کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتێک لە سەر دۆخی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان؛ گرانییەکی بێوێنە و پەککەوتنی دامودەزگاکانی ڕێژیم

22:00 - 6 خاکەلێوه 2726

بەپێی ئەو زانیارییانەی لە شارەکانی ورمێ، سەڵماس و ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە بە ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات گەیشتوون، دۆخی ژیانی خەڵک گەیشتووەتە ئاستێکی مەترسیدار و بەشێکی زۆری دامودەزگاکانی ڕێژیم ڕاوەستاون.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە بازاڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان تووشی گرانییەکی بێوێنە بوونەتەوه. خەڵکی کەمدەرامەت لە دۆخێکی زۆر نالەباردا دەژین، نرخی پێداویستییە سەرەکییەکان بە شێوەیەکی سەر سووڕهێنەر بەرز بووەتەوە، بۆ نموونە نرخی یەک کیلۆ پەتاتە گەیشتووەتە ١١٠ هەزار تمەن. ئەم دۆخە وای کردووە کە خەڵکی تەنیا بیر لە دابینکردنی "نان" بکەنەوە و هەوڵی کۆکردنەوە و ڕاگرتنی نان لە ماڵەکانیاندا بدەن.

ڕاپۆرتەکە باس لەوە دەکات کە سیستمی ئیداریی ڕێژیم لە شارەکانی وەک ورمێ و سەڵماس بە کردەیی لە کار کەوتووە. بۆ نموونە، ئەو کەسانەی بۆ نوێکردنەوەی پاسپۆرت یان ڕاییکردنی کارە ئیدارییەکانیان سەردانی ئیدارەکان دەکەن، بە وەڵامی "بڕۆن ئەگەر دۆخەکە باش بوو وەرنەوە" ڕەوانەی ماڵەوە دەکرێن. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ڕێژیم هیچ پلانێکی بۆ بەڕێوەبردنی وڵات لەم دۆخەدا نییە و دامودەزگاکان بێ‌ساحێب ماونەتەوە.

نیگەرانییەکی قووڵ لە نێو خەڵکدا هەیە سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوەندە وزە و ئەتۆمییەکانی ئێران. سپای پاسداران کە هەست بە مەترسیی ڕووخان دەکات، دەستی بە کەمپەینێکی "پاڕانەوە" لە خەڵک کردووە و داوایان لێ دەکەن لەگەڵ ڕێژیم بن و دژی "پیلانی دوژمن" بوەستنەوە. بەڵام ئەم داوایانە هیچ کاریگەرییەکیان نییە، چونکە بێزاریی خەڵک لە ڕێژیم گەیشتووەتە ئاستێک کە بە بیستنی هەواڵی کوژرانی هەر پاسدارێک، خۆشحاڵی خۆیان دەردەبڕن.

ئەم بارودۆخە نالەبارەی ئێستا، ئاکامی ڕاستەوخۆی سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامییە کە ژیانی هاووڵاتییانی گەیاندووەتە ئەو پەڕی تەنگانە. هاووڵاتییان چیتر هیچ هیوایەکیان بەم دەسەڵاتە نەماوە و بە هەموو شێوەیەک خوازیار و چاوەڕێی ئەوەن کە کۆتایی بەم ڕێژیمە و ئەم دۆخە پڕ لە مەینەتییە بهێنرێت.