کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

جێژنی ٢٥ـی گەلاوێژ لە شار و گوندەکانی کوردستان بە شکۆوە بەرز ڕاگیرا

12:06 - 25 گەلاوێژ 2722

بە بۆنەی ٢٥ـی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە زۆربەی شار و گوندەکانی کوردستان یادی ئەو ڕۆژە بە شکۆیەکی زۆرەوە  بەرز ڕاگیرا.

لە "سەلاسی باوەجانی" ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات بە بۆنەی جێژنی ٢٥ـی گەلاوێژ پیرۆزبایی ئەو جێژنەیان لە هەموو تێکۆشەرانی نێو سەنگەری خەبات و تێکۆشان، بنەماڵەی شەهیدان، زیندانیانی  سیاسی، کادر، پێشمەرگە و هەموو خەڵکی کوردستان کردووە و لە هەمان کاتدا خۆشحاڵیی خۆیان بە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان نیشان داوە.

هەروەها لە شاری "مەریوان" و گوندی "نێ" هیواداری خۆیان نیشان داوە کە لەوەبەدوا بزووتنەوەی کوردی ڕۆژهەڵات هەموو هێز و وزەی خۆی لە دژی ڕێژیمی پەت و سێدارە بەکار ببا  و ئەزموونی ناخۆش لەنێو ماڵی کورددا دووپات نەبێتەوە.

لاوانی شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازی کوردستان لە شار و گوندەکانی کوردستان و لە بەرەبەری ٢٥ـی گەلاوێژ ڕایانگەیاندووە کە بە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکرات حیزبەکەی شەهیدان قازی، قاسملوو و شەرەفکەندی ورەی تازە هاتووەتەوە بەر خەڵک و ئامادەیی خۆیان بۆ بەڕێوەبردنی هەر جۆرە چالاکییەک نیشان داوە.