کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوایین دانیشتنی دادگای کەیسی تێرۆری شەهید "قادر قادری" لە هەولێر بەڕێوە چوو

17:53 - 24 گەلاوێژ 2722

ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی گەلاوێژی ١٤٠١ی هەتاوی دادگای تاوانەکانی شاری هەولێر، لەسەر تێرۆری شەهید "قادر قادری" فەرماندەیەکی شەهیدی حیزبی دێموکرات، دوایین بڕیاری خۆی ڕاگەیاند.

"ئەیاد کاکەیی" پارێزەری کەیسی تێرۆری "قادر قادری" دوای تەواوبوونی دانیشتنی دادگا و لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند کە سێ کەس لە تاوانبارانی تێرۆری "قادر قادری" بەپێی دادگای تاوانەکانی هەولێر سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپاوە و دوو تاوانباری دیکەی کەیسەکە بە پێنج ساڵ زیندان،  بەڵام دادگا بڕیاری داوە کە بۆ دوو کەسەکەی کۆتاییش بەپێی ماددەی ٤٠٦ی یاسای عێراقی حوکم دەربکات.

"ئەیاد کاکەیی" هەروەها وتوویەتی کە ئەوان وەکوو پارێزەر سکاڵایان لەسەر ئەو بڕیارەی دادگا تۆمار کردووە و پێیان وایە کە ئەو کردەوەیە وەکوو تێرۆر دەبێ چاوی لێ بکرێ، بۆیە ئەوان داوایان کردووە کە ئەو دوو کەسەی دواییش بە ماددەی ٤٠٦ی سزادانی عێراقی سزا بدرێن.

شەهید "قادر قادری" خەڵکی شاری پیرانشار و یەکێک لە فەرماندە دیار و ناسراوەکانی حیزبی دێموکرات بوو کە ساڵی ٩٦ی هەتاوی لە گوندی "هەرتەل" لە دۆڵی بالیسانی هەرێمی کوردستان لەلایەن تێرۆریستانی ڕێژیمی ئێرانەوە تێرۆر کرا.