کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"مزگێن ئایدین" لە دوای سی ساڵ دەسبەسەری لە بەندیخانەکانی تورکیە ئازاد بوو

18:20 - 20 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی ڕابردوو "مزگێن ئایدین" ناسراو بە "ڕووناک"، نووسەری خەڵکی "دیاربەکر" سەر بە کوردستانی باکوور، لە دوای سی ساڵ دەسبەسەری لە بەندیخانەی تورکیە ئازاد بوو.

ناوبراو لە سی ساڵی ڕابردوودا لە بەندیخانەکانی "باتمان، سیواس، ئەلبوستان، بینگل و لە کۆتاییدا لە بەندیخانەی قەبزەدا بووە.

لەو ساڵانەدا لە زۆربەی مانگرتنە خۆراکییەکاندا بەشداری کردووە و تووشی نەخۆشی زەختی خوێن، گورچیلە و گواتر بووە و ئێستاش چارەسەری شێرپەنجەی مەمکی بۆ دەکرێت.

"مزگێن ئایدین" لە کاتی ئازادبوونی لە بەندیخانە ڕوو بە میدیاکان وتی کە کاتێک لە بەندیخانە هاتمە دەرێ سروودی ئەی ڕەقیبم خوێندەوە و ئەو ئازادییە پێشکەشی شەهیدانی سێدارە قازی محەممەد، فەرزاد کەمانگەر و شیرین عەلەم هوولی و هەموو شەهیدانی سێدارە دەکەم و هەروەها یادی ١٠٠ ساڵەی بزووتنەوەی "سمکۆی شکاک" بەرز دەنرخێنم". 

ئایدین تەمەنی ١٩ ساڵ بووە کە بە تۆمەتی هاوکاری لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان PKK دەسبەسەر کراوە و لە ئێستادا ٤٩ ساڵیەتی و دووهەمین ژنی بەندیی سیاسی بووە کە لەو ڕۆژانەی دواییدا دوای ٣٠ ساڵ ئازاد بووە.