کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی سیاسی لە عێراق هەروا درێژەی هەیە

13:16 - 22 گەلاوێژ 2722

سەرەڕای بەردەوامبوونی قەیرانی سیاسی لە عێراق، لایەنگرانی ''موقتەدا سەدر'' و لایەنگرانی ''چوارچێوەی هاوئاهەنگی'' کە لە لایەن ڕێژیمی ئێرانەوە پشتیوانییان لێ دەکرێت، ڕۆژی هەینی ٢١ی گەلاوێژ دوو خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.  

بەپێی ڕاپۆرتەکان، نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، چەند هەزار کەس لە لایەنگرانی موقتەدا سەدر کە نزیکەی دوو حەوتوویە لە مانگرتن لە پارلمان و دورووبەری بەردەوامن، بۆ جارێکی دیکە لە ناوچەی سەوزی بەغدا خۆپیشاندانیان بەڕێوە برد.

لەلایەکی دیکەوە ئێوارەی هەمان ڕۆژ لایەنگرانی ''چوارچێوەی هاوئاهەنگی'' بە دژی لایەنگرانی سەدر ڕژانە سەر شەقام.

چوارچێوەی هاوئاهەنگی بانگەوازی کردووە  کە لایەنگرەکانی لە هەموو شارەکانەوە پەیوەست بە خۆپیشاندەران لە بەغدا ببن و لە ناوچەی سەوز مانگرتن بکەن.

موقتەدا سەدر ڕۆژی هەینی بە دەرکردنی پەیامێکی توییتێری داوای لە خۆپیشاندەرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کرد کە خۆپیشاندانەکانیان ئاشتیخوازانە بێت و وتیشی کە دەبێ خۆپیشاندانی ئەو لایەنە لە ڕاستای چاکسازیدا بێت نەک ڕاگرتنی دەسەڵاتی ئەو دەوڵەتانەی کە بەرژەوەندییەکەیان بۆ عێراق نییە.

ناوبراو هەروەها داوای لە دەزگای دادوەریی عێراق کردووە کە پارلمانی ئەو وڵاتە هەڵبوەشێنێتەوە و مۆڵەتەکەی بۆ حەتووی داهاتوو دیاری کرد.

بەڕێوەچوونی ئەو دوو خۆپیشاندانە لە حاڵێکدایە کە سەدر و دژبەرەکانی ڕووبەرووبوونەوەی خۆیان لەسەر هەڵبژاردنی خێرای پارلمانی لە وڵاتێک کە لە قەیرانی سیاسیدایە درێژە پێ دەدەن.

قەیرانی سیاسیی ئێستای عێراق لەو کاتەوە دەستی پێ کرد کە ڕەوتی سەدر لە بەربژێریی ''محەممەد ئەلشیاع ئەلسودانی'' کە لە کۆتایی مانگی ژوئیە لەلایەن چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران نازەد کرا، پشتیوانیی نەکرد.