کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێکخراوەکانی ژنان، لاوان و خوێندکاران پەیامی پیرۆزباییان بەبۆنەی دامەزرانی حیزب و یەکگرتنەوە بڵاو کردەوە

18:12 - 25 گەلاوێژ 2722

یەکییەتییەکانی ژنان، لاوان و خوێندکارانی حیزبی دێموکرات، بە بۆنەی ۲٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی ڕیزکانی دێموکرات، بەشێوەی هاوبەش پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

دەقی پەیامەکە بەم شێوەیەیە:

پەیامی پیرۆزبایی هاوبەشی یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکرات، بە بۆنەی ۲٥ی گەلاوێژ و یەکگرتنەوەی ڕیزکانی دێموکرات

خەڵکی بەشەرەفی کوردستان!
بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان!
زیندانییانی سیاسیی خۆڕاگر!
کادر و پێشمەرگە خۆشەویستەکان و سەرجەم ئەندامانی بنەماڵەی گەورەی دێموکرات!

۷۷ ساڵ پێش ئێستە لە وەها ڕۆژێکدا کە جیهان و ناوچەکە بە دەستی شەڕی دووهەمی جیهانییەوە دەیناڵاند، لە بەشێک لە کوردستان لە شاری مەهاباد، هەواڵی هاتنە مەیدانی حیزبێک بڵاو بووەوە، کە ۷۷ ساڵە لە مەیدانی خەبات و بەربەرەکانێ بۆ سەروەری و بەختەوەریی کورد خەبات دەکات.

حیزبی دێموکراتی کوردستان، کە لەسەر بنەماکانی ڕێکخستنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دامەرزا، بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی و دێموکراسی هەزاران شەهید، کەمئەندام، زیندانیی سیاسی لە هەموو ئاستەکاندا لە کارنامەی خۆیدا تۆمار کردووە. حیزبێکی وەها بەرپرسیار لە هەمبەر چارەنووسی نەتەوە و نیشتمانەکەی لە مێژووی کورددا لە خەبات و تێکۆشانێکی بێوچان و خاوێندا هەمیشە جێگای ئاماژە و بەشێک لە هاوکێشە سیاسییەکانی کورد و تەنانەت ناوچەکە و ئێرانە؛ واتە ئەگەر چارەسەریی پرسی کورد بۆ خودی کورد یەکێک لە بنەڕەتیترین بابەتەکانە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستیش یەکێک لە پرسە گرنگەکانە و لە ئێرانیش بەبێ چارەسەرسەریی دۆزی کورد، ئەم وڵاتە ئارامی بە خۆیەوە نابینێت و چارەسەریی ئەم کێشانە کە پێکەوە گرێ دراون، بەبێ بەشداری و هەبوونی حیزبی دێموکرات جێبەجێ ناکرێت.  

بە ڕەچاوکردنی ئەو خاڵە گرنگە کە ئاماژەی پێ کرا و هەروەها بە هەبوونی دوژمنانێک کە بۆ لەنێوبردن کورد و کاولکردنی کوردستان قۆڵیان لێ هەڵماڵیوە، کورد لە هەموو کاتێک زیاتر دەبێت یەکگرتوو و یەکڕیز بێت و خۆی لە هەمبەر داگیرکەرانییەوە ئامادەتر بکات. حیزبی دێموکرات کە زیاتر لە سێ چارەکە سەدەیە لە مەیدانی کوردایەتی سیاسەتدایە و هەموو شێوازێکی خەباتی تاقی کردووەتەوە، لەم کات و ساتە هەستیارە لە ڕاستای یەکگرتوویی نێو ڕیزەکانی خۆی هەنگاوێکی پیرۆز و جیدی هەڵگرتووە و لە سەروبەری ۲٥ی گەلاوێژ کە هەم ساڵیادی دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکافە و هەم حیزبی دێموکرات، خەڵکی تامەزرۆی ئازادیی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە یەکگرتنەوەی دوو لایەنی دێموکرات دڵخۆش و شاد کردەوە و مزگێنی ڕۆژێکی خۆشی بە بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و ئازادیخوازانی کوردستان دا. 

بۆیە لە ۲٥ی گەلاوێژی ئەمساڵدا، وەکوو ڕێکخراوە دێموکراتییەکانی حیزبی دێموکرات دوو پیرۆزبایی، یەکەم پیرۆزبایی ۲٥ی گەلاوێژ و دووهەم پیرۆزبایی یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ئاراستەی خەڵکی ئازادیخواز و نیشتمانپەروەری ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. 

پیرۆز بێت ۲٥ی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات.
سەرکەوێت بزاڤی ڕزگاریخوازیی کورد لە ژێر سێبەری یەکگرتوویی و یەکڕیزیدا.
یەکیەتییەکانی لاوان، ژنان و خوێندکارانی دێموکرات

۲٥ی گەلاوێژی ۲۷۲۲ی کوردی