کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ئێران باسی لە لێدانی گازی ئورانیۆم بە ٥٠٠ سانتریفیوژی پێشکەوتوو کرد

18:11 - 11 گەلاوێژ 2722

''بێهروز کەماڵوەندی'' وتەبێژی ڕێکخراوی وزەی ناوکیی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی، کاری لێدانی گازی هێکزافلۆراید ئۆرانیۆم بۆ نێو ٥٠٠ سانتیریفیۆژی پێشکەوتووی''ئای ئار٦ '' ئەنجام دراوە.

ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ١٠ی گەلاوێژ، لە وتووێژ لەگەڵ دەنگوڕەنگی ڕێژیمی ئێران وتوویەتی: ئه‌مه‌ یه‌که‌م هه‌نگاوه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ توانای ١٩٠ هه‌زار یه‌که‌ له‌ بواری وزه‌ی ناوکیدا.

ناوبراو ئاماژە بە لێدوانەكانی ''عەلی خامنەیی'' ڕێبەری ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران دەكات كە لە مانگی جۆزەردانی ١٣٩٧ داوای لە ڕێكخراوی وزەی ناوکی كرد بە زووترین كات ئامادەكاریی پێویست بۆ دەسپێڕاگەیشتنی ئێران بە ١٩٠ هەزار یەکەی پیتاندنی ئۆرانیۆم ئەنجام بدرێت.

کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران دەڵێن، پێویستیی ئێران بە هەبوونی ١٩٠ هەزار سو (یەکەکانی جیاکردنەوەی ئیزۆتۆپی ئۆرانیۆم) یەکێک لە هێڵە سوورەکانی عەلی خامنەیی پێش گەیشتن بە ڕێککەوتنی ناوکی لە ساڵی ١٣٩٤ بووە.

بەو حاڵەوە دوای ڕێککەوتنی بەرجام  ژمارەی ڕێگەپێدراوی سانتریفیوژەکانی ئێران بۆ پێنج هەزار و ٦٠ دەستگا لە جۆری سانتریفیوژە کۆنەکانی '' ئای ئار ١''  سنووردار کرا.

ڕێژیمی ئێران دوای ساڵێک لە کشانەوەی ئامریکا لە بەرجام لە ساڵی ٢٠١٨، دەستی بە پێشێلێکردنی بەڵێنییەکانی ناوکی لە بەرجامدا کرد، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی لە ڕاپۆرتەکانی ئەم دواییانەی خۆیدا دانانی سانتریفیوژی پێشکەوتووی ''ئای ئار ٦''ی لە دامەزراوە ناوکییەکانی ئێران پشتڕاست کردەوە.

ئەو هەوڵە نوێیەی ڕێژیمی ئێران لە کاتێکدا بەڕێوەدەچێت کە ئاسۆی بووژاندنەوەی بەرجام هێشتا هەر ناڕوونە.

لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا ژمارەیەک لە کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران، لەوانە ''کەمال خەڕازی و محەممەدجەواد لاریجانی'' و دواتریش سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ناوکی لە لێدوانی هەڕەشەئامێز هۆشدارییان داوە کە تاران توانای دروستکردنی بۆمبی ناوکی هەیە، بەڵام ئەنجامی نادات.