یەکیەتیی نەتەوەیی دێموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەم حیزبە کرد.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
برای بەڕێزمان كاک مستەفا هیجری لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
بەڕێزان ئەندامانی دەفتەرى سیاسیى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
سڵاوێكی برایانەى گەرم ...
بەڕێزان؛ بەناوی خۆمان و ئەندامانى مەكتەبی سیاسی و كۆمیتەی سەركردایەتی و تەواوی ئەندامانى یەكیەتی نەتەوەیی دێموكراتی كوردستان YNDK، بەبۆنەی (٧٧) حەفتاوحەفتەمین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبە تێكۆشەرەكەتان (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران)، جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی بەڕێزتان و تەواوى هەڤاڵانى حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران دەكەین و هێڤیدارین ساڵیادى دامەزراندنى حیزبەکەتان ببێتە فاكتەری پێشڤەچوون و خاڵی وەرچەرخان و سەركەوتنی زیاتر لە پێناو خزمەتكردنی دۆزی ڕەوای گەلەكەمان.
بەڕێزان؛ لە كاتێكدا كە یادی دامەزراندنی (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران) دەكەنەوە كوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناڤین بەشێوەیەكی گشتیی و بەتایبەت ڕۆژهەڵاتى كوردستان لە ڕەوشێكی زۆر ناسک و هەستیاردان و چاوەڕوانی هاتنەپێشی كۆمەڵێ ئەگەر و پێشهات و گۆڕانکارىی مەزن دەكرێت، لەسەر هەموو لایەكمان پێویستە ڕەچاوى بەرژەوەندیی باڵاى نەتەوەیى و نیشتمانى بکەین و لە پێناو یەكیەتی و یەكدەنگیی كوردان و سوودوەرگرتن لە گۆڕانکارییەکان خەبات بكەین، بێگومان یەکبوون و یەکدەنگیمان کاریگەرترین چەکمانە بۆ رووبەڕووبوونەوەى پیلانى دوژمن و ناحەزانمان، لەم ڕووەوە هەوڵەکاتان بۆ یەکگرتنەوەى هەردوو حیزبى دێموکرات بەرز دەنرخێنین و چاومان لەوەیە کەوا بە زووترین کات هەوڵەکان بە ئەنجام بگەن و یەکگرتنەوەى یەکجارەکى رابگەیەنن، بە باوەڕی ئێمە یەکگرتنەوەى هەردوو حیزبى دێموکرات و پێکهێنانى بەرەیەک بۆ هێزەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان و بەستنی كۆنگرەیەکی نەتەوەیی سەتاسەرى دەبێتە فاكتەری سەرەكیی یەكڕیزیمان، بۆیە پێویستە هەموو لایەكمان لە پێناو ئەم ئامانجەدا تێبكۆشین.
لە كۆتاییدا؛ دووبارە هیوای سەركەوتنتان بۆ دەخوازین و سڵاو لە خەبات و بەرخودانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین و بەچاوی ڕێزەوە لێی دەڕوانین و هیوای پێشڤەچوون و سەركەوتن بۆ خەباتی ڕۆژهەڵاتى وڵات دەخوازین و جەخت دەكەینەوە سەر پتەوكردن و پێشڤەبردنی پەیوەندیی برایانەی نێوانمان لە پێناو زیاتر خزمەتكردن و پێشڤەبردنی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و گەیشتنمان بە مافە ڕەواكانمان ... لەگەڵ سڵاو و رێزى دووبارەماندا .
هەر بژین و سەركەوتوو بن بۆ كورد و كوردستان
براتان
غەفوور مەخموورى
سکرتێرى گشتیى یەکیەتیى نەتەوەیى دێموکراتى کوردستان YNDK
١٥ی ئاگۆستی ٢٠٢٢