حیزبی شیوعی کوردستان بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ، ٧٧ـەمین ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستە کرد و لەو پەیامەدا خۆشحاڵی خۆیان لەهەنگاوەکانی یەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات دەربڕی و جەختیان لە دۆستایەتی و هاوخەباتییان کردەوە.
دەقی پەیامەکە بەم چەشنەیە:
بەڕێزان: سکرتێر و ئەندامانی دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و حیزبی دێموکراتی کوردستان
هاوڕێیانی بەڕێز لە سەرکردایەتی هەردوو حیزبی خەباتگێڕ
سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە
بەخۆشحاڵییەوە بەناوی مەکتەبی سیاسیی حیزبی شیوعی کوردستان، جوانترین و گەرمترین پیرۆزباییتان لێ دەکەین، بەبۆنەی ساڵڕۆژی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی تێکۆشەر (٢٥ی گەلاوێژ).
هەروەها لە ڕێگای ئێوەشەوە، پیرۆزبایی لە سەرجەم تیکۆشەرانی حیزبەکەتان دەکەین، هیوادارین لە خەباتی نیشتمانیدا ڕۆڵی سەرەکی و کاریگەرتان لە کۆڕی خەباتدا بەردەوامیی هەبێت و سەرکەوتوو بن، سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی بزاڤی ڕزگاریخوازیی گەلی کوردستان.
هەر لەم بۆنەیەدا، خۆشحاڵین بە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی ڕیزەکانی حیزبی دێموکرات و لەم بوارەدا، حیزبی شیوعی کوردستان پاڵپشت و هاندەری ئەم هەنگاوە پیرۆزەتانە.
بەڕێزان، ئەم بۆنەیە دەقۆزینەوە بۆ ئەوەی جەخت لە دۆستایەتی و هاوخەباتی نێوان حیزبەکانمان بکەینەوە، بۆ ئەوەش هەموو پشتیوانییەک دووپات دەکەینەوە.
جارێکی دیکە پیرۆزە
مەکتەبی سیاسی
حیزبی شیوعی کوردستان
١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٢