کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢٥ی گەلاوێژ، ئەستێرەی پرشنگداری ئاسمانی گەلی کورد

18:54 - 24 گەلاوێژ 2722

بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و جێژنی یەکڕیزی، ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبە لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ڕۆژهەڵات بە بەڕێوە بردنی چالاکیی تەبلیغیی شکۆی ئەو حیزبەیان بەرز ڕاگرت  و بە داگیرکەرانی کوردستانیان سەلماندەوە پێگە و خۆشەویستی حیزبی دێموکرات هەروا لە بڕەودایە.

تێکۆشەرانی دێموکرات لە ناوچەی مەرگەوەڕی ورمێ، لە گوندی ''قایر'' بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزبی دێموکرات لە سەر دەرگای قوتابخانە و تابڵۆی ئەو گوندە و هەروەها لە ڕێگای گردەوان نۆ قایر بە بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی یادی ٢٥ گەلاوێژ و جیژنی یەکڕیزییان پیرۆز ڕاگرت و پێگەی حیزبی دێموکراتیان پێشان داوە.

بەو بۆنەوە لە مەهاباد ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات، بەشێوەیەکی بەرین تراکت و پووستێری حیزبیان لە نێو شاردا بڵاو کردووەتەوە و یادی دامەزرانی حیزبی دێمۆکراتیان پیرۆز ڕاگرت و سەلماندیانەوە کە حیزبی دێموکرات لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازانەی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات ئاڵاهەڵگری ئەو بزوتنەوەیە.

ئەو شوێنانەی کە لە مەهاباد چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە بریتین لە: سەنجاناوا، بازاڕچە، شەقامی ئۆفۆق، ئاموزشگای حیکمەت، باغی مکائیل، باغی فێردۆس، پاڕکی ئەسحابە، شەقامی مەنبەعی ئاو، پارکی ئەرتش، میدانچەی حەسن زادە، تالاری وەحدەت، قوتابخانەی بداق سوڵتان، باغی شایەگان، مەزگەوتی عومەری فاروق، مەزگەوتی کۆنە پەشتپ، قوتابخانەی حوسێن فەهمیدە، فەلەکەی مەلاخەلیل، دۆڵی گاقڕان، قۆتابخانەی سەعدی، مەیدانی کۆسار، مەحموودکان، قووتابخانەی چەمران و جانبازان.

قارەمانانی دێموکرات لە نەغەدە بەبۆنەی ٧٧ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات  لە ''کانی مام سەیدە و سێڕای مەمەلیان'' بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزب چلاکیی تەبلیغیان بەڕێوە برد و پەیمانی وەفادارییان لەگەڵ ڕێبازی پیرۆزی حیزبی دیموکرات نوێ کردەوە.

لە شارەدێی پەسوێ سەر بە پیرانشار، تێکۆشەرانی دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ٢٥ی گەڵاوێژیان پیرۆز ڕاگرت و لەسەر بەردەوامیی خۆیان تا گەیشتن بە ئامانجەکانی گەلی کورد پێداگرییان کردەوە.

هەر بەوە بۆنەوە لە شنۆ ڕۆڵەکانی هەردەم لە سەنگەری دێموکرات بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ٢٥ی گەلاوێژ، ساڵیادی دامەزرانی ئەو حیزبەیان پیرۆز ڕاگرت و لەگەڵ ڕێبازی شەهیدان پەیمانیان نوێ کردەوە.

ئەندامانی دڵسۆز و تێکۆشەری حیزبی دێموکرات کوردستانی ئێران لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە ئاواییەکانی ''مێراو و نییەر'' بەبۆنەی ٢٥ی گەڵاوێژ بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان و نووسینی درووشم و بڵاوکردنەوەی تراکتی حیزبی چالاکیی تەبلیغیییان بەڕێوە برد و هەروەها بەبۆنەی یەکبوونەوەی حیزب نوقڵ و شیرینیان دابەش کرد و پێشەنگایەتی حیزبی دێموکراتیان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان پیشان داوە.

لە بانە ئەندامانی بوێری حیزبی دێموکرات بەبۆنەی ٧٧ مین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان بەبڵاوکەنەوەی تراکت و شیرینی و نووسینی دروشم ئەو ڕۆژە مێژووییەیان پیرۆزبایی کرد و گەورەیی و شوێندانەریی حیزبی دێموکرتیان بە دوژمنانی کورد سەلماندەوە.

ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا بەڕێوە چووە برتین لە :''جادەی بانە بۆ ئارمردە، بەرەو بلەکێ، جادەی بلەکێ بەرەو سارداو، بەشێک لە گەڕەکەکانی بانە'' .

هەروەها ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە ئیلام لە شاری دەڕە شار لە ڕێگاکانی دەرەشار بۆ پۆڵدەختەر و ئابدانان، نزیک باشگای وەزشی زەرەلوار، ٢٥ گەلاوێژ ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان پیرۆزبایی کرد و پێشوازییان لە یەکگرتنەوەی دوو باڵی دێموکرات وەکوو وەرچەخانێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد، کرد.