاوێژ واتە یەک حەوتوو پێش ئێستە، یەک ساڵ بەسەر هاتنە سەرکاری ئیبراهیم ڕەییسی وەک سەرۆکی دەوڵەت لە سیستمی کۆماری ئیسلامیدا تێپەڕی؛ دەوڵەتێک کە بە پشتیوانی سەداسەدیی نەریتخوازەکان و دامەزراوەی ویلایەتی فەقیه و پاش نمایشێکی گاڵتەئامێز بەناوی هەڵبژاردنی سەرکۆماری هاتە سەر کار. نمایشێک کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان و بینراوە نافەرمییەکانیش خاوەنی ڕەوایی و متمانەی خەڵکیی نەبوو بەڵام بەبڕیاری ڕێبەری ڕێژیم بە سەرکەوتوو ناو برا و ئیبراهیم ڕەییسی لە پۆستی سەرکۆمار دانرا و هەر لە یەکەم هەنگاویشدا لە کۆی ١٩ وەزیری پێشنیاری ناوبراو ١٨ کەسیان تەئید و پەسند کران؛ ڕەنگە باشترین بەڵگەش بۆ ئەم ئیدیعایە کارنامەی پڕنشێوی یەک ساڵی ڕابردووی ناوبراو بێت کە لەم کەتوارەدا بەشێکی شەنوکەو دەکەین:

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا زۆرترین ڕێژەی کۆبوونەوە ئێعترازییەکان و ناڕەزایەتیی دەربڕینی جەماوەری لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی جوغڕافیای ئێران بەڕێوە چوو کە لە نێویاندا دروشمی زۆر توند دژ بە گشتییەتی رێژیم و لەو نێوانەشدا ڕەییسی وەک نوێنەری دەسنیشانکراوی ئەم ڕێژیمە گوترایەوە. ئەم ناڕەزایەتییانە تەنیا لە سەر شەقامەکاندا قەتیس نەمانەوە و کۆڕە دەوڵەتی و حکومەتییەکانیشی گرتەوە؛ بۆوێنە لە چەندین دانیشتنی مەجلیسی ڕێژیمدا بەناو نوێنەرانی مەجلیس دژ بە ڕەییسی و کارکردی دەوڵەتەکەی هەڵوێستیان گرت و دیتمان کە بەهۆی ناکارامەیی وەزیرەکانی دەوڵەتی سێزدەیەم و لەڕووی ناچاری و بە گوشاری ڕای گشتی، وەزیری کار لەسەر کار لادرا و چەند وەزیری دیکەش لێپرسینەوەیان لێ کرا.

شکستێکی تری دەوڵەتی ڕەییسی بریتی بوو لەوەیکە نەیتوانی بەڵێنەکانی لەپێوەندی لەگەڵ کۆتاییهێنان بە ئاریشە سیاسییەکانی نێوان باندەکانی دەسەڵات، بباتە سەر و ئەگەر تا پێش لە بەناو هەڵبژاردنەکان وادەی ئەوە دەدرا کە بە دەنگهێنانەوەی "لایەنە نەریتخواز و شۆڕشگێڕەکان" کە باوەڕیان بە "بەڕێوەبەریی جیهادی" هەیە، گرفتە سیاسییەکانیش کۆتاییان دێت، دیتمان کە نەتەنیا یەکانگیری لە نێوان باندەکان درووست نەبوو بەڵکوو بەشێوەی ڕێژەیی گرفتەکان قووڵتر بوونەوە.

ڕەهەندێکی تری شکستەکانی دەوڵەتی ڕەییسی دەتوانێ ئەو کەتوارە کەتمان‌نەکراوە بێت کە ڕەییسی نەیتوانی بە ترساندن و زیادکردنی گوشارە سیاسی و فەرهەنگییەکان ڕێژەی ناڕەزایەتییەکانی نێو کۆمەڵگا کەم بکاتەوە؛ هەرچەند هەوڵ درا کە بە هەندێ جووڵەی پۆپۆلیستی ڕواڵەتێکی خەڵکپەسند بدات بە هەیئەتی بەڕێوەبەریی وڵات بەڵام لەم ڕاستایەشدا شکستی خوارد. یەکێک لەو کارانەی کە ڕەییسی کردی بریتی بوو لە کۆکردنەوەی فەرشی ژێر پێی بەناو وەزیرەکان و ڕاخستنی زیلوو وەک هێمایەک بۆ خەبات لەدژی ئەریستۆکراسی زاڵ. ئەم جۆرە کارانە زیاتر ناخی ناحەزی ناوبراوی دەرخست و خەڵک ئەمجارەیان باسیان لەوە دەکرد کە ئەمە هەوڵێکە بۆ خۆڵ لەچاوکردنیان و چەشنێک خۆنواندنی ناشارەزایانەیە بۆ فریودان.

ڕەهەندێکی دیکەی جێگەی باس لەم کەتوارە دەتوانێ دروشمی ڕەییسی سەبارەت بە باری گوزەرانی خەڵک بێت کە دەیانگوت دەوڵەتەکانی پێشوو بەرجامیان گرێ داوە بە ژیانی ڕۆژانەی خەڵک کە ئەمە هەڵەیە! بەڵام دیتمان کە بە هاتنە سەرکاری ناوبراو دۆخی مەعیشەتی و باری گوزەران و ژیانی خەڵک نەتەنیا باشتر نەبوو بەڵکوو خراپتر بوویەوە و وای لێ هات کە خەڵک ئاواتیان بۆ ساڵێک پێشتر دەخواست کە لانیکەم هەندێ پێداویستی ڕۆژانەیان بۆ دابین دەکرا.

هەوڵدان بۆ نیزیکایەتی لەگەڵ دەرودراوسێکانی ئێرانیش تەنیا لە ئاستی دروشمدا مایەوە و دیتمان کە نەتەنیا دەوڵەتی نوێ مافی جیرانێتیشی نەپاراست بەڵکوو بەردەوام بوون لەسەر سیاسەتەکانی پێشوو و هەوڵدان بۆ دەستێوەردان لە کاروباری نێوخۆیی ئەو وڵاتانە و بشێوینانەوە و ئاژاوەگێڕی؛ بەچەشنێک کە خەڵکی وڵاتێکی وەک عێراق ڕژانە سەر شەقامەکان و هەموو پیرۆزییەکانی کۆماری ئیسلامییان خستە ژێر پێیان و ئاگریان لە نوێنەرایەتییەکانیان بەر دا.

بەگشتی ئەم وادە و بەڵێنانە لە دەوڵەتی ڕەییسی بە ڕای گشتی درا:

دابینکردنی ئازادی بەیان، ئازادی ئەندێشە و ئازادییە سیاسییەکان

دابینکردنی ئینتێرنێتی خێرا بەگوێرەی ژێرخانە پێویستەکان و بە لەبەرچاوگرتنی دادپەروەری کۆمەڵایەتی

شیاوسالاری

نەهێشتنی هەژاری

سازکردنی خانوو و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکانی کەمداهات

کۆتاییهێنان بە ڕانت و گەندەڵی

ئاساییکردنەوەی پێوەندی لەنێوان ئێران و جیهان

ئاساییکردنەوەی پێوەندی نێوان خەڵک و دەوڵەت

چارەسەرکردنی قەیرانی ناوکی و باقی قەیرانە کەڵەکەبووەکان و دەیان دروشمی زریقەوبریقەداری دیکەی لەم چەشنە.

لە ئێستەدا و پاش یەک ساڵ لە تەمەنی ئەم دەوڵەتە دەبینین کە نەتەنیا هیچ کام لەم وادە و بەڵێنییانە نەهاتوونەتە دی بەڵکوو بەشێوەی ڕێژەیی لە هەموو ئەو بیاڤانەدا گرفتەکان وەک خۆیان ماونەتەوە و بەردەوامیش خۆیان بەرهەم هێناوەتەوە، واتە زیادیان کردووە.

کەواتە وەک کۆتاقسە دەتوانین بڵێین دەوڵەتی ڕەییسی تەنیا توانیویەتی نەبوونی ڕەوایی کۆماری ئیسلامی وەک قەیرانێک لای خەڵکانی نیشتەجێ لە ئێران زیاتر و قووڵتر بکاتەوە و بەم پێیەش بەرجەوەنی ساڵانی داهاتوو پێمان دەڵێ کە دەوڵەت لە سێ ساڵی ئایندەدا، ئەگەر لەسەر کار بمێنێ، تەنیا دەتوانێ ڕواڵەتی ڕاستەقینەی ڕێژیم ئاشکراتر بکات.