ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و پرسی یەکگرتنەوە بە بەڕێوەبەردنی چالاکیی تەبلیغی، خۆشەویستی و ئەمەگناسیی خۆیان بە حیزبی دێموکرات دووپات کردەوە.
تێکۆشەرانی هەردەم لە سەرنگەری دێموکرات لە شاری مەهاباد بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پووستێری تایبەت، چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و پیرۆزبایی خۆیان ئاراستەی هەموو کادر و پێشمەرگە، بنەماڵەی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و خەڵکی کوردستان کرد.
ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە : '' گەڕەکەکانی فەجر، وەفایی، تێرمیناڵی قەدیم، چوارڕای ئازادی، بەهارستان، مەجبووراوا، چوارڕای وەفایی''
لە بۆکانیش ڕۆڵە بەرجەرگەکانی دێموکرات بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەرزانی حیزبی دێموکرات و جێژنی یەکڕیزی، بە هەڵدانی ئاڵای کوردستان و بڵاوکردنەوەی تراکت لە ''سێڕێیانی پیروەلی باغی، سێڕێیانی گوڵخانە، ڕووبەرووی قەڵای بەرزی ساری بابا، ناوچەی چۆمی مەجیدخان و هەروەها لە سەیرانگای کێوە ڕەش'' کە بە هەزاران کەسی لێ بووە دڵی خەڵکیان شاد کرد و بە دوژمانی گەڵی کوردیان سەلماند کە تا وەدیهاتنی ئامانجەکانی ئەو گەڵە دەست لە تێکۆشان هەڵ ناگرن.
لە شاری بانە، تیکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی تراکت و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان پیرۆز ڕاگرت و هەڵوێستی خۆیان دژی ڕێژیمی ئێران دەربڕی.
ڕۆڵە قارەمانەکانی دێموکرات لە گوندی تەنگیسەر لە مزگەوتی ئەو گوندە و لە نوێژی هەینیدا، بەبۆنەی۲٥ گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات بە شیرینی پێشوازییان لە خەڵک کرد و وەفاداریی خۆیان بە ڕێبازی حێزبی دێموکرات جارێکی تر نیشان دا.
هەر بەو بۆنەوە لە مەریوان لە گوندی ''گوڵچێر'' ئەندامانی تێکۆشەر و دڵسۆزی حیزبی دێموکرات بە نووسینی دروشم یادی دامەرزانی حیزبی دێموکرات و جیژنی یەکڕیزیان پێرۆز ڕاگرت.