کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چەند شیرکەتی بیانی بەهۆی پەیوەندی لەگەڵ ڕێژیمی ئێران لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆیان خرایە سەر

11:56 - 11 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی دووشەممە ١٠ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی وەزارەتی خەزێنەداریی ئامریکا شەش شیرکەتی بیانی و نەوتکێشێکی هەڵگری گازی شلی "ئێڵ، پی، جی"، کە پەیوەندییان لەگەڵ ڕێژیمی ئێران هەبووە خستە نێو پێڕستی گەمارۆکانی ئەو وڵاتەوە.

ئەو شیرکە بیانییانەی کە بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکانی ئامریکا یارمەتیی ئێرانیان کردووە بریتین لە: شیرکەتی ئیماراتیی "بلووکاکتووس"، "گوڵدن واریور"ی چین، "بەڕێوەبەریی کەشتیڕانیی "پایوونێر"ی سەنگاپوور، شیرکەتەکانی بازرگانیی پێترۆشیمیی "زنفەر"، "فارۆڵ کانیۆن" و شێکوفئیی ئینتێرنەشناڵـ"ـی هۆنگ کۆنگ".

جگە لەو شیرکەتانە تانکرێکی هەڵگری "ئێڵ، پی، جی"ی گوڵدن هاروێست، سەر بە شیرکەتی "گوڵدن واریۆر"ی چین کە هەڵگری ئاڵای پاناما بووە لەلایەن ئامریکاوە گەمارۆی خراوەتە سەر.

سەبارەت بەو گەمارۆ نوێیانەی ئامریکا "ئانتۆنی بلینکێن" وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندوە کە ئەو شیرکەتانە بە شێوەی نایاسایی بۆ ڕاگواستن و بازرگانیی بەرهەمەکانی پێترۆشیمی و نەوت یارمەتیی ڕێژیمی ئێرانیان داوە.