کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

شێوازی پەروەردەی هەڵەی بنەماڵە، کارەسات خوڵقێنە

18:59 - 26 گەلاوێژ 2722

ئاسۆ ساعدی

پێشەکی:

ئەزموونی گەڕانی وڵاتە جۆراوجۆرەکانم نەبووەو نییە جگە لەم دوو پارچەی کوردستان و وڵاتی ئێران نەبێت، بەڵام هەمیشە لە ڕێی بینینی فیلم و زنجیرەکانەوە تێبینی و بەراوردی پەروەردەی وڵاتە پێشکەوتوو و جیهان سێیەمەکانم کردووە، بەپێی فەلسەفەی پەروەردە و کولتووری وڵاتان هەرکامەیان لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەبووە، کە ئەمانەش دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی پەروەردەی دروست یان هەڵەی بنەماڵە، یان ئازادییەکی ڕەها ئەدەنە منداڵ کە دوایی بۆیان کۆ نابێتەوە یان وەها سنوورداری ئەکەنەوە کە دوای ڕزگاربوون لەو سنووردارێتییە و بۆ قەرەبووی ڕۆژانی لەدەستچووی منداڵی و هەرزەکارییان تووشی سەدان و هەزاران گرفت و کارەسات دەبن و ئەمەش هۆکاری ناهاوسەنگی لە شێوازی پەروەردەی دایک و باوکە کە نە زەمەن دەگەڕێتە دواوە و نەش منداڵەکەیان بۆ دەبێتەوە و دەبێتە خەسارێکی گەورەش بۆ کۆمەڵگا.

پێناسەی پەروەردەی دروستی منداڵ لە ڕوانگەی دەروونناسییەوە

هەر کەسەو لە ڕوانگەی خۆیەوە پێناسەی پەروەردەی منداڵ دەکات، هەندێک لەم پێناسانە بنەمای زانستی هەیە و هەندێک تریشی نا، بەگشتی ئەتوانین بڵێین کە پەروەردەی منداڵ کۆمەڵێک شێوازی جیاواز لە خۆی ئەگرێت کە دایک و باوک بۆ گەشە و پەروەردەکردنی منداڵەکەیان، بەکاری دەبەن. جۆر و شێوازەکانی پەروەردە بەشێکی گرینگ لە تەندروستیی دەروونی تاک پێکدێنێت، بۆیە مرۆڤەکان بە تایبەتمەندیی ڕەفتاری، کۆمەڵایەتی و شێوازی بیرکردنەوەی جیاواز لە ژیاندا هەڵسوکەوت دەکەن.

دایک و باوک ڕۆڵی سەرەکییان لە شێوازە جیاوازەکانی دابینکردنی پێداویستی، فێربوون، ڕەفتار و کردەوە، شێوازی بیرکردنەوە، بەرکەوتنی کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان و بەگشتی پەروەردەی منداڵدا هەیە. بەم پێیە ئەتوانین بڵێین فێربوونی کارامەییەکانی گەشە و پەروەردەی منداڵ لەلایەن دایک و باوکەوە، یەکێکە لە ژێرخان و بناغە گرینگەکانی کارامەیی منداڵ بوون (بەدنیا هێنانی منداڵ). چون بنەماڵە یەکەمین دامەزراوەیەکە کە تاک تێیدا لە دایک دەبێت، گەشە دەکا و قۆناغەکانی ژیانی تێئەپەڕێنێت.

بنەمای کۆمەڵگایەکی تەندروست، بنەماڵەی تەندروست و منداڵەکانی پێکی دێنن. چونکە پەروەردەی دایک و باوک بەشێوەی ڕاستەوخۆ ڕۆڵی لە گەشەپێدان و شکڵگرتنی تایبەتمەندییە کەسییەکانی منداڵدا هەیە، پەروەردەی منداڵ و فێربوونی شێوازی دروستی پەروەردەکردنی منداڵیش گرینگییەکی تایبەتی بۆ دایک و باوک هەیە.

پەروەردەی هەڵەی بنەماڵە و کاریگەری لەسەر داهاتووی منداڵ

شێوازی پەروەردەی هەڵە یەکێک لە ململانێکانی دایک و باوک لە پەروەردەکردنی منداڵدایە. هیوادارم دایک و باوکەکان بە خوێندنەوەی شێوازەکانی پەروەردەی هەڵە کە پێشتر بۆ منداڵ بەکاریان هێناوە، بتوانن ڕێگاگەلێکی باشتر بۆ پەروەردەکردنیان بەدەست بێنن و هەر لە ئێستاوە هەوڵی گۆڕانکاریی تێدا بدەن و لە هەڵەکانی ڕابردوویان ئەزموون و دەرس وەربگرن، چون لە هەر کوێوە پێش بە زەرەر بگرن قازانجە و پەروەردەی هەڵەش دواهاتی قەرەبوونەکراوی بۆ بنەماڵەو کۆمەڵگا بەدواوەیە.

زۆرێک لە دایک و باوکەکان بێ مەبەست لە پەروەردەی منداڵدا تووشی هەڵەی نەخوازراو دەبن کە لەوانەیە لە  سەردەمی منداڵی منداڵەکەیاندا بەرچاو و دیار نەبێت، بەڵام دڵنیا بن لە گەورەساڵی و پێگەیشتوویی تاکدا کاریگەر دەبێت و کێشە و گرفتی جۆراوجۆری بەدواوە دەبێت.

بەداخەوە دایک و باوکەکان بۆخۆیان فێرنەکراون منداڵ فێری هەستی چێژوەرگرتن بکەن! وەک چێژوەرگرتن لە خواردەمەنی، خەو، خوێندنەوە، چێشت لێنان، وەرزش کردن، قسەکردن، هەڵاتن، دەرەوچوون، چێژوەرگرتن لە شت کڕین و ... بە گشتی فێرنەکراوین چێژ لە چالاکییەکانی ڕۆژانەی ژیانمان وەرگرین، وەک ئەوەی هەموو کارەکانمان لە ڕووی ئیجبارەوە بێت. ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی کە ئەمڕۆ هیچکەس چێژ لە ئەنجامدانی هیچ کارێکی وەرنەگرێت و ئیجازەش نەدات منداڵەکان چێژ لە ژیان و منداڵییان وەرگرن! بخۆ، مەخۆ، مەیڕێژە، بخوێنە، مەکە، باز مەدە، بخەوە، پارەمان نییە، نەخۆشی هاتووە، بەدبەخت و بێچارە بووین، ماندوومت کرد و ... بەم قسە و ڕەفتارانە دەروونی منداڵ تێک ئەدەن و لە ژیانی خۆی بێزاری ئەکەن، لەوانەیە بڵێن کوا منداڵ لە هەستی بێزاری لە ژیان تێدەگا! بەڵێ تێدەگا و ئەفامێت، بە شێوەیەک کە تەمەنی خۆکوژی بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی پێشووتر هاتووتە خوارەوە و زۆرجار منداڵی کەم تەمەن هەڕەشەی خۆکوژی لە دایک و باوکی ئەکات و ئەمەش زەنگی مەترسییە و دەبێ ئاگاداری بن. جیا لە هاتنە خوارەوەی تەمەنی خۆکوژی، تەمەنی پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش لە نێو منداڵی سەرەتای هەرزەکاریدا زۆر بووە، کە ئەمەش هۆکاری خۆی هەیە. هەرزەکار ئەیهەوێ بە خۆکوژی، هەڵاتن لە ماڵ یان پێکهێنانی ژیانی هاوبەشی پێشوەختە خۆی لە فشارە دەروونییەکانی بنەماڵە ڕزگار بکات. ئەگەر هەرزەکارێک بڕیاری پێکهێنانی ژیانی پێشوەختە ئەدات، کێ تاوانبارە جگە لە دایک و باوک نەبێت! یان بەپێچەوانە، ئەگەر تاکێک لە ئێزدواج ئەترسێت هەر ئێوەی دایک و باوک تاوانبارن.

بهێڵن با منداڵ، منداڵی خۆی بکات، نە بەو ئەندازە کە ئازادییەکانی لە ڕادەبەدەر سنووردار بکرێت یان ئازادی ڕەهای پێ بدرێت، بەڵکوو لەو چوارچێوەیە کە یاساکانی پەروەردە دیاریی کردووە ئیجازە بدەن با منداڵ چێژ لە منداڵی، هەرزەکاری و گەنجی خۆی وەربگرێت، چون مرۆڤ یەکجار لە دایک دەبێت. مەهێڵن منداڵەکانتان تووشی گرێی دەروونی بن. بە ئەندازەی توانای منداڵ ئەرکی پێ بسپێرە و چاوەڕوانیت لێی هەبێ، نە زیاتر. بە منداڵی گەورەیان مەکەن، چون دوایی لە بەرامبەر هەموو کەس و هەموو شتێکدا هەست بە بەرپرسارێتی ئەکەن و زوو ئەشکێنەوە و لە ژیان بێزار دەبن. ئەوەندە ئەرکی پێ بسپێرە کە بتوانێت سەربەخۆیی خۆی وەدەست بێنێت و دوایی بەستراوە نەبێت و مەجبوور نەبێت بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ژیانی لەگەڵ کەسێک ژیانی هاوبەش پێک بێنێت یان ناچار بە ئەنجامدانی هەر کارێک بێت.

لە پڕۆسەی پەروەردەدا پێویستە منداڵ کۆنتڕۆڵ بکرێت، بەڵام نە ئەوەی کە کۆنتڕۆڵکردنەکە بەو ڕادەیە بێت کە منداڵ هەست بکات لە قەفەسدایە و جووڵەی لێ بڕاوە. بە جۆرێک کە پاش پێکهێنانی ژیانی هاوبەشیش هەر دەبێ لەژێر کۆنتڕۆڵی دایک و باوکدا بێت. پێویستە  منداڵ لە هەموو بوارەکانی ژیانیدا فێری سەربەخۆیی بکرێت، تاکوو بتوانێت بڕیاری ڕاست و هەڵە لێک جیا بکاتەوە. لەوە مەترسن منداڵ هەڵە بکات یان تووشی شکست بێت. بۆ نموونە تاک بە تەڵاق وەرگرتن یان تەڵاقدان تووشی شکست نابێت، تەڵاق شکست نییە، ئەزموونی ژیانە. بهێڵن با منداڵەکان خۆیان ئەزموونی ژیانی خۆیان بکەن. منداڵ لە شکست مەترسێنن، چۆن شکست پێویستی هەستانەوە و سەرکەوتنە و تا شکست نەبێ سەرکەوتنیش چێژبەخش نابێت.

کێ بەرپرسە لەم هەموو کێشەو گرفتەی کۆمەڵگا!؟ ئەم کارانە و شێوازە پەروەردە هەڵانە هیچ قازانجێکی نییە جگە لە تەمەنێک حەسرەتی دوورکەوتنەوە یان لە داستدانی منداڵەکەتان. دایک و باوک بەهۆی نیگەرانییەکانی خۆیانەوە، پێش لەوەی ڕووداوێک ڕوو بدات بۆ ئەنجامدانی هەندێ کار پێش بە منداڵ ئەگرن، هەر بۆیە منداڵ لەم ڕێگەیەوە لە هەستیاریی دایک و باوک تێدەگا و بە ئەنقەست هەوڵی ئەنجامدانی ڕەفتارێک ئەدات کە دایک و باوک بەرگرییان لە ئەنجامدانی کردووە.

عادەتەن لە کولتووری پەروەردەی ئێمەدا منداڵ تا دایک و باوکی مابن و توانایان هەبێت بڕیاریان لەسەر ئەدەن، لەگەڵ فڵانی هاوڕێیەتی مەکە، شوو بەوە مەکە، ئەو کچە مەهێنە، ئەو بەشە هەڵمەبژێرە و ... منداڵ قوربانیی منداڵینەکردنی دایک و باوکییە، دایک و باوک هەر حەز و ئارەزوویەک کە هەیانبووە و وەدی نەهاتووە چاوەڕوانن منداڵ وەدیی بێنێت و لەودا بیبیننەوە، بیر لەوە ناکەنەوە و ناڵێن ئێمە دووکەسی لێک جیاوازین، نابێ چاوەڕوان بیت ئەوەی خۆت پێی نەگەیشتووی و بەدەستت نەهێناوە، منداڵەکەت وەدەستی بێنێت.

لە کۆتاییدا:

دوورکەوتنەوە لە پشتگوێخستنی منداڵ و گرینگینەدان پێی یان گرینگیدانی لەڕادەبەدەر و نەبوونی هاوسەنگی.

دوورکەوتنەوە لە سزادانی زارەکی یان جەستەیی منداڵ.

دوورکەوتنەوە لە پەروەردەی هەڵەی منداڵ و بەکارهێنانی شێوازی نەگونجاوی پەروەردەیی.

دوورکەوتنەوە لە متمانەنەکردن بە منداڵ.

دوورکەوتنەوە لە ئاگالێبوونی لە ڕادەبەدەری منداڵ.

دوورکەوتنەوە لە سەرزەنش و لۆمەکردنی لە ڕادەبەدەری منداڵ.

دوورکەوتنەوە لە بێبەشکردن لە خۆشەویستی.

دوورکەوتنەوە لە بەراوردکردنی منداڵ لەگەڵ منداڵانی تر.

دوورکەوتنەوە لە چاوەڕوانیی لەڕادەبەدەر کە لە توانای منداڵدا نییە.

لەبەرچاونەگرتنی هەموو ئەو خاڵانەی کە بە کورتی ئاماژەم پێ داوە، هەرکامەیان لە شوێنی خۆیدا کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی منداڵ دادەنێت.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.