کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

سی ئێن ئێن: بەرپرسانی ڕووسیە لە ئێران بۆ بەرکارهێنانی دڕۆنی ئێرانی ڕاهێنان دەبینن

12:19 - 19 گەلاوێژ 2722

هەواڵدەریی ''سی ئێن ئێن'' لە زاری بەرپرسێکی ئامریکایییەوە باسی لەوە کردووە کە زانیارییەکان نیشان دەدەن بەرپرسانی ڕووسیە لە حەوتووەکانی ڕابردوودا لە ئێران خەریکی ڕاهێنان بۆ چۆنیەتیی بەکارهێنانی دڕۆنەکانی ئێرانن.

ئەو بەرپرسە ئامریکاییە، ئەو ڕاهێنانەی بۆ بەشێک لە گەڵاڵەی فرۆشی دڕۆنەکانی ئێران بە ڕووسیە گەڕاندووەتەوە.

ناوبراو وتوویەتی زانیارییەکانی پێوەندیدار بە بەڕێوەچوونی ئەو خولە ڕاهێنانە لەم دواییانەدا لە حاڵەتی نهێنی هاتوونەتە دەر.

لە حەوتووەکانی ڕابردوودا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ئامریکایی بەنسیبەت ناردنی دڕۆنی دروستکراوی ئێران بۆ ڕووسیە، بۆ کەڵکوەرگرتن لە شەڕ دژی ئۆکراین هۆشدارییان دابوو.

ڕۆژێک دوای سەفەری پووتین سەرکۆماری ڕووسیە بۆ تاران، بەرپرسانی پێنتاگۆن، ڕێکخراوی سیا و وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا بە هۆشداری دان بەنیسبەت هەر چەشنە هەوڵێکی ڕێژیمی ئێران لە پێدانی دڕۆن بە ڕووسیە کە لەگەڵ ئۆکراین لە شەڕدایە، ئەمەیان بە نیشانەی تووشبوونی مۆسکۆ بە گۆشەگیریی جیهانی لە ئاکامی ئەو شەڕەدا زانی.