کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی حیزبی ڕزگاریی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ

17:07 - 26 گەلاوێژ 2722

حیزبی ڕزگاریی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد.

دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:

بەڕێز کاک "مستەفای هیجری" لێپرسراوی گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەڕێزان ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران.

سڵاوی ڕزگاری و سەرخۆبوونتان لێ بێ.

لە پەیوەند بە بیست و پێنجی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەختەوەرم کە بە ناوی خۆم و لە جیاتی هەڤاڵانم لە سەرکردایەتیی حیزبی ڕزگاریی کوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزباییتان لێ بکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنتان بۆ بە ئاوات بخوازم.

بەڕێزان هیچ گومانی تێدا نییە کە ڕۆژی بیست و پێنجی گەلاوێژ وەک ڕۆژی باوەڕبەخۆبوون و ڕابوونەوەی نەتەوەی کورد لە مێژوودا تۆمار کراوە، چونکە لەو ڕۆژەدا شێوازی بەرخودان و خەباتی نەتەوایەتی بەرەو ئاقارێکی گشتگیر و ڕێکخراوەیی ڕێچکەی گرت، لە لایەکی دیکەوە ئەزموونی بیست و پێنجی گەلاوێژی ساڵی ١٩٤٦ و دامەزراندنی کۆماری کوردستان و ئەزموونی ئێستای باشوور و ڕۆژاوای کوردستان، ڕاستەوخۆ ئاشکرای دەکەن کە خەباتی کوردستانییان پێویستی بە هۆشیارکردنەوە و دروستکردنی ڕایەڵەی پەیوەندیی بەرفراوانتر لەگەڵ جیهانی دەرەکیدا هەیە، ئەم ڕایەڵە و پەیوەندییەش بە یەکگوتاری و یەکهەڵوێستیی ڕێکخراوە سیاسییەکان وەدی دێ، هەروەها خۆی لە خۆیشیدا ئەرکی تێکڕای کوردستانییانە کە لێبڕاوانە و شێلگیرانە تێبکۆشن و خەرمانەکە دەوڵەمەند و بەرهەمدارتر بکەن.

لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش سڵاو و پیرۆزبایی ئەندامانی حیزبی ڕزگاریی دووپات دەکەینەوە و دڵخۆشین بەو هەنگاوانەی کە بۆ یەکخستنەوەی نێوماڵی دێموکراتەکان دەهاوێژرێن، دەستتان دەگوشین و پیرۆزباییتان لێ دەکەین.

براتان

 ڕێکار ئەحمەد

١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٢ی زایینی