کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرجام و خەونەکانی ئێران

23:37 - 20 گەلاوێژ 2722

ئاکۆ عەلیزادە

بەرنامەی جامعی ئیقدامی هاوبەش یان هەمان بەرجام کە ڕێکەوتی ٢٣ی پووشپەڕی ١٣٩٤ لە پێتەختی ئۆتریش لە نێوان ئێران و یەکیەتیی ئەورووپا و گرووپی ٥+١ واژۆ کرا بۆ سنووردارکردنی چالاکییە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران و بەرەنگاربوونەوەی جیهانی لەگەڵ وڵاتێک بوو کە بە لانکەی تێرۆر لە جیهاندا ناسراوە و بۆ ئەوەی نەبێتە هەڕەشەیەکی گەورەتر لەوەی کە ئێستا هەیە واژۆ کرا ؛ بەڵام تا ئێستا ئێمە شاهیدی کات کووشتنە بەردەوامەکانی تاران بە بیانووی جۆراوجۆر و شکاندنی خاڵەکانی ئەو ڕێککەوتنە بووینە تا بتوانێ لەو کاتەی کە بە دەستی دێنێ بۆ سەپاندن و بڵاوکردنەوەی ئایدیۆلۆژیاکەی کەڵک وەرگرێ و پشوویەکی دێتەوە بەر گرووپە میلیشیاییەکانی ژێر دەسەڵاتی کە ساڵانە چەندین میلیارد دۆلار بوودجە سەرفی دابینکردنی چەکوچۆڵ و ئاژاوەگێڕییەکانیان دەکات.

ئەمەش بەو ئامانجەی کە بتوانێ لە ڕێگەی نانەوەی ئاڵۆزی و لابردنی فۆکووس لەسەر خۆی و پەرتەوازەکردنی سەرنجەکان، لەژێرەوە بە پلانەکانی بگا و ڕای گشتیش بەلاڕێدا ببات.

پاش چەسپاندنی گەمارۆکانی ڕۆژاوا بۆ سەر ئێران کە زۆربەیان هەر بەهۆی کارە تیرۆریستییەکان و بەرنامە ناوکییەکەی بووە، خەڵک لە بێدەرەتانی و هەژاریدا ژیان دەبەنە سەر بەچەشنێک کە تەنانەت توانای کڕین و دابینکردنی پێویستییە سەرەتاییەکانی ژیان و هەندێک جار خواردنیشیان نەماوە .

لە وەها دۆخێکی هەستیاردا ڕێژیم بۆ بێدەنگکردنی ئەو هاوارە پەنگخواردووەی خەڵک و بە ئومێدێکی وەهمی کە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی بەرجام بە خەڵکی ئێران داویەتی خەریکی چەواشەکارییە و لەکاتێکدا ئەو ئومێدە دەدا بە خەڵک و بەڵێنی لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان دەدا کە تەواوی هەوڵی لەو دانیشتنانەی دوایی، دەرهێنانی گرووپە ژێرشاخەکانی سپای تێرۆریست و گەورەکردنەوە و بە حەیسیەتیکردنی باسی پادمانەکان و هەروەها پشتگیری لە ئایدیۆلۆژیای وڵاتی ڕووسیاییە کە دەمێکە پشتی پێ بەستووە و بە براگەورەی خۆی دەزانێت .

ئەوە حاشالێنەکراوە کە بە هێنانەدەری گرووپەکانی سەر بە سپا، ئەو ڕێکخراوەیە لە بواری ماڵی و دارایی دیسان دەبووژێتەوە و دیسان هەوڵەکانی بۆ سەرکوتی خەڵکی ئێران لە ناوخۆ و لە دەرەوەش بوونە هەڕەشە بۆسەر ئارامی و سەقامگیری ناوچە و ئاڵۆزییەکان لەلایەن گرووپەکانی وەک فاتمیون و زەینەبییون و حەشدی شەعبییەوە دەست پێ دەکاتەوە. 

وادیارە ئێران دەیهەوێ کێشەی پادمانەکان کە لە بەرجامی پێشووشەوە بەجێ ماوە زەق بکاتەوە و داوای ئەوەیە کە ئەو دۆسییەیە دابخرێت و چیتر کاریان پێ نەبێت، لەکاتێکدا کە ئاژانسی وزەی ناوکی لەهەمبەر ئەو داواکارییەی ئێران دەڵێت کە بەهۆی ناڕوونبوونی بواری چالاکییە فەنییەکانی ئێران لە چوارچێوەی وزەی ناوکی ناتوانین بڕیارێکی سیاسی لە چوارچێوەی بەرجام بۆ ئەو ئاریشە بدەین و ئەوە دەبێتە هۆی دابەزینی هێز و دەسەڵاتی ئاژانسی وزەی ناوکی.

 مێکانیزمی دانیشتنەکانی هۆتێل کۆبۆرگ بەرەو ئاڕاستەیەک دەڕوا کە سیاسەتە دووگم و ناسەربەخۆکانی کۆماری ئیسلامی بە زەقی وەدیار دەکەون، ئێمە شاهیدی یەکێک لە هەڵە ستراتیژییەکانی ئێرانین کە لە وەها بارودۆخێکدا سیستمی زاڵی ئێران دەسکەوتەکانی بۆ وڵات و بۆ خەڵکی ئێران وەلا ناوە و خەریکی مەسەلە ئایدیۆلۆژییەکانی و سوودەکانی ڕووسیایە و تەواوی هەوڵی لە ئاڵەنگاریی وڵاتانی ڕۆژاوایی لەژێر ڕێبەری ڕووسیە بۆ سەر پادمان هێناوەتەوە؛ لە حاڵێکدا کە ئەوە پەیوەندیدار بە بڕیارە سیاسییەکانی بەرجام نییە و دەبێ ئاژانس ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە ئێران خەریکی وەدەستهێنانی چەکی ناوکییە یاخود هەوڵەکانی لەو ئاڕاستەیەدا نییە؟ نەئەوەیکە بە بیانووگەلی نابەجێ بیهەوێ بە پێداگری لەسەر ئەو مژارە دەسەڵاتی ئاژانسی وزەی ناوکی دەور لێدات و جۆرێک سەرپێچی بکات.

بەڵام ئێستا بە هۆی هەلومەرجی ناوچەیی و پێشهاتەکان، یەکیەتیی ئەورووپا ناتوانێ مەرگی بەرجام ڕابگەیەنێ چوون وڵاتانی ئامریکا و چین و ڕووسیە کە زلهێزانی جیهانن بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناڤین جار بەبۆنەی فرۆشی چەکوچۆڵ و جار بەبۆنەی کڕینی نەوتی ئەو وڵاتانە دەیانهەوێ کە ڕێککەوتنەکە بێئاکام و لە ناڕوونیدا بمێنێتەوە .

کۆماری ئیسلامی بە کاتکووژییەکانی لە واژۆکردنی دەقی ڕێککەوتنی بەرجام  جۆرێک ئیدیعای زلهێزی لە بەرامبەر ڕۆژاوادا دەکات و بەو ژێستە لەبەرامبەر هێزە حکوومەتییەکان خۆی فریو دەدات کە لاواز و بێچارە نییە.

 هاوکێشەکان وا خۆدەنوێنن کە ڕێژیمی ئێران حەزی لە لابردنی گەمارۆ ئابوورییەکان و باشترکردنی دۆخی ژیانی خەڵک نییە و تەنیا هەوڵی ئەوەیە کە ئەو کەسانەی لەو ساڵانە لەڕاستای بەرژەوەندییە ئەتۆمییەکانی ئەو کاریان کردووە بپارێزێت .

رێژیمی ئێران لەمەڕ هەوڵەکانی وڵاتانی ئەورووپایی بۆ چارەسەری دۆسیەکە و نووسینی ڕەشنووس لەلایەن ئەوانەوە بەم شێوەیە ڕاگەیەندراو بڵاو دەکاتەوە کە ئەورووپا ئەو ئیختیارەی نییە کە بە جێگای ئێمە بڕیار بدا کە ڕێککەوتن واژۆ بکەین یا نا.

سەرەڕای ئەوەیکە سەرەتا ئێران پێداگرییەکی زۆری بۆ هێنانەدەری سپای پاسداران لە لیستی ڕێکخراوە تێرۆریستیەکان دەکرد وادیارە لەوە کشاوەتەوە و سەرنجی خۆی خستۆتە سەر سێ سایتی ناوکی جێگای گومان و داواکاری بەستنی دۆسیەی ئەوانە لەلایەن ئاژانسی وزەی ناوکییەوە.

جێگای ئاماژەیە کە یەک لەو سایتانە دەکەوێتە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە شاری مەریوانە کە ئاژانس بە چەندین جار ڕایگەیاندووە کە ئێران لە وەڵامدانەوەی ڕوون خۆ دەبوێرێ .

حوسەین ئەمیرعەبوڵاهیان، وەزیری دەرەوی کۆماری ئیسلامی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان پرسیارەکانی ئاژانسی  بەلاڕێدا برد و لە دژی چاکسازی سیاسی ناوی برد؛ هەروەها جێگری دەفتەری ڕەییسی لە تویتێکدا باس لەوە کرد کە ڕێککەوتنی ڕاستەقینە کاتێک دەستەبەر دەبێ کە ئیدیعا پادمانییەکانی ئاژانس لەمەڕ ئێران دابخرێت .

لێرەدا جوان دەردەکەوێ کە کۆماری ئیسلامی بەو کارانە خەریکی بیانووهێنانەوە و کاتکڕین لە ڕەوتی دانیشتنەکان و ڕێککەوتنەکەدا بووە؛ ئەوە کەتوارێکی ڕوونە کە لە کۆرسی نێوان ئێران و وڵاتانی ڕۆژاوایی و بەتایبەت ئەمریکا، ئێران هەمیشە بەدوای سوودوەرگرتن لە دوو لایەنی زلهێزی جیهان واتە ڕووسیا و ئەمریکا بووە کە لەڕواڵەتدا بە پشتبەستن بە ڕووسیا و بە پاڵپشتیی ڕووسەکان لە زۆر بواری جیاوازی ئابووری و سیاسیدا وەک بەرجام ئەوە ڕووسیایە کە ئایدیۆلۆژیای خۆی بە شێوەی شەڕێکی سارد لە بەرامبەر بیروهزری ئەورووپا و ئامریکا لە چوارچێوەی وڵاتی ئێران بۆ زیاترکردنی گوشارەکان لە ناوچە و باڵانسی هێزی خۆی لەگەڵ ئەمریکا بەکار دێنێ؛ لەکاتێکدا کە لە تەواوی وێستگە مێژووییەکاندا پشتی لەو وڵاتە کردووە .

بەگشتی ڕێژیمی ئێران سەرەڕای بەڵێنییەکان بە خەڵک بۆ لابردنی گەمارۆی ئابووری و بووژانەوەی ژیانی خەڵک، لە ژێرەوە هیچ مەیلێکی بۆ ئەم پرسە نییە و خەڵک دەکەونە دواقۆناغی پێڕستی بایەخەکانی کۆماری ئیسلامی؛ تەواوی هەوڵیشی بەلاڕێدابردنی رای گشتییە کە بڵێ ئێمە بۆ چەکی ناوکی هەنگاومان نەناوە؛ هەروەها دەیهەوێ ژێرخانی ئابووری سپا بۆ هەنگاوەکانی دیکە لەمەڕ شێواندنی ناوچە و تێرۆر و هەڕەشە بەهێز بکات و بەو شێوەیە پەرەبدات بە کارە قێزەونەکانی.