کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئاڵۆزییەکان لە عێراق بەردەوامن

12:27 - 11 گەلاوێژ 2722

ئاڵۆزییەکان لە عێراق بەردەوامن و ناوچەی سەوز و پارلمانی ئەو وڵاتە تا ئێستاش بە دەستی لایەنگرانی سەدرەوەیە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی  پووشپەڕ، پاش ڕاگەیەندراوی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی"، لایەنگرانی ئەو هاوپەیمانییە هاتنە سەر شەقام و بەرەو ناوچەی سەوز بەڕێ کەوتن کە دواتر لەسەر داوای ئەو هاوپەیمانییە کشانەوە.

هاوکات "ساڵح محەممەد ئەلعەراقی" وەزیری موقتەدا سەدر سەبارەت بە هێرشی لایەنگرانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بۆ سەر لایەنگرانی سەدر بەداخبوونی خۆی لەو بارەوە دەربڕی.

 لایەنگرانی سەدر ماوەی سێ ڕۆژە کە هەروا لە پارلماندا ماونەتەوە و دەڵێن تا گەندەڵکاران لە دەسەڵات نەکشێنەوە، واز ناهێنن و ڕۆژ بە ڕۆژ بە ژمارەیانەوە زیاد دەبێت.

"مستەفا کازمی" سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە وتوویەتی کە لە ئێستادا عێراق بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێ و لە داهاتوودا عێراق شایەتی ململانێی توندی لایەنەکان دەبێت.

لە ئێستادا کۆمەڵێکی زۆر لە وەزارەتخانەکان لە ترسی هێرشی ناڕازییان خەریکی ڕاگواستنی بەڵگە و دۆسییەکانن.

"موقتەدا سەدر" لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە هەتا هەموو مەرجەکانی ناوبراو لە پارلەمان پەسەند نەکرێن، ڕێگا نادات کە حکوومەت پێک بێت و هەروەها خوازیاری هەڵوەشانەوەی یاسای بنچینەیی عێراقە.

"بزووتنەوەی ئیمتیدادی عێراقی" لەو بارەیەوە داوای کردووە کە بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، پێویست دەکا عێراق لە سیستمی پارلەمانی بۆ سیستمی سەرۆکایەتی بگۆڕدرێ.

دوکتور "عادڵ باخەوان" توێژەری کورد لەو بارەوە وتوویەتی کە کورد بە مەرجێک دەتوانێت قەبووڵی ئەوە بکا کە سیستمی پارلەمانی بۆ سەرۆکایەتی بگۆڕدرێت کە شیعەکان قەبووڵی ئەوە بکەن کە سیستمی سیاسیی هەرێمی کوردستان بەرەو کۆنفێدراڵی بڕوات.

هەروەها بەرپرسانی هەرێمی کوردستان داوایان لە لایەنە شیعە ناکۆکەکان کردووە کە بە بێ هیچ ترسێک بەرەو هەولێر بێن.

لە ئێستادا لایەنگرانی "چوارچێوەی هاوئاهەنگی" بڵاوەیان بە بەڕێوەبردنی خۆپیشاندان کردووە، بەڵام ڕەوتی سەدر لە شاری بەغدا ئاراستە و شوێنی خۆپیشاندانەکانیان گۆڕیوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەگەر ڕەوشەکە لەوە ئاڵۆزتر بێ، ئەگەری تێکهەڵچوون لە ئارادایە.