کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هێرش بۆ سەر "ڕۆشدی" هۆشدارێک بۆ کۆتاییهێنان بە بەرجامە

12:31 - 23 گەلاوێژ 2722

لە درێژەی دژکردەوە جیهانییەکان سەبارەت بە هێرش بۆ سەر "سەلمان ڕۆشدی"، نووسەری کتێبی "ئایەتە شەیتانییەکان"، "جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا ئەو نووسەرەی بە هێمای ڕاستی و بەردەوامی و خۆڕاگری زانی و ئەو هێرشەی مەحکووم کرد.

هاوکات "ماڕک دوبوویتس"، سەرۆکی دامەزراوەی داکۆکی لە دێموکراسی دژکردەوەی بە قسەکانی "بایدن" نیشان داوە و وتوویەتی: "ناوبراو لەو مەحکوومکردنەدا باسی لە فتوای خومەینی بۆ کوشتی ئەو نووسەرە و ڕۆڵی حکوومەتی ئێران بۆ هاندانی لایەنگرانی بۆ کوشتی ڕۆشدی نەکردووە".

لەو پەیوەندییەدا "ڕیشی سوناک" وەزیری پێشووی ماڵی و پاڵێوراوی سەرۆکوەزیری بریتانیا، هێرش بۆ سەر "ڕوشدی"ی بە هۆشدارییەک بۆ وڵاتانی ڕۆژاوایی سەبارەت بە کۆتاییهێنان بە دانوستانەکان لەگەڵ ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران ناو بردووە و وتووشیەتی کە هۆکارێکی باشتر بۆ بە تێرۆریست ناساندنی سپای پاسداران هاتووەتە ئاراوە.

"تام توگندات"، نوێنەری پارلمانی بریتانیا هەروەها باسی ئەوەی کردووە کە ڕێژیمی ئێران هاوڕەگەزخوازان، ژنان و دژبەرەکانی دەکوژێ و خەڵکی ئێران یەکەمین قوربانیانی دەستی ئاخوندەکانن؛ هەروەها باسی لەوە کردووە کە ڕێژیم سەدان کەسی لە سووریە کوشتووە و سپای پاسداران جەلادی ئەو کوشتنانەیە.

لەلایەکی دیکەوە "یائیر لاپید" سەرۆکوەزیری ئیسرائیل، هێرش بۆ سەر "سەلمان ڕۆشدی"ی بە هێرش بۆسەر ئازادی و ئاکامی دەیان ساڵ ئاژاوەگێڕیی ڕێژیمی زێدەڕۆی ئێران زانیوە.

"جۆزپ بورل" بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکییەتی ئورووپا، لە پەیامێکدا بە توندی ئەو هێرشەی مەحکووم کردووە.

ڕۆژنامەی "کەیهان" کە لەژێر چاوەدێریی "عەلی خامنەیی" ڕێبەری ڕێژیمی ئێران بەڕێوە دەچێت نووسیویەتی: "هێرش بۆ سەر ڕۆشدی دەرخەری ئەوەیە کە تۆڵەکردنەوە لە خاکی ئامریکادا کارێکی ئەستەم نییە و لە دوای ئەوە ترامپ و پۆمپێئۆ هەست بە مەترسییەکی زیاتر دەکەن".

"عەلی خامنەیی" ساڵی ١٣٨٣ وتوویەتی کە ئەو فتوایەی خومەینی نەگۆڕە.