دۆناڵد ترامپ، سەرۆککۆماری ئەمریکا لە پەیامێکی نوێدا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ"، هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران کرد و داوای لێکردن بەبێ دواکەوتن دەست بە گفتوگۆ بکەن، ئەگەرنا ڕووبەڕووی دەرئەنجامێک دەبن کە ڕێگای گەڕانەوەی نابێت.
ترامپ لە پەیامەکەیدا تیشکی خستە سەر هەڵسوکەوتی شاندی دانوستانکاری ئێران و بە "جیاواز و سەیر" وەسفی کردن.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان لە پشت پەردەوە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن دەپاڕێنەوە، بەتایبەت کە لە ڕووی سەربازییەوە هیچ هیوایەکیان بۆ مانەوە نەماوە، بەڵام لە ئاستی گشتیدا وێنەیەکی جیاواز پێشان دەدەن.
سەرۆککۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند: "ئەوان لەبەردەم خەڵکدا دەڵێن کە خەریکی لێکۆڵینە لە پێشنیارەکانی ئێمەن، بەڵام ئەمە ڕاست نییە و تەنیا کات بەفیڕۆدانە."
ترامپ هەروەها جەختی کردەوە: "باشترە تا درەنگ نەبووە جیددی بن، چونکە کاتێک ئەو ڕووداوە ڕوودەدات، ئیتر ڕێگەی گەڕانەوە نامێنێت و دیمەنێکی جوان نابێت."
ئەم لێدوانانەی ترامپ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی نێوان واشنگتۆن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی هەستیار و ئەمریکا گوشارەکان بۆ سەپاندنی مەرجەکانی خۆی لە هەر ڕێککەوتنێکی ئەگەریدا چڕتر کردووەتەوە.