یەکیەتیی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران و کۆمەڵێک ڕێکخراوی فەرهەنگی و مەدەنیی دیکە بەبۆنەی ٢٥ـی گەلاوێژ ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکرات پەیامێکیان بڵاو کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
فەرهەنگیان، چالاکانی فەرهەنگی و مەدەنیی کوردستان!
٧٧ساڵ لەوە پێش لە ٢٥ـی گەلاوێژی ١٣٢٤ـی هەتاوی، حیزبێکی مۆدێڕن و پێشکەوتوو و مافویست بە ناوی "حیزبی دێموکراتی کوردستان" لەسەر بناغەی تەشکیلاتیی کۆمەڵەی "ژـ کاف" لە شاری مەهاباد، بە هیممەت و تێکۆشانی ڕووناکبیرانی ئازادیخواز و مافویستی کورد و بە ڕێبەریی پێشەوا قازی محەممەد دامەزرا. دامەزرانی حیزبی دێموکرات لە هەلومەرجی ئەوکاتی کوردستان و ئێران و ناوچە و جیهاندا نوختە وەرچەرخانێکی مێژوویی و سیاسی بوو. حیزبی دێموکرات توانیی لە دەرفەت و هەلومەرجی ئەوکات کەڵک وەرگرێت و بە دامەزاندنی کیانی دەوڵەتی کوردی و کۆماری کوردستان لە بەشێک لە خاکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، مێژوویەکی زێڕین و پڕ لە دەسکەوتی نەتەوەیی و فەرهەنگی و مەدەنی تۆمار بکات و ببێتە مایەی فەخر و شانازی بۆ نەتەوەی کورد بە گشتی. لە وەها ڕۆژێکی پڕشنگدار و زێڕینی مێژوویی یەکگرتنەوەی حیزبەکەی پێشەوا جێژن دەگرین و بە دەنگی بەرز دەڵێینەوە:
مزگێنیم دەیە دەگەی بە ئاوات، کوردە لە سایەی حیزبی دێموکرات.
یەکیەتی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانی ئێران
کۆمەڵێک ڕێکخراوی فەرهەنگی و مەدەنی
٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٢ی کوردی