کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پێدانی یارانە لە ڕێگای کۆپین ساختەکاریی تێدایە

13:18 - 23 گەلاوێژ 2722

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی "کوردستان میدیا" ڕێژیم بەرنامەیەکی بە ناوی "یار" دیاری کردووە هەتا خەڵک لەو ڕێگایەوە بتوانن یارانەکەیان خەرج بکەن کە ئەویش ساختەکاریی تێدایە.

شێوەی خەرجکردنی پارەی یارانە لە ڕێگای بەرنامەی "یار" بەم شێوەیە کە بۆ نموونە کەسێک کە ١ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار تمەن یارانەی بۆ تێ کراوە و بەنیازە بۆ کڕینی کاڵا و شتومەک خەرجی بکات دەبێ لانیکەم ١٠ ملیۆن تمەن پارەی خۆشی دابنێ.

هاووڵاتییان باس لەوە دەکەن بۆ نموونە ئەگەر ١٠ کیلۆ قەند بە ٤٠ هەزار تمەن بکڕی تەنیا ٢٠ هەزاری وەک یارانە حیساب دەکرێت و ٢٠ هەزار تمەنەکەی دیکە دەبێ لە گیرفانی خۆت حیسابی بکەی.

بەپێی زانیارییەکان بەرپرسانی پەیوەندیدار پێڕستێکیان بۆ فرۆشیاران دیاری کردووە کە هاووڵاتییان جگە لەو کاڵا دیاریکراونە ناتوانن شتی تر بکڕن و تەنیا یەکجار لە مانگدا دەتوانن لە ڕێگای ئەم بەرنامەوە کاڵا بکڕن.

ڕێژیمی ئێران لەگەڵ کەسریی بودجە بەرەوڕوویە و ناتوانێ بە شێوەی نەختی یارانە بە هاووڵاتییان بدات بەم هۆیەوە لە ڕێگای کۆپینی ئێلێکترۆنی بەنیازە ئەو کێشەیەی چارەسەر بکات.