کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕێژیم بە پیلانی جۆراوجۆر بەردەوام هەوڵ دەدات خەباتی گەلی کورد لاواز بکات

11:57 - 27 گەلاوێژ 2722

بەپێی هەواڵێک کە لە شارەکانی "مەریوان، سەوڵاوا و هەورامان"، بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا گەیشتووە، ڕێژیم لە پیلانێکی نوێدا دژ بە گەلی کورد و بۆ لاوازکردنی یەکگرتوویی نەتەوەیی لە بیانووی جۆراوجۆر کەڵک وەردەگرێت.

لە نوێترین پیلانیدا ڕێژیم هەستاوە بە پەراوێزخستنی ئەو بنەماڵانەی کە لەژێر چەتری کۆمیتەی ئیمداددان و ئەو شتانەی کە پێشتر پێی داون لێێان دەستێننەوە بۆ ئەوەی کە بۆخۆیان پەنا بۆ ئەو شوێنە ببەنەوە.

دوابەدوای ئەوەیکە خەڵکەکە بۆخۆیان پەنا دەبەنەوە بۆ کۆمیتەی ئیمداد، رێژیم بەڵگەنامەیەکیان پێ دەدات کە بچنە ناوەندەکانی ئیتلاعات و سپا و بەسیج و لەوێ بەڵگەی بهێنن کە گوایا ئەو بنەماڵانە جێگەی متمانەی ڕێژیمن.

هەروەها ناوەندە ئەمنییەتییەکان تا بەلێنی هاوکارییان لێ نەستێنن وڵامیان نادەنەوە و بەڵگەنامەکەیان بۆ واژۆ ناکەن.

لەو پەیوەندییەدا دەزگا ئەمنییەتییەکان داوای هاوکارییان لە خەڵکەکە کردووە و دەیانهەوێ لەو ڕێگەیەوە بە دژی خەڵک و خەباتی ڕەوای گەلی کورد کەڵکاوەژوویان لێ وەرگرێ.

ئەو پیلانەی ڕێژیم لە حاڵێکدایە کە خەڵکی کوردستان لەلایەن ڕێژیمەوە سەرچاوە سروشتییەکان و سەرمایە و داهاتیان دەدزرێ و لەوپەڕی هەژاری و نەهامەتیدا دەژین.