بەشێک لە مامۆستایان و خوێندکارانی شارەکانی سەردەشت، پیرانشار، شنۆ، نەغەدە و مەهاباد بەبۆنەی ٧٧ــەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حێزبی دێموکراتی کوردستان ئێران پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
خەڵکی شۆڕشگێڕ و تێکۆشەری کوردستان
پێشمەرگە قارەمانەکان
٧٧ ساڵ لەمەوبەر، لەنێو تەنوورەی شەڕی ماڵوێرانکەری جیهانیدا و لەسەر بناخەی کۆمەڵەی "ژێکاف"، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دامەزرا، دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە هەلومەرجی ئەو کاتدا وەرچەرخانێکی تەشکیلاتی و سیاسیی گەورە بوو بۆ نەتەوەی کورد و توانی بە بیرێکی تەیاری سیاسییەوە بێتە نێو هاوکێشە سیاسییەکانەوە و چی تر لە پێکهاتەیەکی کلاسیکیدا قەتیس نەمێنێ و بۆ یەکەمجار کورد وەک حیزبێکی سیاسی پێبنێتە نێو گۆڕەپانی بەکردەوە و بە دوور لە دەمارگرژیی نەتەوەیی، ڕاوەستە لەسەر بابەتەکانی پێوەندیدار بە کوردستانەوە بکات.
حیزبی دێموکرات بە هەستکردن بە لێپرسراوێتی و حیکمەتێکی بەربڵاوی سیاسی تا ئێستا توانیویە وەکوو حیزبێکی بە پرنسیپ دەرکەوێ و کۆڕ و کۆمەڵە جیهانییەکان بە حورمەتەوە لێی بڕوانن.
لە ٧٧ــەمین ساڵڤەگەڕی دامەزرادنی حیزبەکەماندا، پڕ بە دڵ سڵاو دەنێرین بۆ ڕۆحی شەهیدانی سوورخەڵاتی گەلەکەمان و لە بەرابەر گەورەیی شەهیدانی کوردستان سەری کڕنۆش دادەنوێنین.
بێگومان نەتەوەکەمان لەسەر دەستی حیزبی دێموکرات بە ئامانجەکانی دەگات و داگیرکەران وادار بە پاشەکشە لەسەر ئەم وڵاتە شیرینە دەکرێن.
لە ٧٧ـەمین ساڵوگەڕی دامەزراندنی حیزبە خۆشەویستەکەمان، ئێمەش پەیمان و بەڵێن لەگەڵ شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان نوێ دەکەینەوە کە تێکۆشەری ڕاستەقینەی خەبات بین و حیزبی بیر بکەینەوە، حیزبی بببینین، حیزبی تێبکۆشین و حیزبی ڕەفتار بکەین.
بێگومان خەبات لە دژی سیستمێکی دڕندە کە قایل بە هیچ ڕێوشوێنێکی ئەخلاقی و سیاسی نییە، ئەرکدارمان دەکات تا لێبڕاوانەتر قۆڵی هیممەت لە پێناو وەدەسخستنی ئامانجەکانمان هەڵماڵین و تا وەدیهێنانی گشت مافەکانمان لە خەبات نەوەستین. هەر بۆیە ئێستا بۆ هەرچی زیاتر لێکگرێدانی خەباتی شاخ و شار دەبێ هەنگاو هەڵێنینەوە. هەنووکە ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەگشتی و ئێران و کوردستان بەتایبەتی لە هەر کات زیاتر بەرەو ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی دەڕۆن، جیهانی پێشکەوتوو چیتر ئەو سیستمە دڕندانەیەی پێ قەبووڵ ناکرێ کە بە کەیفی خۆیان ئەسپی هەوسارنەکراوی ویست و خواستەکانیان لینگ بدەن و چارەڕەشی بۆ ناوچە بەدیاری بێنن، ئێستا سەردەمی یەکڕیزی و یەکگرتنی تەواوی ئازادیخوازنی نەتەوەییە.
ئێمە وەکوو بەشێک لە مامۆستا و خوێندکارانی شارەکانی کوردستان، وێڕای پیرۆزبایی جەژنی دامەزراندنی ٧٧ ساڵەی حیزبەکەمان، ئاواتەخوازین هەرچی زووتر ئەم ڕێژیمە تۆتالیتێرە چاڵ بکرێ و هەموو گەلانی ئێران بە دامەزراندنی سیستمێکی لامەرکەزی و فیدڕاڵ بە ئاوات و ئامانجەکانیان بگەن.
سەرکەوێ خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلەکەمان بە ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،
سڵاو لە تەواوی شەهیدانی سوورخەڵاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە تایبەت شەهیدانی نیشتمان قازی، قاسملوو و شەڕەفکەندی،
مردن و نەمان بۆ کۆماری دژەئازادیی ئاخوندی