کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ سەبارەت بە یەکگرتنەوەی دێموکراتەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە

12:00 - 27 گەلاوێژ 2722

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ لە ڕاگەیەندراوێکدا پێشوازیی لە یەکگرتنەوەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان کردووە و ئەم هەوڵەی بە هەنگاوێکی گرینگ لە ڕاستای بەهێزبوونی خەباتی خەڵکی ئێران بۆ وەدیهاتنی مافە ڕەواکانی نەتەوەکانی ئێران زانیوە.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ سەرەڕای ڕیزگرتن لە هەیئەتەکانی وتووێژ بۆ ئاکام گەیاندنی پرۆسەی یەکگرتنەوە، لە ئیرادەی هەردوو لایەنی دێموکرات هیواداریی دەربڕیوە کە ئەو حیزبە لە داهاتووی نزیکی خۆیدا، خەبات دژی ڕێژیمی ئێران بەگوڕتر بکات.

لەو ڕاگەیاندراوەدا هاتووە کە ئێمە وەکوو هاوپەیمانییەکی سیاسی کە حیزبی دێموکرات تێدا ئەندامە، ئەم یەکگرتنەوەیە بە نیشانەی ئیرادەی بەهێزی ئەو حیزبە بۆ بەرگری لە بایەخە مێژووییەکان و پتەوکردنی خۆمان لە خەبات  دژی ڕێژیمی ئێران بۆ وەدیهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەی میللی - دێموکراتیک لە کوردستان و هەروەها بزووتنەوەی ئازادیخوازانە لە سەرتاسەری ئێران دەزانین.

کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ یەکگرتنەوەی دێموکراتەکانی بە هەنگاوێکی گرینگ لە ڕاستای بەهیزبوونی ڕێزەکانی ئەو هاوپەیمانییە سیاسییە زانیوە چونکە حیزبی دێموکرات لە دامەزراندنی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فێدراڵ ڕۆڵێکی گرینگی هەبووە.