کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناڕەزایەتیی کرێکارانی شیرکەتە جۆراوجۆرەکان لە ئێراندا بەردەوامە

12:27 - 23 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی شەممە ڕێکەوتی ٢٢ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی کۆمەڵێک لە کرێکارانی شیرکەتی پاڵاوگەی نەوتی ئابادان سەبارەت بە دابیننەکردنی مووچەی مانگانە و چۆنیەتیی دابینکردن و گۆڕینی یاساوڕێسای ماڵیاتی لە بەر دەرگای ئەو شیرکەتە کۆ بوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا.

هەر لەو ڕۆژەدا کۆمەڵێک لە کرێکارانی شێرکەتی ئاو و ژمارەیەک لە کرێکارانی ئیدارەی ئاوی شاری "بەندەر عەباس" سەر بە پارێزگای "هورموزگان"یش بەهۆی دواکەوتنی مووچەی مانگانەیان لە بەردەم پارێزگاریی ئەو پارێزگایە کۆبوونەوە و ناڕەزایەتییان نیشان دا.

ئەوان ناڕەزایەتییان نیشان داوە و دەڵین کە لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵەوە مووچەیان وەرنەگرتووە.

لەلایەکی دیکەوە شۆرای ڕێکخستنی ناڕەزایەتیی کرێکارانی پەیمانیی نەوت ڕایگەیاندووە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٥٠٠ کرێکار لە پرۆژەگەلی جیاوازی نەوت و گاز لە باشووری ئێران بەهۆی گەرمابردوویی و کاری تاقەتپڕووکێن لە هەوای گەرمدا نەخۆش کەوتوون و بۆ نەخۆشخانە گوازراونەتەوە.

یەکیەتیی ئازادی کرێکارانی ئێرانیش ڕایگەیاندووە کە لە یەک حەوتوودا دوو کرێکاری شیرکەتی  "سکافـ"ـی پاڵاوگەی ئابادان گیانیان لەدەست داوە.

هەروەها ڕۆژی ٢٦ـی پووشپەڕ کرێکارێکی دیکە لە پاڵاوگەی "جەفیر"ی شیرکەتی "دەریاساحلـ"ـی ئەحواز بەهۆی گەرمای زۆرەوە گیانی لەدەست داوە.