کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

یەکڕیزی دێموکرات و یەکڕیزی نەتەوەیی

23:24 - 27 گەلاوێژ 2722

ئاکۆ عەلیزادە

کورد بە درێژایی مێژووی سیاسی خۆیدا و لە وێستگە جۆراوجۆرەکان، لەدوای ڕوخانی ئیمپڕاتۆریەتی ماد هەمیشە پەرتەوازەبوون بە سیمایەوە دیار بووە و نەیتوانیوە کە بە یەکڕیزی ببێتە خاوەنی کیانی خۆیی و بۆ ئەوەی بڕیاردەر بۆ گەلەکەی خۆی بێت؛ ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر جیاوازییە فکرییەکان و هەندێک جار لێک دووربوونی ناوچەکانی کوردستان کە بە پێکهاتنی میرنشینەکان و دەسەڵاتە بچووکە خۆجێییەکان قایل بووە و هەمیشە بۆتە بەرامبەرێکی لاواز بۆ دوژمنانی و بە ئاسانی سەرکووتیان کردووە.

بەڵام لەدوای درووستبوونی بیری نەتەوەیی و بە شۆڕشەکانی شێخ عوبەیدوڵای نەهری و سمکۆی شکاک و هەندێک شۆڕشی دیکە لەو چوارچێوەیە، کورد گەیشت بە بیرێکی نەتەویی و بەرەو یەکڕیزی هەنگاوی نا .

ئەو یەکڕیزی و یەکگرتووییە کاتێک خۆی نیشان دا کە حیزبی دێموکرات بە بونیاتنانی کۆماری کوردستان تیشکی خۆی خستە سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەرەو ئاقارێکی پیرۆزی ناسیۆناڵیستی و بەرەو بیر و هزرێکی بەهێزی نەتەوەیی برد.

یەکڕیزییەکان لە کۆماردا بە چەندین خاڵ پۆلێن دەکرێن کە لێرەدا ئێمە دەتوانین ئاماژە بە یەکڕیزی هێزە چەکدارەکانی کوردستان لەژێر ناوی پێشمەرگە و سوپای میللی و هەروەها دروستکردنی هێما نەتەوەییەکان وەک ئاڵا و بەفەرمیکردنی زمانی کوردی بۆ خوێندن و نووسین بکەین  کە ئەو دەسکەوتانەی کۆمار لە بیر و هزری سیاسی کۆمارەوە سەرچاوەی دەگرت .

دوای ڕووخانی کۆمار، حیزبی دێموکرات وەک ئاڵاهەڵگر و پێشەنگی خەباتی سیاسی و مەدەنی و چەکداری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە زۆر ڕێگای پڕ لە چەڵەمە و هەوراز و نشێودا تێپەڕیوە و سەرەڕای هەموو کێشەوئاریشەکان کە لەلایەن دوژمن یا نەیارانییەوە بوونە کۆسپێک بۆ ڕێگای مافخوازی و دەستەبەری ماف و حەز و خولیاکانی گەل بەڵام لە خەبات کۆڵی نەداوە و هەمیشە بە ئالتێرناتیڤەکانی و بە داڕشتنی پڕاکتیکی نوێ لە دۆخە جۆراوجۆرەکاندا بەرپەرچی کردەوەکانی دوژمنان و نەیارانی کوردی داوە و لە هەمان کاتدا هەوڵی بۆ یەکگرتن و یەکڕیزی لە نێو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ باشتر بەرەوپێشچوونی ئەو خەباتە داوە. بنەمای دامەزرانی حیزبی دێموکرات لەسەر دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد و دێموکراسیخوازییە کە دوو سۆنگەی جێگای لێوردبوونەوەیە.

لە مەسەلەی بیری نەتەوایەتیدا یانی کیانێکی سەربەخۆی نەتەوایەتی دەوێ کە هەموو خەڵکی ئەو وڵاتە بە تێکڕای بۆچوون و ڕەوتە فکری و سیاسییەکان و هەروەها بە ئایین و ئایینزا جۆراوجۆرەکان و وردەکولتوورەکانی نێو کوردستان لێی بەهرەمەند دەبن و دەیهەوێ هەموو ئەو خەڵکە لە چوارچێوەی ئایدیایەکدا کۆببنەوە کە ویستی هەموو لایەکە.

هەوڵی ئەوەش دەدات کە تەواوی خەڵک بۆ دەستەبەرکردنی ئەو مافە نەتەوایەتییانە تێبکۆشن ئەوەیە هزری مافخوازی لە حیزبی دێموکرات دەیهەوێ هەموولایەک لە دەوری بەرنامەیەکی نەتەوەیی کۆ ببنەوە و کیانێکی نەتەوەیی دابین بکەن.

لە هەمان کاتدا دێموکراسی لە چییەتی خۆیدا پێکەوەژیانی هەموو نەتەوەکانە و دابینکردنی ویستی خەڵکە بۆیە ئەویش بە هاوتای بیری نەتەوەیی و دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکان، کۆمەڵەخەڵکێک بە ئیتنیک و چین و توێژی جیاوازەوە دەتوانن لە چوارچێوەی حکومەتێکدا خۆیان ببیننەوە بۆیە بنەمای دامەزراندنی ئەو حیزبە بنەمایەکە کە هەم لە ڕووی دێموکراسی و هەمیش لە ڕووی دابینبوونی ئەو مافانە دەسپێکێکە بۆ یەکڕیزی لە نێو سیاسەتەکانی حیزبی دێموکراتدا .

هەر لەو پیوەندییەدا ڕێبەرانی حیزب سایکۆلۆژیا و تێگەیشتن و تێڕوانین و خوێندنەوەیان لەسەر ئەو ئەساسە شکڵی گرتووە کە بۆتە هۆکاری ئەوەیکە لە تەواوی بڕگەکانی مێژووی حیزب نوێنەرایەتی خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووە و هەوڵی داوە کە یەکڕیزی و تەبایی سازبکرێت و لەگەڵ بۆچوونی حیزبەکانی تر مادام کە مافی خەڵک و دێموکراسی قبووڵ بێت هاوکاری کردووە و  بە بیرێکی تۆلێرانسەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کردوون؛ بەڵام هیچکات لە هەوڵدان بۆ یەکڕیزی چ لە نێو ڕیزەکانی خۆیدا و چ لە نێو ماڵی کورد و تەنانەت نەتەوە ژێردەستەکانی تری ئێرانیش درێغی نەکردووە .

ئەمڕۆکە لە یادی ۷۷ساڵەی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتدا ئەو ڕاستییە نکۆڵی لێنەکراو و دوور لە زێدەبێژییە کە لە تەواوی وێستگە مێژوویەکاندا هەوڵەکانی حیزبی دێموکرات بۆتە چراوگی ڕێگای خەبات بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵات و گڕوتینێکی تایبەتی بە تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگا داوە. لەو 77ساڵەدا چەند جار بە هۆی کێشە و جیاوازی لە بیروڕا تووشی دابڕان بووە بەڵام سەرباری دابڕانەکان هەمیشە بەرژەوەندی نەتەوەیی لەبەرچاو گیراوە، ڕیزەکان ڕێکخراونەتەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجی ڕزگارکردنی خەڵکەکەمان لە ژێر تەوژم و هەژموونی دەسەڵاتێکی کۆلۆنیالیستی کە هەمیشە گەلی کوردی بە هەڵاواردنە جۆرواجۆرەکان وەک هەڵاواردنی زمانی، ئابووری، سیاسی، ئایینی و کولتووری چەوساندۆتەوە.

هەروەها بۆ بەهێزکردنی هەستە نەتەوەییەکان ڕۆڵی چاوساغێکی لە کۆمەڵگادا گێڕاوە و بۆ خەڵک بۆتە حیزبی خۆشەویست و توانیویەتی پێگەیەکی بەهێزی لە بیر و لە دڵی خەڵکدا بۆ خۆی دەستەبەر بکات .

وەکوو دەسکەوت، هەوڵدان بۆ سازکردن یا لێک کۆکردنەوەی ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران بەڵگەیەکی پتەوە کە بێ هیچ چاوەڕوانی و بەرژەوەندییەکی حیزبی هەوڵی بۆ بونیاتنانی داوە تا تەواوی حیزبە کوردییەکان بتوانن بە یەکڕیزی خەباتێکی چڕوپڕتریان لەهەمبەر ڕێژیمدا هەبێت.

بە تێکڕا و کۆبەندی ئەو بابەتانە دەبینین کە مەعریفەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران مەعریفەیەکی یەکگرتووخوازانەیە و هەموو هەوڵ و تێکۆشانیشی ئەوەیە بەدەر لە تێگەیشتنی سیاسی ئێستا، خەڵکی ڕۆژهەڵات پێویستی بە یەکڕیزییە و ویستویەتی ئەوە بە هەموو شێوەیەک سەقامگیر بکات.

ئێستا لە دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە یەک دەیە لە دوادابڕان لە نێو ڕیزەکانی حیزب، بە ڕەچاوکردنی بەرژەوەندی نەتەوەیی و بۆ شوێندانەرتربوونی خەبات لەهەمبەر دوژمنێکی بێبەزەیی و نگریس هەوڵەکان بۆ یەکڕیزی و یەکگرتنەوە لە دواوێستگەی مێژوویی ئەو حیزبەدا لە یادی ٧٧ساڵەی دامەزرانیدا بە ئامانج گەیشتووە و بەهێزتر و سوورتر لە جاران بەرەوپێش دەچێت و هەوڵەکانی لەکار دەگرێ بە دانانی پراکتیکی نوێ و بە سیاسەتێکی سەربەخۆ لە یەک سەنگەر و بە یەک ئامانج لەبەرامبەر دوژمنانیدا ڕادەوەستێت.

کەوابوو ئەوە کەتوارێکی ڕوونە کە کاتێک حیزبی دێموکرات لەم قۆناغەدا یەکی گرتۆتەوە و بەرەو یەکڕیزییەکی تەواو دەڕوا ئەوە شوێندانەر دەبێ لەسەر خەباتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بە هێز و تینێکی ترەوە ئەو بۆشاییە سیاسی و هزرییە پڕ دەکاتەوە و هەوڵ دەدا لەگەڵ لایەنەکانی تر بە شێوەیەکی بەهێزتر و سەقامگیرتر لە هەرکاتێکی دیکە دەستی هاوکاری بۆ لەناوبردنی دوژمنی کورد و کۆتاییهێنان بە سەرکوت و چەوسانەوەی گەلێک بکاتە مێتۆدی کاری خۆی؛ ئەوەش موژدەیەکە بۆ گەلی کورد کە بەهاری ئازادی بە هەنگاوە بەهێزەکانمان زیاتر لە هەرکاتێکی تر نزیک دەبێتەوە .