کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیمی ئێران هۆشداریی بە ئەفغانستان دا

12:53 - 11 گەلاوێژ 2722

"ئەحمەد وەحیدی" وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئیران سەبارەت بە تێکهەڵچوونی هێزەکانی سنووریی دوو وڵات هۆشداریی بە حکوومەتی تاڵەبان لە ئەفغانستان دا.

ناوبراو لەو بارەوە هۆشداری داوە و وتوویەتی کە ڕووداوگەلی لەو شێوەیە لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتدارانی تاڵەبان لە ئەفغانستان نییە.

ئەو کاربەدەستەی ڕێژیم سەبارەت بە تێکهەڵچوونەکانی ئەو دواییانە وتوویەتی کە ئەوە یەکەمجار نییە کە ڕووداوی لەو شێوەیە ڕوو دەدا و بۆ ئەوەی ڕووداوی وا ڕوو نەداتەوە پێویستە حکوومەتی تاڵەبان هێزەکانی خۆی سەبارەت بە نەبەزاندنی سنوور تێبگەیەنێ.

ڕێژیمی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە لە باری چەکوچۆڵەوە یارمەتیی حکوومەتی تاڵەبانی داوە و لە ئێستادا سەبارەت بەو ڕووداوە دوو لایەن تووشی کێشە بوونە.

ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٠ی پووشپەڕ، لە تێکهەڵچوونی هێزەکانی هەر دوولادا ، چەکدارێکی تاڵەبان کوژرا.

تێکهەڵچوونەکانی ڕێژیمی ئێران و حکوومەتی تاڵەبان بە دوای ئەوەدا هات کە هێزەکانی تاڵەبان لە یەکێک لە ناوچەکانی نزیک شاری "دوست محەممەد" لە پارێزگای بەلووچستان ئاڵای ئەفغانستانیان هەڵدابوو.