کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

لەدایکبوونێکی پیرۆز!

23:25 - 24 گەلاوێژ 2722

ئاسۆ مینبەری

٧٧ ساڵ بەسەر دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێراندا تێدەپەڕێت، حیزبێکی پێشەنگ کە لەو سەردەمەدا توانیی وەکوو حیزبێکی مۆدێڕن پێ بنێتە نێو دنیای ئاڵۆزی سەردەمەوە و ببێتە هەوێن و بنچینەیەک بۆ دامەزرانی یەکەم کیانی کوردی لە شکڵی کۆماریدا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ٧٧ ساڵی ڕابردوودا، بە بەردەوامی پێشەنگایەتیی خەباتی نەتەوەیی ـ دێموکراتیکی لە ئەستۆ بووە و توانیویەتی ببێتە ڕێکخراوێکی سیاسیی جێگای متمانەی خەڵکی کوردستان و خاڵێکی وەرچەرخان لە ژیانی سیاسیی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا بێت.

ئەوەی کە وەکوو کەتوارێکی گرینگ و جێی بایەخ دەبێ چاوی لێ بکرێت و باسی لێوە بکرێت، ئەو ڕەساڵەتە مێژووییەیە کە لە سەرەتای دامەزرانی ئەم حیزبەوە تاکوو ئەمڕۆ، لە سەر شانی بووە، ئەویش پێداگری لە سەر مافە زەوتکراوەکانی نەتەوەیەکە کە بە درێژایی مێژوو کەوتووەتە بەر ڕقی داگیرکەران و وڵاتەکەیان وەک وڵاتێکی کۆلۆنیکراو چاوی لێ کراوە.

لەڕاستیدا حیزبی دێموکرات بە جیهانبینی و وردبینییەوە لە پرسەکان ڕوانیویەتی و توانیویە بەپێی هەلومەرجە جیاوازەکان شێوازی جۆراوجۆری خەبات لە بەر بگرێت، بۆیە لە هیچ قۆناغێکی مێژوویی حیزبی دێموکراتدا نابیندرێ کە ئەم حیزبە تووشی وەستان بووبێت و هیچکات بەنیسبەت ڕووداوەکان و پرسە گرینگەکانی تایبەت بە کورد جا لە هەر بەشێکی کوردستاندا بێت، بێدەنگیی هەڵنەبژاردووە!

ئەگەر چاوێک لە ڕابردووی حیزبی دێموکرات بکەین دەبینین کە ئەم حیزبەش، زۆر جار تووشی هەوراز و نشێو بووە، بەڵام توانیویە بەردەوام لە سەر پێ بێت و  بە بێ دەمارگرژی بۆمان دەردەکەوێ و دەتوانین بڵێین کە هیچ هەوراز و نشێوێک نەیتوانیوە ئەم حیزبە لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی کە هەمان ئامانجی نەتەوەیین ڕاوەستێنێ، ڕەنگە ئەمە هەوێنی پرسیارێکی گرینگ بێ کە ئاخۆ چۆن دەبێ پاش زیاتر لە ٧ دەیە تێکۆشان و سەرەڕای هەموو کەندوکۆسپەکان و هەموو ئەو ئاریشانەی کە هەن، ئەم حیزبە ئێستاش بەردەوام لە خەباتە و بە پێچەوانەی هەندێ لە باوەڕەکان کە دەبوایە خەباتەکەی بەرەو لاوازی بچێت، هێشتا لە تێکۆشانی نەتەوەیی بەردەوامە و بەهێزتر لە ڕابردووش لەم گۆڕەپانەدا هەنگاو دەنێ؟

وڵامی ئەم پرسیارە، وڵامێکی سادە و لە هەمان حاڵدا گرنگ و جێی بایەخە، لەڕاستیدا حیزبی دێموکرات، ڕێکخراوێکی سیاسیی مۆدێڕنە کە لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و پێشکەوتنی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی، نوێبوونەوە بە خۆیەوە دەبینێ، هەر بۆیە لە هەر قۆناغێکی مێژووییدا بەرنامە و تاکتیکی گونجاو و سەردەمیانەی بۆ درێژەدان بە خەباتەکەی پێ بووە. لەلایەکی دیکەشەوە ئەم حیزبە هیچکات وەکوو قەوارەیەکی سیاسیی بەستراو بە تاک یان گرووپێکی تایبەت پێناسەی بۆ نەکراوە، تاکوو بە نەمانی هەرکامەیان تووشی داڕمان بێت. لە دامەزرانی ئەم حیزبەوە، هەتا کۆماری کوردستان و شەهیدبوونی پێشەوا قازی و دواتریش شەهیدبوونی دوو ڕێبەری بلیمەتی کورد، شەهیدان دوکتور قاسملوو و دوکتور شەرەفکەندی کە هەر کامەیان بە شێوازێک لە بەرەپێشچوون و ناسیاوبوون و گەشەی هزری و سیاسیی حیزبی دێموکراتدا ڕۆڵ و کاریگەریی بەرچاو و حاشاهەڵنەگریان هەبوو، ئەم حیزبە، هەر ماوە، بەو مانەیە کە بنەڕەت و بنچینەکەی لە سەر ئەساسی هزری نەتەوەیی و ڕزگاری لە ژێردەستەیی دامەزراوە و ئەوەی کە تێیدا وەکوو فاکتەرێکی گرینگ، خاوەن بایەخ بووە، قایل نەبوون بە تاک بووە!

لەڕاستیدا ئەگەر بنچینەی حیزبی دێموکرات وا نەبایە، بێگومان نەیدەتوانی ئەم هەموو وێستگە مێژووییە تێپەڕ بکات و ببێتە حیزبێکی جێگای متمانە، کە ئەمە خۆی لەو ڕاستییە سەرچاوە دەگرێت کە حیزبی دێموکرات، حیزبێکە هەڵقوڵاو لە خەڵکی کوردستان، بۆیە تاک بە تاکی ئەو خەڵکە خۆیان بە بەرپرسیار دەزانن و بە هەنگاونان لەم ڕێبازەدا ئەوە ئەوانن کە درێژە بەو هزرە نەتەوەییە دەدەن، هەر بۆیە ئەوەی کە مانایە و هەر دەمێنێتەوە، هزرەکەیە بە بێ بەستراوەبوون بە هیچ کەسێک!

ئێستا کە ئەم حیزبە ٧٧‌ـەمین وێستگەی خۆی تێپەڕ دەکات، نابێ لە بیرمان بچێت کە بە چ قۆناغگەلێکی دژواردا تێپەڕیوە تاکوو ئەمڕۆ بخولقێنێ، بۆیە پێویستە ساڵ لە دوای ساڵ بە خەسارناسییەکی زانستی و بەدوور لە هەر چەشنە دەمارگرژییەک لە ڕابردوو، بیر لە داهاتووی ئەم حیزبە و گرینگتر لەوەش داهاتووی نیشتمانەکەمان بکەینەوە، چونکە بێگومان لای هەر تاکێكی تێکۆشەری کورد ئەمە دەبێ وەکوو بنەمایەک چاوی لێ بکرێت کە حیزب تەنیا ئامرازێک بۆ گەیشتن بە ئامانجە گەورەکە واتە ڕزگاربوون لە ژێردەستەییە، هەر بۆیە پێویستە کە هەر تاکێکی دێموکرات و خاوەن بیر و ئەوەی کە خۆی بە درێژەدەری ڕێبازی شەهیدان لەم حیزبە تێکۆشەرەدا پێناسە دەکات، بە وردبینییەوە، بە بێ سەرنجدان بە جیاوازی لە ئەندێشە و تێڕاماندا، بیر لە ئامانجە گەورەکە واتە ڕزگاری نەتەوەیی بکاتەوە و هەنگاوی کردەیی بۆ هەڵبگرێت.

حیزبی دێموکرات لە ٧٧ـەمین وێستگەی ژیانیدا و بە لەدایکبوونەوەی سەرلەنوێی خۆی، پێ دەنێتە نێو قۆناغێکی نوێی خەباتەکەیەوە کە بێگومان ئەم قۆناغە نوێیە پێویستی بە تێکۆشان و گیانفیدایی و لەخۆبوردوویی هەموو ئەو کەسانە هەیە کە دڵیان بۆ نیشتمان و داهاتووی نیشتمانەکەیان لێ دەدات؛ بۆیە لەدایکبوونی ٧٧ ساڵەی حیزبی دێموکرات دەبێ وەکوو لەدایکبوونەوەی پیرۆزی تێکۆشان بۆ دەستەبەرکردنی مافە زەوتکراوەکانمان چاوی لێ بکرێت و پێکەوە، هاوهەنگاو بۆ سەرکەوتن و گەیشتن بە ئامانج تێبکۆشین.