کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لە یادی چوارەمین ساڵوەگەڕی شەهیدانی "بەرگردانـ"ـی کێلەشین

17:33 - 21 گەلاوێژ 2722

هێرۆ عەزیزی

مانەوەی گەلی کورد و خاکی کوردستان بە پارێزراوی، بەرهەمی خوێن و خەباتی هەزاران شەهید و خۆڕاگری سەدان و هەزاران پێشمەرگەی گیانلەسەردەست بووە. لەو نێوانەدا نەخش و ڕۆڵی پێشمەرگە وەکوو سوارچاکی ئەو مەیدانە کە پێش لە هەموو کەس بۆ سەرکەوتنی گەل و ڕزگاریی نیشتمان، سینگی پڕ لە حەز و ئاواتی داوەتە بەر گوللـە، دیار و بەرچاوە. لەو ڕێگا سەخت و ناهەموارەدا پێشمەرگە بە بەخشینی سەر و ماڵ و لە کۆتاییدا بەنرخترین سەرمایەی ژیانی کە گیانی خۆیەتی، دەیسەلمێنێ کە مەرگ بە گیانی خۆی دەکڕێتەوە بۆ ئەوەی گەل و خاکەکەی بە زیندوێتی بمێنێتەوە و مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی پڕە لەو داستان و حەماسەتە قارەمانیانەی کە بە خوێنی شۆڕشگێڕانی گیانفیدا نووسراوەتەوە و کورد لەوە بارەوە مێژوویەکی لە خوێن پڕ بەڵام پڕ لە شانازی نووسیوەتەوە.

دەبێ چەندە گەورە بن دەبێ چەندە مەزن بن ئەو کەسانەی کە لە هەموو شتێکی ژیانیان دەگوزەرێن و خۆیان تەرخانی خۆشی و شادی ژیانی هەزاران و ملیۆنان کەسی دیکە دەکەن. سەراسەری خاکی کوردستان شوێنی پەروەردەبوونی ئەو ڕۆڵە قارەمان و شۆڕشگێڕانەیە. شوێن نەماوە لەو کوردستانە کە بە خوێنی شۆڕشگێڕانی ئەو وڵاتە سوور نەبووبێ و لەو نێوانەدا شاری "شنۆ" یەکێک لەو شارانەیە کە شوێنگەی پەروەردەبوونی هەزاران شۆڕشگێڕ بووە و هەیە و تا ئێستا سەدان شەهیدی قارەمان و حەماسەخولقێنی پەروەردەبووی ئەو ناوچەیە گیانی خۆیان کردووەتە قەڵخان بە دژی داگیرکەران.

قارەمانان و حەماسەخولقێنانی وەکوو شەهیدان محەممەد کوردنژاد ناسراو بە " محەممەدی عەلی پیرێژنێ"، "عوسمان ڕۆیان"، "ئەحمەد عەزیزی" ، "قادر ئیفتخاری" و سەدانی دیکە لەو کەسانە بوون لە سەردەمی خەباتی سەخت و خوێناوی بە دژی داگیرکەراندا، بە بوێری و ئازایەتییەکانی خۆیان ڕێژیمی داگیرکەریان وەزاڵە هێنابوو و بە چەشنێک بە دژی هێزەکانی دوژمنی داگیرکەر چالاکییان دەکرد کە ڕێژیم لە زۆربەی شارە فارسنشینەکانەوە هێزی کۆ دەکردەوە و ڕەوانەی بەرەی شەڕی پێشمەرگەی دەکرد و سەرەڕای ئەوەش تەنیا دەسکەوتی لەو شەڕ و لەشکرکێشییانەدا، شکست و سەرشۆڕی بوو. ڕێژیم کە لە مەیدانی شەڕ دەرەقەتی ئەو قارەمانانە نەهات، دواتر و لە ڕێگای تێرۆر و دەیان نەخشەی شوومی دیکە زەفەری بەو قارەمانانە برد.

خەڵکی شاری شنۆ بە گشتی نیشتمانپەروەر و حیزبدۆستن و بە درێژایی ساڵانی زۆر، بەند و زیندان و ئەشکەنجە و سێدارە بۆیان ئاسایی بۆتەوە و ئاستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەری خەڵکی ئەو شارە ئەوەندە بەرزە کە هەموو خەڵکەکە بە دڵ و بە گیان لەگەڵ یەکن و فەرهەنگی شۆڕش و شۆڕشگێڕی لە هەموو ماڵێکی ئەو شارەدا جێگیر بووە و ئەگەر کوڕ یا کچی ماڵێکی ئەو شارە لە ڕیزەکانی شۆڕشدا شتێکیان بەسەر دێت، تێکڕای خەڵک خەمبار دەبن و فرمێسک دەڕێژن.

شەوی ١٩ لەسەر ٢٠ـی گەلاوێژی ساڵی ١٣٩٧ـی هەتاوی، تیمێک لە پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرکی حیزبی و لە بەرەبەری جێژی ٢٥ـی گەلاوێژ(ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات) حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، ڕوویان لە زێدی باب و باپیرانیان واتە ڕۆژهەڵات کردبۆوە، بە داخەوە لە کاتی جەولە لە ناوچەیەکەوە بۆ ناوچەیەکی دیکە لە بەرزاییەکانی کێلەشین و لە شوێنێک بەناوی "بەرگردان" و لە کاتی درەنگانی شەودا لە سێ لاوە دەکەونە کەمینی هێزەکانی داگیرکەر و شەڕ تا بەرەبەیانی درێژەی دەبێ. لەو شەڕەدا بە داخەوە هەشت ڕۆڵەی بەوەجی ئەم خاکە بە گوللـەی داگیرکەران شەهید بوون و خۆیان فیدای ژیانی ئازاد و سەربەرزانە کرد و چوونە ڕیزی کاروانی سوورخەڵاتی شەهیدانەوە. هەروەها لەو شەڕەدا دوازدە کەس لە هێزەکانی ڕێژیم کوژران و هەشت کەسیشیان بریندار بوون.

تیمەکە پێک هاتبوو لە شەهیدان"عەبدولسەلام عەبدی(شاخەوان)، سلێمان محەممەدزادە، عەبدولواحید سۆهرابی(ئامانج)، ئیسماعیل ئێران مەنش، عوسمان ڕەحمانی، مێهران تەهاپوور، هەژار عەزیزی، ئەحەد شەباب و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە.

ئەوان هەر یەکەیان وەکوو مێرخاسێکی پەروەردەبووی مەکتەبی پێشەوا قازی، هەر کامەیان هەڵگری ڕۆحیەی بەرزی شۆڕشگێڕانە، بیر و باوەڕی مۆدێڕن و سەردەمیانە، دڵگەرم بە ئاسۆی ڕوون و خاوەن هەست و سۆز بۆ خاک و وڵات، هەر کامەیان بە گوڕ و تینێکی خەباتکارانە  و نیشتمانی بوون و پێکەوە لە چوارچێوەیەکدا بە ناوی حیزبی دێموکراتدا یەکیان گرتبووەوە و ڕەنگە هەر یەکەیان لە زۆر بارەوە لێک جیاواز بووبن بەڵام بیر و باوەڕی هاوبەش بە گەل و نیشتمان ئەوانی لە دەوری یەک کۆ کردبۆوە.

ئەوان بە چەک و ڕەخت و کۆڵەپشتییەک کە چەند دانە نانی زیاتر تێدا نەبوو، بەرەو نیشتمانی پیرۆز وەڕێ کەوتن تا پەیمان لەگەڵ گەلی خۆیان و نیشتمانی پیرۆزیان نوێ بکەنەوە.

ئەوان سەرەڕای ئەوەی تەمەنی هیچ کامێکیان نەگەیشتبووە سی ساڵ، بەڵام کەمی تەمەن نیشان لە کەمی غیرەت و شەهامەتیان نەبوو. ئەوان بە کەمترین ئیمکاناتەوە چوونە نێو جەرگی ئەژدیها و بێ ئەوەی سام بیانگرێ، ئازادانە لە نیشتمانی پیرۆزدا گەشتیان دەکرد.

چوونەوەی ئەوان و دیدار لەگەڵ خەڵک و خاکی خۆیان هەڵگری چەن پەیامێک بوو. یەکەم گەیاندنی پەیامی ۲۵ـی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، حیزبێک کە خاوەندارێتی لە خەبات و بەرخۆدان و مانەوەی چەندین نەوەی کۆمەڵی کوردەواری کردووە. دووەم ئامادەیی و بەشداریی نەوەی نوێی ڕۆژهەڵات لەو خەباتە و چوونەوە نێو خەڵک و دانی ورە و ئیرادە. سێهەم، زیندووڕاگرتن و سەرلەنوێ هەستانەوەی خەباتی شێلگیرانەی حیزبی دێموکرات و درێژەدان بە ڕێبازی پیرۆزی شەهیدان و سەرلەنوێ هێنانەوە ڕۆژەڤی چالاکییەکانی حیزبی دێموکرات لە قووڵایی خاکی کوردستان.

بەداخەوە کەوتنە کەمینی ئەو پۆلە پێشمەرگەیە و شەهیدبوونیان داخێکی ئەوەندە گەورەی نا بە دڵی خەڵکی کوردستان کە ساڕێژبوونەوەی مەحاڵە. کارەساتێک کە هەر چەن یەکەمجار نییە بەڵام سامناکی و دڵتەزێنییەکی ئەوەندە زۆری هەبوو کە سەختە لەبیر بچێتەوە. ماتەمێک کە هیچ شار و گوندێکی کوردستان نەما داینەگرێت. ئەو کارەساتە بە کوژانەوەی هەشت مۆمی بەتین و پڕشنگدار بە هەڵپڕووکانی هەشت سوورەگوڵ کۆتایی هات. ئەوان پەروەردەبووی نێو باوەشی کۆمەڵی کوردەواری و هەڵقوڵاو و نزیک لە خەڵک بوون و دەیان یادگارییان لەگەڵ خەڵکی ناوچەکە هەبوو و لە نێوان ئەوان و خەڵکدا هیچ مەودایەک نەبوو و خەڵک ئەوانی بە ڕەسەنترین ڕۆڵەکانی پەروەردەبووی باوەشی خۆی دەزانی.

ئەو پۆلە شەهیدە و هەموو شەهیدانی ڕاسان ویستیان ئەوە بوو کە ئەگەر بە هەر شێوەیەک بێ، تەنانەت لە گیانی خۆیان نرخ دابنێن بۆ ئەوەی پێناسەیەکی نوێ لە خەبات بدەنەوە دەستی خەڵکی ڕۆژهەڵات و خەڵک دڵگەرم بە خەبات و پشتیوانییان بۆ دروست بکەن و نەهێڵن گەل لە بێ کەسی و تەنیاییدا بمێنێتەوە و هەر بۆیە بە خوێنی خۆیان مێژوویەکی ڕەنگینی نوێیان لە هەستانەوە و هەڵگیرسانەوەی خەبات و شۆڕش نووسییەوە.

ڕەنگە دوژمنی داخ لە دڵ وایزانیبێ کە بە شەهیدکردنی ئەوان دەسکەوتێکی بە نسیب بووە بەڵام لە هەڵەدایە و ئەوان بوونە نرخ و هەر دڵۆپە خوێنێکیان چووە گیانی هەر تاکێکی کورد و ئەوان بوونە سەرمایەیەکی پیرۆز و بوونە پێشەنگی ڕێبازێکی پڕ سەروەری و داستانی ورە و ئیرادە و حەماسەتیان، وەکوو وانە دەگوترێتەوە و هەزاران جەنگاوەر و مێرخاس لە ئێستا و داهاتوودا دروست دەکات.     

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.