کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئامریکا ، "ئیمەن ئەلزەواهێری" ڕێبەری ئەلقاعیدەی لە ئەفغانستان کوشت

12:23 - 11 گەلاوێژ 2722

"جۆ بایدن" سەرکۆماری ئامریکا وتوویەتی: "لە رێگەی هێرشی ئاسمانی و بە دڕۆن، ئیمەن ئەلزەواهێری ڕێبەری گرووپی ئەلقاعیدەمان کوشت کە لە شوێنێکی شاری کابۆل لە ئەفغانستان خۆی شاردبووەوە".

"بایدن" ڕۆژی سێشەممە ١١ی گەلاوێژ ڕایگەیاند کە بەهۆی دەست تێدابوونی "ئەلزەواهێری" لە هێرشە تێرۆریستییەکان و لەوانە هێرشی ١١ی سێپتامبر، ڕەزامەندییم لەگەڵ کوشتنی ناوبراو دەربڕی. ئەو لە دوای "ئۆسامە بێن لادەن" ڕێبەری پێشووی "ئەلقاعیدە" گرینگترین کارایی و ڕۆڵی لە کاری تێرۆریستدا هەبووە و هەر بۆیە کوشتمان.

سەرکۆماری ئامریکا هەروەها باسی ئەوەشی کردووە کە "واشنتۆن" درێژە بە گەڕان لە دوای تێرۆریستەکان دەدات هەتاکوو دەیانکوژێ و لەنێویان دەبات و ئیزن نادات وڵاتی "ئەفغانستان" ببێتە شوێنێکی ئەمن  بۆ حەوانەوەی تێرۆریستەکان.

"ئانتۆنی بلینکێن" وەزیری دەرەوەی ئامریکا هەروەها وتوویەتی: "تاڵەبان بە پەنادانی ئەلزەواهێری لە کابۆل، ئەو ڕێککەوتننامەی پێشێل کردووە کە لەگەڵ "واشنتۆن" واژۆی کردووە.

هەروەها "زەبیحوڵڵا موجاهید" وتەبێژی تاڵەبان پێش ڕاگەیاندنی ئەو هەواڵە لەلایەن "بایدن"، سەرەڕای مەحکوومکردنی ئەو هێرشە، ئەمەی بە پێشێلکردنی یاساوڕێسا نێونەتەوەییەکان زانیوە.

سەبارەت بەو بابەتە، سێناتۆر و نوێنەرانی کۆنگرەی ئامریکا بە هەر دوو حیزبی دێمکراتخواز و کۆماریخواز ئەو هەوڵەی "بایدن"یان بەرز نرخاندووە.