بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، کۆماری ئیسلامی زۆربەی هێزە فەرمییەکانی سپای پاسدارانی لە شارە نێوخۆییەکانەوە بۆ ناوچە سنوورییەکانی نێوان ڕۆژهەڵات و باشووری کوردستان گواستووەتەوە.
هاوکات لە نێو شارەکاندا، ئامادەیی هێزە چەکدارە "لیباس شەخسی"یەکان و سیخوڕەکانی ئیتلاعات بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و خەڵکیان خستووەتە ژێر چاودێریی توندەوە.
لە شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، سپای پاسداران لە بازگەکان و دەوروبەری بنکە سەربازییەکاندا، مێرمنداڵانی تەمەن خوار ١٧ و ١٨ ساڵی بە چەکەوە جێگیر کردووە.
ئەم منداڵانە کە زۆربەیان سەر بە "بەسیجی قوتابیان"ن، یاخود لەژێر چاودێریی "کۆمیتەی ئیمداد" و "بێهزیستی" دان؛ ڕێژیم بە خراپەکەڵک وەرگرتن لە دۆخی داراییان چەکی داوەتە دەستیان بۆ سەرکوتی خەڵک. هەروەها بەشێکی زۆر لەم هێزە کەمتەمەنانە لە پارێزگاکانی تری ئێرانەوە ڕەوانەی کوردستان کراون.
کۆماری ئیسلامی کە لە ئاکامی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا تووشی زربەی قورس و داڕمان بووە، جارێکی تر منداڵان دەکاتە سووتەمەنیی مانەوەی دەسەڵاتەکەی.