یەکیەتی دێموکراتی کوردستان – ئێران بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامی پیرۆزبایی بۆ ئەم حیزبە نارد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێزان: لێپرسراوی گشتی و ئەندامانی سەرکردایەتی و پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
وەک یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، بەبۆنەی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پەیامی پیرۆزبایی خۆمانتان پێشکەش دەکەین، دیارە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی بێوچانی هەیە لەپێناو بەدەستهێنانی مافە نەتەوەییەکانی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و چەسپاندنی دێموکراسی لە ئێراندا، هەزاران شەهید و قوربانی لەو پێناوەدا بەخشیوە بە خەباتی ڕزگاریخوازیی گەلی کورد و لە ئێستادا مێژووی حیزبی دێموکرات، مێژووی بزووتنەوەی نەتەوەیی دێموکراتیک و ئازادیخوازانەی کوردە لە ئێراندا و شایانی ڕێز و پێزانینە.
وەک یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان، بە بیرهێنانەوەی دۆخی ناوچەکە و ئێران بە تایبەت و کوردستان بە گشتی، هیوای ئەوە دەخوازین کە بۆ بەهێزبوونی هەڵوێستی نەتەوەیی و هەبوونی قورسایی خەباتی گەلی کورد لە ئێران، هەوڵی یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات ببێتە سەرەتای دەستپێکردنی قۆناغی نوێی خەباتی پر گڕ و تینی نەتەوەکەمان و دڵی دۆستان و ئازادیخوازان و گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شاد بکەن.
جارێکی تر یادی ٧٧ ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانتان لێ پیرۆز دەکەین و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازین و هەوڵی یەکگرتنەوەتان لێ پیرۆز بێت.
یەکیەتیی دێموکراتی کوردستان ـ ئێران
١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ی زایینی