هێرشە مووشەکییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر وڵاتانی ناوچەکە بەردەوامە و بەرپرسانی ئیمارات ڕایانگەیاند ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی خاکەلێوە، پاشماوەی مووشەکێکی بالستیکیی تێکشکێنراو لە شاری "ئەبووزەبی" کەوتووەتە سەر شەقامێکی سەرەکی، و بەو هۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست داوە و سێ کەسی دیکەش بریندار بوون.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی ئەبوو زەبی ئاماژەی بەوە کرد کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی بە سەرکەوتوویی مووشەکەکەی تێک شکاندووە، بەڵام کەوتنەخوارەوەی پارچەکانی بووەتە هۆی تێکشکانی چەندین ماشین و زیانی گیانی لێکەوتووەتەوە.
هاوکات، ئەرتەشی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی ئێرانیان داوەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی تیمی فریاگوزاری ئیسرائیل (ئەستێرەی سووری داود)، شەش کەس بەهۆی شەپۆلی تەقینەوەکانەوە بە سووکی بریندار بوون.
هەروەها لە شاری "کەفر قاسم" زیانێکی زۆر بەر چەندین ماڵ کەوتووە و سەرۆکی شارەوانییەکەش جەختی کردەوە کە زیانەکان بەهۆی بەکارهێنانی "مووشەکی هێشوویی" بووە.