کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٧ ساڵ خەبات و چاوەڕوانییەکان

23:10 - 26 گەلاوێژ 2722

زاگرۆس

٢٥ی گەلاوێژی ئەمساڵ ٧٧ ساڵ بەسەر دامەزراندنی یەکەم حیزبی مۆدێڕنی کوردیدا تێدەپەڕێ کە تا هەنووکەش ڕێبوارانی ئەم ڕێگەیە وەک میراتگری شۆڕش و خەونەکانی شۆڕشگێڕانی بەرلەخۆیان و ئاواتەکانی نەتەوەیەکی کۆلۆنیکراو بەرەو سەرکەوتن و ڕزگاری لە چەوسانەوە و ژێردەستی و پچڕانی زنجیری کۆلۆنیالیزم لە خەبات و بەرخۆدان بەردەوامن.

حیزبی دێموکرات لە ماوەی ئەم نزیک بە هەشت دەیەدا گەلێک هەورازونشێو و نسکۆ و سەرکەوتنی بە خۆیەوە بینیوە کە وەک لایەنێک کە ڕەگ و ڕیشەی لە نێو خەڵکەکەیدا هەیە سەرکەوتنەکانی بووەتە هۆی خۆشحاڵی و گەشەی کۆمەڵگا و نسکۆ و پاشەکشێ و لاوازییەکانی بووەتە هۆی دڵنیگەرانی و پاشەکشێی ورەی شۆڕش لە نێو کۆمەڵانی خەڵکدا.

تەمەنی ٧٧ ساڵەی حیزبی دێموکرات تەژییە لە ڕووداوی مێژوویی گرینگ و چارەنووسساز بۆ نەتەوەکەمان و گەلێک وانەیان تێدایە بۆ فێربوون و بەرچاوڕوونی داهاتوومان کە هەر کامەیان پێویستیان بە لێکۆڵینەوە و شیکردنەوەی تایبەت هەیە بەڵام لەم دەرفەتە کورتەدا تەنیا لە چەند دێڕدا ژمارەیەکی کەم لە هەستیارترین ڕووداوەکانی تەمەنی ئەم حیزبە باس دەکەین کە بەهۆی کاریگەری وتار و پێگەی جەماوەری ئەم حیزبە کاریگەری لەسەر سەرجەم خەڵکی نیشتمانمان داناوە.

یەکەم؛ دامەزراندنی کۆماری کوردستان هەرچەند لەبەشێکی کەمی ئاخی داگیرکراوی زاگرۆسماندا ڕووی دا بەڵام بووە هۆی سەرچاوەیەکی جێگەی ڕێز و هێمایەک لە بەڕێوەبەرایەتی لێزانانە و یاساتەوەرانە کە تا هەنووکەش دەسەڵاتێکی لەم چەشنە لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست بێوێنەیە و لە هەمان کاتدا بۆ گەلی ئێمە هێمایەکە بۆ یەکیەتیی نەتەوەیی و سەلماندنی بە کردەوەی ئەو ڕاستییە کە کورد یەک نەتەوەیە و پێئەسپاردن و بەرپرسیارەتی کوردانی پارچەکانی دیکە لە کۆماردا باشترین بەڵگەی ئەم ئیدیعایەیە کە بەداخەوە تا هەنووکەش و لە ئەزموونی باشور و ڕۆژاوادا بەم چەشنە و لەم قەوارەدا دووپات نەبووەتەوە.

دووهەم؛ بزووتنەوەی ساڵەکانی ٤٦ و ٤٧ لاپەڕەیەکی زێڕینی دیکەیە بۆ ئەم حیزبە کە پێداهەڵگوتن بە حیزبی دێموکراتدا نییە ئەگەر بێژین ئاکامی ئەم شۆڕشە بوو کە ترسی لە دڵی خەڵکدا نەک لە نیشتمانی ئێمە بەڵکوو لە ئێرانیش دژ بە دەسەڵاتی پاڵەوی ڕەواندەوە و ئەو باوەڕەی گێڕاوە بۆ کۆمەڵگا کە خەبات و شۆڕش دەکرێ لەهەمبەر دەسەڵاتی داگیرکەردا هەرچەند زۆر بەهێزیش بێ بکرێت و دڕ بە تاریکی بدرێ و ئەگەر ئیرادە هەبێت دەسەڵاتەکان ناچار بە ملکەچکردنن و جڤاک چاوەڕێیە ئەو ئیرادەی لە ڕێگەی ڕۆڵە پێشەنگەکانیەوە بۆ بگەڕێتەوە و کاتێک ئیرادەی بۆ گەڕایەوە بەدڵنیاییەوە لەهەمبەر زوڵموزۆری داگیرکەردا بێدەنگ نابێ.

سێهەم؛ پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و دەسەڵاتداریەتی حیزب لە بەشێکی بەرچاوی نیشتماندا لەم وێستگەی خەباتدا بە ڕێبەرایەتی ڕێبەری هەڵکەوتە و بێوێنە کاک دوکتور قاسملوو خەباتی نەتەوەکەمان لە ئێران و هەر چوارپارچەی نیشتماندا دەبێتە سەرباشقە و لەم ماوەدا جیاواز لە ناوخۆی وڵات کە دەبێتە مەزنترین هێزی شۆڕش لە کوردستان و ئێران و لە دنیای ڕۆژاوا و دەرەوەشدا دیپلۆماسی کوردستانی بە مانای لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گشت نەتەوەی کورد لە واتا ڕاستەقینەکەیدا لە هەمیشە زیاتر و بە قازانجی خەباتی نەتەوەیەکی کۆلۆنیکراو بڕەو پەیدا دەکات و ئەم دیاردەش تا هەنووکە و دیپلۆماسیەک بە قازانجی سەرجەم نەتەوەکەمان بێوێنەیە.

چوارەم؛ سەردەمی ڕێبەرایەتی ڕێبەری مەزن و شۆڕشگێڕی بێوێنە کاک دوکتور سادق شەرەفکەندییە پاش شەهیدبوونی ڕێبەری کاریزما د.قاسملوو؛ لە هەموو بزووتنەوە و خەباتێکدا نەمانی ڕێبەری کاریزما دەبێتە هۆی نسکۆ و پاشەکشەی خەبات. هەر لەم سەردەمەدا بوو بلوکی سۆڤیەت ڕووخابوو و شەڕی ئێران و عێراقیش کۆتایی هاتبوو؛ لە سەردەمێکی وادا هەموو فاکتەکان و ڕووداوەکان بە ئاقاری کپکردنی دەنگی خەبات و شۆڕشدا هەنگاویان دەنا، بەڵام ڕێبەرایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەکانی حیزب و بەڕێوەبەرایەتی زانایانەی د.سادق شەرەفکەندی بەپێچەوانەی ڕەوتی ڕووداوەکان کاروانی خەباتی ئاژوت و دۆست و دوژمن شایەدی دەدەن کە خەباتی گەلی کورد بە ڕێبەرایەتی حیزبی دێموکرات سەلماندی کە خەباتێک نییە کە ئەگەر دەسەڵاتی ناوەندی لاواز بوو یان هەلومەرجی ناوچە و جیهان ئیزنیان دا گەشە بکات بەڵکوو خەباتێکە گرێدراوی ویست و داخوازییەکانی نەتەوەیەکی کۆلۆنیکراوە و هەموو کات ئەگەر ئیرادە هەبێت توانای گەشە و بەهێزبوونی هەیە و دەتوانێ دەسەڵات بخاتە لەرزە و ورە و هەستی شۆڕش بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە کە تا هەنووکە ئەم ڕوانین و پشتبەخۆبەستن و لەهەمانکاتدا بەهێزییە لە خەباتدا تەنانەت کاتێک هەموو فاکتۆرە ناوخۆیی و ناوچەیی و جەهانییەکان دژ بە تۆن بێوێنەیە.

پێنجەم؛ ئەم قۆناغە لە ساڵی ٧٥ەوە دەس پێدەکات و هاوکاتە لەگەڵ سڕکردنی بەشێکی سەرەکی خەبات یانی خەباتی چەکدارانەوە و پشتبەستنی زیاتر بە خەباتی جەماوەری و مانگرتن لە نێو شارەکاندا؛ لەم وێستگەی خەباتدا حدکا توانی چەند مانگرتنی سەرانسەری لە ساڵڕۆژی شەهیدبوونی د.قاسملوودا بەڕێوە بەرێت کە تا هەنووکەش بێوێنەیە و هیچ حیزبێکی ئێرانی و کوردستانی مادام کە لە دەسەڵاتدا نەبووە و هێزێکی نایاسایی بووە و ئیزنی بانگەشەی ئازادانەی بۆ سیاسەتەکانی نەبووە نەیتوانیوە بەم بەربڵاوییە و لەو پانتادا خەبات لە شاردا ڕێک بخات.

شەشەم؛ ساڵی ٩٥ و ڕاگەیاندنی ڕاسان وێستگەیەکی گرینگی دیکەی خەباتی ئەم حیزبەیە کە تا هەنووکەش بەردەوامە و لەڕاستیدا ڕاسان ڕێگەیەکی سێهەمە لە خەباتی باوی حیزبەکان لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشدا؛ خەباتی ڕاسان لە هەمان کاتدا کە بەرژەوندی باڵای نەتەوەیی لەبەرچاو دەگرێ و ئەوپەڕی هەوڵ ئەدات کێشە بۆ هەرێمی کوردستان ساز نەبێت بەڵام خەباتیش بەهۆی بەرژەوەندی باشورەوە سڕ ناکات و بە پشتبەستن بە تیۆری بەرەنگاری ڕەوا، خەباتی تا ڕادەیەکی بەرچاو لە چوارچێوەی یاسا نێونەتەوەییەکاندا ڕێکخستووە و لە هەمانکاتدا بە دروشمی گرێدانی خەباتی شاخ و شارە و وەک ڕەوتێکی دانەبڕاو لە مێژووی بەرلەخۆی درێژەی وێستگەکانی دیکەی ئاماژەپێکراوی خەباتە کە لە ئەگەری بەهێزبوونیدا خاوەن ئەو وزەیە کە خاوەنداری سەرجەم پێنج تایبەتمەندییەکانی وێستگەکانی ئاماژەپێکراو بێت.

ڕاسان وەک شێوازێکی خەبات بە هێنانە ئارای واتای وەک پێشمەرگەی شار و هەڵۆکانی زاگرۆس و گەڕاندنەوەی هێز و سەروەری بۆ خۆرهەڵات خاوەن گەلێک ئایدیای سەرنجڕاکێشە بۆ کەڵکوەرگرتن لە هەموو وزەی تاکەکانی نەتەوەکەمان و هەرچەند لە سەرەتای ڕێگەدایە، بەڵام گەلێک کاریگەری ئەرێنی داناوە و لە هەمان کاتدا ژمارەیەکیش چاوەڕوانی لە حیزبی خۆشەویستی کۆمەڵانی خەڵک دروست کردووە کە بە کورتی بریتین لە:

ئا؛ کەڵک لە هەموو شێوازەکانی خەبات وەربگیرێت و هیچ شێوازێکی خەبات و بە هیچ بیانویەک سڕ و لاواز نەکرێت.

ب؛ چالاکییەکان هەموو پانتای زاگرۆس بگرێتەوە و سێوەری باڵی هەڵۆکان گشت زاگرۆس داپۆشێت و خەبات بۆ باشووری ڕۆژهەڵات زیاتر هەنگاو هەڵگرێت و کەڵک لە وزەی ئەو بەشە مەزنەی نیشتمان وەربگیرێت کە بەداخەوە تا هەنووکە کەمتر شۆڕشی ئێمە توانیویە لەو هێز و پۆتانسیەلە کەڵک وەرگرێت.

ج؛ جێگەی خۆیەتی زیاتر بایەخ بە کێشە کۆمەڵایەتی و ژینگەییەکان وەک مەترسی مەزنی سەر کۆمەڵگا بدرێ و بە پشتبەستن بە سوسیالیزمی دێموکراتیک بەرچاوڕوونی زیاتر بە خەڵک بدرێت بۆ شۆڕش و بونیادنانی دونیایەکی باشتر.

لە کۆتاییدا دەبێ پێمل بەو کەتوارە بین کە بە درێژایی مێژوو ئەگەر خەباتی حدکا بەهێز بووبێ وەک ڕێگەی سێهەمی خەبات لە ئێران و کوردستان چاوی لێکراوە کە توانای گۆڕانی بناغەییان هەبووە؛ هەر بۆیە بەهێزبوونی خەباتی حدکا بەرژەوەندی هەمووان دابین دەکات و تەنیا دژ بە قازانجی داگیرکەرانە.