ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ـی گەلاوێژی ١٤٠١ـی هەتاوی کۆمەڵێکی بەرچاو لە خانەنشینکراوانی دابینکردنی کۆمەڵایەتی لە شارەکانی ڕەشت، ئەحواز و شووشتەر و چەندین شاری دیکە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.
خانەنشینکراوان بە دانی دروشم دژی "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیم لە بەردەم ئیدارەی دابینکردنی کۆمەڵایەتی ئەو شارانە ناڕەزایەتیی خۆیان سەبارەت بە بەڕێوەبەری خراپی دەوڵەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و دۆخی خراپی ژیان نیشان دا.
لە چەند مانگی ڕابردوودا لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی لەلایەن مامۆستایان، کرێکاران، خانەنشینکراوان و چینە جیاوازەکانی دیکە بەڕێوە چووە.
ئەو ناڕەزایەتییانە کە زۆربەیان سەبارەت بە دۆخی خراپی ژیان و پێڕانەگەیشتنی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە کێشەی چینە جیاوازەکانی خەڵک بەڕێوە چوون، تا ئێستا لەگەڵ سەرکوتی توندی حکوومەت بەرەوڕوو بوونەتەوە.