کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"وایس" : بکوژی سەلمان ڕوشدی لەگەڵ سپای "قودسـ"ـی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە پەیوەندیدا بووە

12:06 - 24 گەلاوێژ 2722

ڕاگەیاندنی ئامریکایی "وایس" باس لەوە دەکات کە تێرۆریست "هادی مەتەر" لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ سپای قودس لە پەیوەندیدا بووە.

هەرچەند تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک لە پەیوەندی بە چۆنیەتیی پەیوەندی ناوبراو بە سپای قودسەوە ئاشکرا نەکراوە بەڵام ئەوان دەڵێن کە لە ساڵی ٢٠١٨ـەوە پەیوەندی لە گۆڕێدا بووە.

لە ڕاپۆرتی "وایسـ"دا هاتووە کە لێکۆڵینەوە سەبارەت بە ئاشکراکردنی زیاتری پەیوەندیی بکوژ و سپای قودس بەردەوامە.

لێکۆڵینەوەکان لەوبارەوە نیشانی داوە کە لە مۆبایلی ناوبراودا چەندین وێنەی قاسم سولەیمانی، عەلی خامنەیی و فەرماندەکانی سپای تێرۆریستیی پاسداران دۆزراوەتەوە.

هەر چەند بە تەواوی ڕوون نەبووەتەوە کە ناوبراو لە "حیزبوڵڵا"ی لوبنان نزیک بووبێت یا ئامووزشی نیزامی دیتبێت بەڵام لە چەند ساڵی ڕابردوودا پەیوەندی بە شێوەی نزیک و دوور لە نێوان "هادی مەتەر" و ڕیژیمی ئێران و حیزبوڵڵا هەبووە.

شڕۆڤەکارانی سیاسی باس لەوە دەکەن کە "هادی مەتەر" یەکێک لەو کەسانە بووە کە بە درێژایی ساڵانی زۆر ئامادە کراوە تا لە ڕاستای فتوای خومەینی بۆ کوشتنی "سەلمان ڕوشدی" کەڵکی لێ وەربگیردرێت.