کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بۆچی حیزبی دێموکرات؟

23:25 - 25 گەلاوێژ 2722

شەماڵ تەرغیبی

تاک لە نێو کۆمەڵدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە کە باشترین بژاردەکان بۆ ژیانی خۆی بدۆزێتەوە و بە گرتنەبەری ڕێچکەیەکی فکری تایبەت، بەختەوەری بۆ خۆی مسۆگەر بکات؛ لە بیاڤی سیاسەتیشدا ئەم پێوەرە ڕەچاو دەکرێ و تاکی ئاوەزمەند هەوڵ دەدات لە نێو بژاردەکانی بەر دەستی پاقژترین، بەبەرنامەترین، پێگەدارترین و لۆژیکیترین ڕەوتی فکری بدۆزێتەوە کە بیرکردنەوە و ویستە سیاسییەکانی لە چوارچێوەی پێڕەو و پڕۆگرامی ئەو لایەنە سیاسییەدا ببینێتەوە؛ بەواتایەکی دیکە بەریان و مەیلە فکری و سیاسییەکانی خۆی لە قەوارەی هەر ڕەوتێکی سیاسیدا ببینێتەوە خۆی لێ نیزیک دەکاتەوە و دەیکاتە بناغەی چالاکیی سیاسی خۆی.

لەسەر ئەم بنەما دەکرێ ڕەوتە فکری و سیاسییەکانی کۆمەڵگا بەپێی پێوەرە جۆراوجۆرەکان و بەکەڵکوەرگرتن لە شێوازی جۆراوجۆر پۆلێنبەندی بکرێت؛ باوەڕەکان، ئارمان و بایەخەکان، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، شێوازی سازماندان و چوارچێوەی چالاکییەکان، پێوەندییە چینایەتییەکان، ئایدیۆلۆژییەکان و پێوەندییە ستراتێژیکەکان، پێشینە و بەگراوەندی مێژوویی، بەهێزی یان لاوازی تەشکیلاتی، هەڵوێست گرتنەکان، شێوازی جووڵە و سیاسەت کردنەکان و زۆر پێوەری دیکە بوونیان هەیە کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر پێگە و سەنگی سیاسی – کۆمەڵایەتی حیزبێکی سیاسی دادەنێن.

بەبێ زێدەبێژی و بە دوور لە دەمارگرژی دەتوانین بڵێین حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ئێستادا و لە پانتایی سیاسی – کۆمەڵایەتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکێک لە بەهێزترین و خاوەن پێگەترین لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە کە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ شوێندانەری هەیە لەسەر ڕووداوەکانی ئێران و کوردستان و لە ئاستی و ناوچەیی و جیهانیدا لە جێگەی شیاوی خۆیدا ڕاوەستاوە و بەبێ بوونی ئەو، ڕەنگە هاوکێشە سیاسییەکان تووشی کەمایەسییەکی جەوهەری ببن؛ بەڵام بۆچی حیزبی دێموکرات؟

وەک پێشتر ئاماژەی پێدرا یەکێک لە پارامێترەکان بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەوتێکی فکری، خوێندنەوە و وردبوونەوە لە باوەڕە سیاسییەکان و ئەو ئایدیۆلۆژیایەیە کە حیزبێک پێڕەوی لێدەکات و تاکەکانی کۆمەڵ بە دەوریدا کۆ دەکاتەوە؛ بەم پێیەش پێویستە بۆ وڵامدانەوە بە پرسیاری "بۆچی حیزبی دێموکرات؟" لە سیاسەتە گشتییەکانی ئەم حیزبە و بەرنامە و پێڕەوی ورد ببینەوە کە لە بەرزترین ئۆرگانی ئەم حیزبە واتە کۆنگرە پەسند کراوە؛ هەڵبەت نابێ ئەوە لە بیر بکەین کە لە دووتوێی وتارێکی لەم چەشنە ناکرێ هەموو لایەن و کون و قوژبنەکانی ئەم بەرنامە شەنوکەو بکرێت بۆیە تەنیا تەکووزی لەسەر ٣ خاڵی گرینگی دەکەین:

لە بەشی "بنەما گشتییەکانی سیاسەتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" لە بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆیی حیزبدا هاتووە:

  *حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران، له هەموو ئاستەكان بەگشتی و لە پێوەندی لەگەڵ چارەسەری پرسی ڕەوای كورددا، باوەڕی بە مێتۆدی ئاشتی و دیالۆگی بنیاتنەر هەیە.

لێرەدا بەمجدی و وەک پڕەنسیپێکی چەسپاو باس لە ئاشتیخوازبوونی حیزبی دێموکرات و هەروەها باوەڕمەندی ئەم حیزبە بۆ چارەسەری پرسی گەلی کورد لەڕێگەی دیالۆگ و وتووێژێکی بنیاتنەر دەکات؛ ئەگەرچی لە ڕابردوودا حیزبی دێموکرات زۆر جاران هەوڵی داوە پرسی کورد بەڕێگەی ئاشتیخوازانەوە چارەسەر بکات و لەم سۆنگەشەوە خەساری قەرەبوونەکراوی بینیوە بەڵام دیسانیش بەلەبەرچاوگرتنی کەتواری چارەسەری کێشەکان لەڕێگەی وتووێژ و لەژێر تیشکی ڕووناکیدەری قاسملووی بیرمەند پێداگرە لەسەر ئەم مێتۆدە لە چارەسەری چوونکە پێی وایە لەکۆتاییدا تەنیا ڕێگەی چارەسەری کێشەکان هەر دانیشتن و لێک تێگەیشتن و دیالۆگە و ئەم ڕاستییەش لە مێژوودا سەلمێنراوە.

لە بڕگەیەکی دیکەی "بنەما گشتییەکانی سیاسەتی حیزبی دێموکراتدا ئاماژە بە شێوازەکانی خەبات بۆ گەیشتن بە مافە پێشێلکراوەکانی گەلی کورد کراوە و هاتووە:

* "حیزبی دێموكراتی كوردستانی ئێران بۆ گەیشتن بە ئامانجە بەرزە مرۆیی و نەتەوەییەكانی لە هەموو شێوازەكانی خەباتی ڕەوا، بە مافی بەرگریشەوە، كە لەگەڵ بنەما فیكری و سیاسییەكانی حیزب و پێوانە نێونەتەوەییەكانی خەباتی ڕەوا دەگونجێن، كەڵك وەردەگرێ"؛ بەو مانایە کە ئەگەرچی حیزبی دێموکرات باوەڕی قووڵی بە چارەسەری کێشەکان و پرسی کورد بە گشتی لەڕێگەی دیالۆگ و وتووێژ و لێک‌حاڵی بوونی بنیاتنەر هەیە بەڵام ئەگەر لایەنی بەرامبەر ئامادە نەبێ دان بەم مافانەدا بنێت و وەک کەتوارێکی سیاسی – کۆمەڵایەتی سەیری نەکات، ئەوا لەبەرامبەر هێرش و پەلامارە ناجوامێرانەکانی دوژمن سەرداناخات و وەک مافێکی ڕەوا ئامادەی بەرگری لە گەل و نیشتمانەکەیەتی و لەو پێناوەشدا ئامادەی دانی نرخی گران، هەروەک چۆن لە ڕابردووشدا ئەم نرخە قورسانەی داوە.

لە خاڵێکی دیکەی بنەما گشتییەکانی سیاسەتی حیزبدا هاتووە:

*"حیزبی دێموکرات هەوڵ دەدا کە لەژێر هروژمی هەمەلایەنەی فەرهەنگی و زمانی و پەروەردەیی دەسەڵاتی شۆڤێنیسیتدا، فەرهەنگ و زمانی کوردی بپارێزێ و بە پێی توانا هەوڵ بۆ گەشەکردنیان بدا".

پڕئاشکرایە کە پرسی زمان و کلتوور بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ شوێندانەری هەیە لەسەر ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی خەڵک و بناغەی داهاتوو دادەنێت؛ لەسەر ئەم ئەساسەشە کە دەبینین دەوڵەتە داگیرکەرەکانی کوردستان و لەسەرووی هەمووان دەسەڵاتی ناوەندی لە ئێران بۆ پێکانی ئامانجەکانی خۆیان لەدژی گەلی کورد لە هەموو بارێکەوە تێدەکۆشن تاکوو کورد لە شوناسی ڕاستەقینەی خۆی دوور بخەنەوە و ئەگەر پێی بکرێ لەباری شوناسەوە پاکتاوی بکات. لەم ڕاستایەشدا بەردەوام لە ساڵانی ڕابردوودا هەوڵی داوە لە لایەکەوە فەرهەنگ و زمانی گەلانی ئێران و بەتایبەت گەلی کورد بکاتە دەسمایەی گاڵتەجاڕی خۆی و بە سووک سەیرکردن و باس کردنی لە کۆڕە گشتی و تایبەتییەکان تاکی کورد لەو ڕاستییە دوور بخاتەوە کە دەبێ شانازی بە کوردبوونییەوە بکات و هەستی متمانەبەخۆیی لە نێو تاکی کورددا لاواز بکات؛ لەلایەکی دیکەشەوە بە سەرف کردنی تێچووی سەرسووڕهێنەری ماددی و مەعنەوی هەوڵ بۆ ساخکردنەوە و زاڵ کردنی زمانی ئاخێوەرانی ناوەند بەسەر هەموو نەتەوەکانی ئێران دەدات تاکوو هەنگاو بە هەنگاو تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستان لە شوناسی ڕاستەقینەیان دوور بخاتەوە.

لەم ڕاستایەدایە کە حیزبی دێموکرات ڕادەگەیەنێ پێویستە هەوڵ بۆ پاراستنی فەرهەنگ و زمانی کوردی بدرێت و هاوکات لەگەل گەشەپێدانی تێبکۆشین لەژێر هروژمی هەمەلایەنەی فەرهەنگی و زمانی و پەروەردەیی دەسەڵاتی شۆڤێنیسیتدا بیپارێزین.

هەر لەم چوارچێوەشدا و لە فەسڵی دووهەمی بەرنامەی حیزبی دێموکرات بۆ داهاتووی کوردستان باس لەوە دەکات کە زمانی كوردی، زمانی فەرمیی هەموو ئاستەكانی خوێندن و پێوەندییه ئیدارییەكانی هەرێمی كوردستان دەبێت.

لێرەدا بۆ ڕوونبوونەوەی زیاتری مژارەکە ئاماژەیەکی دەقاودەق دەکەین بە بەندەکانی "سیاسەتی فەرهەنگی و پەروەردە" لە بەرنامەی حیزب بۆ داهاتووی کوردستان:

١ـ له هەرێمی كوردستاندا، سیستمی پەروەردەی نەتەوەیی هاوتەریب لەگەڵ پێوانەكانی پەروەردەی ڕێكخراوی نەتەوه یەكگرتووەكان و نرخ و بەها مێژوویی و نەتەوەییەكانی خەڵكی كوردستان، دادەمەزرێت.

 ٢ـ حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرنجێكی تایبەتی دەداته پێگەیاندن و پەروەردەكردنی منداڵان و لاوان و ئیمكاناتی پەروەردەیی و فێركارییان بۆ دەڕەخسێنێ.

 ٣ـ هەموو منداڵانی كوردستان هەتا پازده ساڵی دەبێ بخوێنن. حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نەهێشتنی نەخوێندەواری هەنگاو هەڵ دێنێتەوه. له هەرێمی كوردستاندا دابینكردنی پێداویستییەكانی خوێندنی سەرەتایی لە ئەستۆی حكومەتی هەرێمی كوردستانه و خوێندن له قۆناغەكانی دیكەدا به خۆڕاییه. حكوومەتی هەرێمی كوردستان تێچووی خوێندنی منداڵانی چین و توێژه كەم داهاتەكان و منداڵانی شەهیدان، له هەموو فێرگه پیشەییەكان و هونەرستانەكاندا دابین دەكاو خەرجی خوێندنی خوێندکارانی بلیمەت و هەڵكەوتووی كەم داهات و منداڵانی شەهیدان، له زانكۆ و ئەنستیتۆ بەرزەكانیشدا وەئەستۆ دەگرێ.

 ٤ـ حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بردنەسەرەوەی ئاستی گشتیی فەرهەنگیی خەڵك و دامەزراندنی ناوەندی فەرهەنگی و زانستی پێویست هەنگاو هەڵدێنێتەوه و بۆ كۆكردنەوه و پاراستنی كەلەپووری كورد، تێدەكۆشێ.

 ٥ -بایەخدان بە پەرەگرتنی زمان و ئەدەبیاتی كوردی و پشتیوانی لە نووسەران، هونەرمەندان، پسپۆڕان و زانایانی كورد، ڕێبازی هەمیشەیی سیاسەتی فەرهەنگیی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، هەروەها حکومەت پێویستە کە پاڵپشتی زانایانی ئایینیی نیشتمانپەروەر بێ.

 ٦ـ حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێویستە هەوڵ بدا لە سیستمی پەروەردەییدا كولتووری پێكەوەهەڵكردن و یەكتر تەحەموولكردن جێگیر بكا و قوتابیان به دوور له كولتووری توندوتیژی و یەكترسڕینەوه، پەروەرده بكرێن.

لێرەدا وەک دواوتە و بۆ ئەنجام‌گیرییەک لەسەر ئەو باسەی پێشکەش کرا دەگەڕێینەوە بۆ سەرەتای وتارەکەمان کە بە پرسیاری "بۆچی حیزبی دێموکرات؟" دەستی پێکرد و وڵامێکی کورت و پوخت بەم پرسیارە دەدەینەوە؛ وەک باسمان کرد تاکی ئاوەزمەند بۆ هەڵبژاردنی ڕێڕەوێکی فکری هاوتەریب یان نیزیک لە بیرکردنەوەکانی خۆی، لە بەرنامە و ئایدیا گشتییەکانی ئەو ڕەوتە سیاسییە ورد دەبێتەوە و ئەمەشمان کردە بنەمایەک بۆ هۆکاری پێگەداربوونی حیزبی دێموکرات لە نێو کۆمەڵگاکەماندا؛ ئەوەیکە لەو ٣ خاڵەدا باس کرا و بەکورتی شڕۆڤەی بۆ کرا دەرخەری چەند تایبەتمەندی گرینگن کە بەلای تاکەکانی کۆمەڵگای کوردستانەوە پێوانەیەکن بۆ هەڵبژاردنی ڕێبازی دێموکرات: دەروەست بوون، دوورنواڕی، واقعبینی بەرامبەر بە ڕووداوەکانی ڕۆژ و پراگماستیست بوون کە زێدەبێژی نییە ئەگەر بڵێین لە کەمتر حیزبێکی سیاسی لە ئاستی نەک تەنیا کوردستان بەڵکوو هەموو ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا دەبیندرێ.