کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دوو کەسی ئێرانی بەتۆمەتی قاچاخی مرۆڤ لە ئورووپا دەسبەسەر کران

12:35 - 11 گەلاوێژ 2722

دوو کەسی بە ڕەچەڵەک ئێرانی کە بە بەڕێوەبەریی باندێکی قاچاخی مرۆڤ تاوانبار کراون و بە بەکارهێنانی بەلەم پەنابەرانیان لە ئورووپاوە بۆ بریتانیا گواستووەتەوە، لەلایەن پۆلیسی ئەو وڵاتەوە دەسبەسەر و ڕادەستی دەزگاکانی دادوەریی فەرانسە و بێلژیک کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی ''نیوزویک''، ''کەیوان پوری'' تەمەن ٣٧ ساڵ و ''هیوا ڕەحیم ‌پوور'' تەمەن ٢٩ ساڵ وێڕای نزیکەی ٤٠ کەسی دیکە لە ڕەوتی ئۆپەراسیۆنێکی پۆلیس لە سەرانسەری ئورووپا دەستگیر کراون. ئەم ئۆپەراسیۆنە بەربڵاوە کە تیشکی خستووەتە سەر قاچاخی نێودەوڵەتیی پەنابەران، لە هێرش بۆسەر ئەو باندەدا دەستی بەسەر دەیان بەلەم و نزیکەی ٩٠٠ جلیقەی نەجاتدا گرتووە.

دادستانی بێلژیک ''ڕەحیم پوور''ی وەک یەکێک لە سەرکردەکانی باندێکی تاوانبار ناوزەد کردووە کە بە وتەی ئەوان بەرپرسیاری گواستنەوەی هەزاران کۆچبەر لە کەناراوەکانی باکووری فەرانسە بۆ بریتانیایە.

ڕەحیم پوور کە بە ڕەچەڵەک ئێرانییە، دوای ئەوەی دادگای باڵای وێستمینستەر لە ١٥ی ژوئییەدا لەسەر ڕادەستکردنەوەی بێلژیک ڕەزامەندی دەربڕی، ڕادەستی دەسەڵاتدارانی بێلژیک کرا.

''کەیوان پوری'' کە لەدایکبووی ئێران و شارۆمەندی بریتانییە، سەرەتای ئەم مانگە لە لایەن پۆلیسەوە لە فڕۆکەخانەی مەنچێستر پێش ئەوەی بۆ سەفەر بۆ تورکیە سواری فڕۆکە بێت دەستبەسەر کراوە. داواکاری گشتیی فەرانسە، "کەیوان پوری"ی بە ئەندامەتی لە "باندێکی جینایەتکار" تۆمەتبار کردووە کە کاری بازرگانی بە مرۆڤ دەکات.

''ژاک بیر''، جێگری سەرۆكی دەزگای توێژینەوەی نیشتمانیی تاوانەكانی بریتانیا، لەم بارەیەوە بە "نیوزویك"ی وتووە: "دەستگیركردنی ئەم دوو كەسە بۆ ڕەوتی لێكۆڵینەوە نێودەوڵەتییەكان گرینگییەكی بەرچاوی هەیە، ئەم لێکۆڵینەوەیە لەسەر یەکێک لە چالاکترین گرووپە تاوانبارەکانە کە کارەکەی لەسەر قاچاخی مرۆڤ بە بەلەم بەڕێوە دەچێت.