کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چالاکیی تەبلیغیی بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوە

13:09 - 23 گەلاوێژ 2722

بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان، ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بەڕێوەبردنی چالاکیی تەبلیغیی بە دوژمنانی گەلیان سەلماند کە حیزبی دێموکرات بە گوڕتر لە جاران بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی تێدەکۆشێت.

بەبۆنەوە لە شاری ورمێ تێکۆشەرانی دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەی حیزبی ٢٥ی گەلاوێژیان پیرۆز ڕاگرت و یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتیان بە ڕەمزی سەرکەوتن ناو برد.

ئەو شوێنانەی کە لە ورمێ چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: تەرزلو، شارەک دانشگاه، جاده میراباد قشلاق، کۆڵانەکانی شارەکی سپا‌، پردی قویون و جادەی بەند.

ئەندامانی بوێری حیزبی دێموکرات، لە شاری سنە لە شەقامی ١٧ی شەهریوەر، میدانی مامۆستا بێسارانی (٢٥) و دەرووبەری، جاددەکانی کەڵاتێ و گوندی ئەوێهەنگ و زۆربەی باخەکانی گوندی هوویە بە بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە بردووە و خۆشەویستی و وەفاداریی خۆیان بە حیزبی دێموکرات دەربڕیوە و ڕایانگەیاندووە کە یەکگرتنی ئێمە شکستیکی گەورە بۆ ڕێژیمی ئێرانە.

هەروەها ژنانی تەنگیسەر کە دانیشتووی مەریوانن، بە پۆشینی جامانە و دانانی ئارمی حیزب و وێنەی ڕێبەرانی شەهید '' قازی، قاسملوو، شەرەفکەندی'' هەروەها بە دانانی شیرینی،  ٢٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەیان پیرۆز ڕاگرت.

لە بانەی ئارباباوە ئەویندارانی ڕێگای سەربەستی و ئازادی بە هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان لە سەر دەرگای شارەداریی ئەو شارە یادی ٢٥ی گەلاوێژیان بەرز ڕاگرت و وەبیر داگیرکەرانیان هێناوە گەلی کورد هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی دەست لە خەبات هەڵ ناگرێت.

ڕۆڵە چاونەترسەکانی دێموکرات لە شاری شنۆ لە گەڕەکەکانی ''ڕەحیم ئاباد، سەلیم ئاباد، ڕەحیم زادە و سیداوا تراکتی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژیان بڵاوکردەوە و یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان پیرۆز ڕاگرت.

تیکۆشەرانی دێموکرات لە پیرانشار، لە سەیرانگای هەوشینان و بناری سەیداوا، بەئەنجامدانی چالاکیی تەبلیغی ٧٧مین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و یەکگرتنەوەیان پیرۆز نرخاند.

لە مەهاباد ڕۆڵەکانی پێشەوا بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ و جیژنی یەکریزی دێموکراتەکان، لە نێو شار، پردی ئیندرقاش و جادەی مەهاباد- بۆکان، بەبڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی چرای خەباتیان گەشاوەتر کرد.