کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەرزێڕانی ناوچەی "سەراو" لە بۆکان ناڕەزایەتییان دەربڕی

17:46 - 22 گەلاوێژ 2722

وەرزێڕانی ناوچەی "سەراو"ی بۆکان سەبارەت بە بەفێڕۆچوونی دەسڕەنج و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانیان ناڕازین.

وەرزێڕانی ئەو ناوچەیە لە وێستگەی ئاودێریی پڕتەوژم بۆ ئاودێریی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان کەڵک وەردەگرن بەڵام کێشانی ئاوی ئەو گوندە لە سەرەتاوە وەرزێڕانی لەگەڵ کێشەی زۆر بەرەوڕوو کردووەتەوە.

چەند ڕۆژێکە کە بە فەرمانی ئیدارەی ئاودێریی پارێزگای ورمێ، وێستگەی ئاودێرییان لە کار وەستاندووە و بەهۆی گەرمای زۆر و نەبوونی بەرق و ئاو زۆربەی بەرهەمەکانیان بەفێڕۆ چوونە و سووتاون.

وێڕای بەفیڕۆچوونی بەرهەمەکان، وەرزێڕان لەگەڵ تێچووی زۆری وێستگەکانیش بەرەوڕوون و بۆ ئاودێریی هەر هێکتار زەوی دوو میلیۆن تمەن دەبێ بدەن.

وەرزێڕان باس لەوە دەکەن کە بە پارەی ئاوی وێستگە و کوود و چەندین پێداویستیی دیکە، هەر هێکتار بۆ ئەوان نزیک دە ملیۆن تمەن هەڵدەگرێت.

سەرەڕای ئەوەی کە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاودێریی "سەراو" لەگەڵ بەرپرسانی پەیوەندیدار دانیشتنیان هەبووە و کێشەکانیان باس کردووە بەڵام تا ئێستا وەڵامێکیان پێ نەدراوەتەوە.

وەرزێڕان دەڵێن کە ئەو دانیشتنانەی کە بەڕێوە دەچن بۆ چارەسەری کێشەی تۆڕەکانی ئاودێری نییە بەڵکوو لە ڕاستای کۆکردنەوەی پارە و پووڵ بۆ ئیدارەی ئاودێریی شاری بۆکانە.

ئەوان هەروەها دەڵێن دانانی وێستگەی ئاو بۆ بردنەسەرەوەی بەرهەمەکان بوو، بەڵام ئەو ناوچەیە لە باری کشتوکاڵییەوە هیچ گەشەیەکی بەخۆیەوە نەدیتووە و کەمی ئاو، نەبوونی مەدیرییەتی ئاوەکان و لەکارخستنی وێستگەی ئاو، زەوی و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی لەگەڵ کێشە بەرەوڕوو کردووەتەوە.

گوندی "سەراو" کە ١٨٠ بنەماڵەی تێدا دەژی، زۆربەیان ژیانیان لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانیان بەڕێوە دەچێت و لە ئێستادا بەفیڕۆچوونی بەرهەمەکانیان کێشەی ماڵیی بۆ خەڵکی ئەو گوندە دروست کردووە.