کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی پیرۆزبایی کرێکارانی کوورەخانەی وایەگان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

12:46 - 25 گەلاوێژ 2722

ژمارەیەک لە کرێکارانی کوورەخانەی وایەگان سەر بە پارێزگای تەورێز، بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات پەیامێکی پیرۆزباییان پێشکەش کرد.

بەشێک لەم پەیامەکە بەم چەشنەیە:

ئازیزان، هەروەک هەموومان ئاگادارین و دەزانیین بەداخەوە کورد بەهۆی بێ دەوڵەتی، بێ ئیمکاناتی و تەبعیز و چەوساوەیی لەلایەن ڕێژیمەکان هەندێک جار ناچارە ڕوو لە شارەکانی غەیرە کورد بکات و بۆ بژێوی ژیان لە کوورەخانەکاندا کار و کاسبی بکات و ئەو بارە قورس و گرانە بخاتە شان. هەر چۆن  کۆڵبەرەکانیشمان لە سنوورە دەسکردەکان شەڵاڵی عارەقە و خۆێن دەبن بێگومان کرێکارانی کوورەخانەکانیشمان لە گەرما و  قوڕدا تاوسووتوو و هیلاک و ماندوو دەبن و کات بە کات دەتوێنەوە و ئەویش بۆ نرخێکی زۆر کەم.

شایانی باسە لەگەڵ دەرکەوتن لە کوردستان و چوون بۆ شارەکانی غەیرە کورد لە بواری بوونی کارخانە و شیرکەت جیاوازییەکی یەکجار زۆر دەبینرێت کە لە کوردستان بوونیان نییە.

هەروەها کوردستان بووەتە گۆڕەپانی شەڕ و ئاڵۆزی و ڕمبازێنی چەکدارانی ڕێژیم و هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی لێ ئەنجام نادرێت.

 ئێمە کرێکارانی کوورەخانەکانی "وایەگان" سەر بە پارێزگای تەورێز زۆر خوشحاڵ و کەیفخۆشین بە هەواڵی یەکبوون و یەکییەتیتان، بێگومان یەکگرتن ڕەمزی سەرکەوتنە و بۆ ئێمەی کورد زۆر بەسوود و هیوابەخشە. 

هەر بۆیە لێرەوە... لە کوورەخانەکانی سەر بە پارێزگای "تەورێز"ەوە ئێمەی کوردی خۆرهەڵات دەسخۆشیتان لێ دەکەین بۆ یەکگرتنەوەتان لەو رۆژە پیرۆزەدا واتا ڕۆژی ۲٥ی گەلاوێژ.