شەماڵ تەرغیبی
٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی هه‌تاوی، خاڵی ده‌سپێكی كوشتاره‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه كه به بڕیاری خومه‌ینی و به حوكمی جیهاد له‌دژی "كافره‌كان" به‌ڕێوه‌چوو و بوو به شه‌ڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه له‌دژی خه‌ڵكی بێدیفاعی كوردستان. شه‌ڕێك كه له شێواز و پانتایی جۆراوجۆردا ئێستاش هه‌ر درێژه‌ی هه‌یه. ئه‌مه‌ش به‌و هۆیه‌وه كه له فه‌لسه‌فه‌ی كۆماری ئیسلامی‌دا هه‌رچه‌شنه مافویستییه‌ك و هه‌ر چه‌شنه ئه‌ندێشه‌یه‌كی جیا له چوارچێوه‌ی سیستمی ویلایه‌تی فه‌قیهـ به هه‌ڵه و ناڕاست داده‌نرێت و ده‌چێته قه‌واره‌یه‌كه‌وه به ناوی "جیاییخوازی" . هه‌ر ئه‌م فه‌لسه‌فه و ئایدیۆلۆژییه چه‌قبه‌ستووه‌ش بوو كه وای كرد كۆماری ئیسلامی ڕێڕه‌وی سه‌ركوتكردنی جیابیران بگرێته‌به‌ر و وڵاتی ئێرانی كرده گۆڕستانی ئازادی. پاش ڕووخانی حكوومه‌تی پاشایه‌تی و سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێران، خه‌ڵك چاوه‌ڕوان بوون كه به مافه پێشێلكراوه‌كانیان بگه‌ن. خه‌ڵك پاش دانبه‌خۆداگرتن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو ئازار و ژانه‌ی كه له دژیان به‌ڕێوه‌چبوو و دانی نرخێكی زۆر، چاوه‌ڕوان بوون بتوانن بڕیار بۆ چاره‌نووسی خۆیان بده‌ن و له كاروباری وڵات‌دا به‌شدار بن. به‌م پێیه‌ش ده‌ستیان دایه دامه‌زراندنی شۆرا و كومیته‌ی خۆجێیی كه وێنه‌ی هاوچه‌شنی ته‌نانه‌ت له ناوه‌ندیشدا ده‌بیندرا. هه‌نگاوێك كه ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانی ناوه‌ند و داشدارانی حكوومه‌ت و ئاخوونده‌كانی تینووی زوڵم و دیكتاتۆری به‌ته‌واوی لێی تۆقیبوون.
حاكمه تازه به‌ده‌سه‌ڵات گه‌یشتووه‌كانی ئێران له باتی دابه‌شكردنی هێز و دامه‌زراندنی سیستمێكی دێموكراتیكی مرۆڤته‌وه‌رانه له هه‌موو ئێران‌دا، ده‌ستیان كرد به سه‌ركوتی نه‌ته‌وه‌كان و جیابیران كه ڕۆڵێكی كارایان له سه‌ركه‌وتنی شۆڕشدا هه‌بوو. به سه‌رنجدان به جوگرافیای به‌ربڵاوی ئێران و بوونی باوه‌ڕ و ئایین و نه‌ته‌وه‌ی جۆراوجۆر له‌م وڵاته‌دا، حاكمانی نوێیش شێواز و مێتۆدی جۆراوجۆریان بۆ سه‌ركوتی خه‌ڵك هێنا كایه‌وه. سه‌ركوته‌كانیان له سه‌ره‌تادا له‌دژی بزوتنه‌وه‌كانی كرێكاری و خوێندكاری ده‌سپێكرد و دواتر له ئه‌هواز و توركه‌مه‌نسه‌حرا شه‌ڕی مه‌زهه‌بییان له نێوان شێعه وسوننییه‌كاندا هه‌ڵگیرساند كه چیرۆكی خوێناوی توركه‌مه‌نسه‌حرا و كوشتاری هۆزه‌كانی عه‌ره‌ب و خه‌ڵكی به‌لووچ له مێژووی هاوچه‌رخی ئێران‌دا دیار و به‌رچاون. هه‌روه‌ها به ئاژاوه‌گێڕی و گێره‌شێوێنی له‌و ناوچانه‌ی كه كورد و تورك و ئه‌رمه‌نی ماوه‌یه‌كی دوورودرێژ به ئاشتییانه پێكه‌وه ژیابوون، بوونه هۆكاری هاتنه ئارای كۆمه‌ڵێك شه‌ڕی خوێناوی و چاندنی تۆوی دووبه‌ره‌كی له نێوان ئه‌م خه‌ڵكه‌دا. ئه‌م شه‌ڕانه كه له‌لایه‌ن نوێنه‌ری وه‌لی فه‌قیهـ له ورمێ (مه‌لا حه‌سه‌نی) و كۆمیته‌چی و پاسداره‌كانه‌وه سه‌رپه‌رستیی ده‌كرا ته‌نیا له گونده‌كانی وه‌ك قاڕنێ و قه‌ڵاتان، سه‌وزی، ئیندرقاش، دیلانچه‌رخ، حه‌ڵبێ، كویكان، كارێز و هه‌ندێك گوندی دیكه كوژرانی سه‌دان هاووڵاتی مه‌ده‌نی به زه‌بری چه‌كی سپای پاسداران و هێزه چه‌كداره‌كانی كۆماری ئیسلامی لێكه‌وته‌وه.
خه‌ڵكی كوردستان كه هه‌ر له سه‌رده‌می حكوومه‌ته‌كانی پێشووتریشه‌وه زۆرترین زوڵم و سه‌ركوتیان ئه‌زمون كردبوو، له به‌رانبه‌ر هێرشی مه‌غۆلئاسای كۆماری ئیسلامی‌دا، ئاماده‌تر له نه‌ته‌وه‌كانی دیكه، له ماوه‌یه‌كی كورتدا توانیان به هاریكاری حیزبه سیاسییه‌كان، نوخبه و بژارده‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستان ڕێك بخرێن و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی خۆیان بگرنه ده‌ست. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی گه‌لی كورد بۆ ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌ندی و به‌تایبه‌تی خودی خومه‌ینی جێگه‌ی په‌سن نه‌بوو. ناوبراو نه‌یده‌توانی له به‌رانبه‌ر ئازادی ڕاده‌ربڕین، ئازادی قه‌ڵه‌م، ئازادی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی و فه‌رهه‌نگی كه نه‌ته‌وه‌ی كورد ماوه‌ی چه‌ندین ساڵ بوو بۆ وه‌ده‌ستخستنی خه‌باتی كردبوو بێده‌نگ دانیشێ. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه گۆپاڵبه‌ده‌سته‌كانی خومه‌ینی نه‌یانده‌توانی به ئاژاوه‌گێڕی و دووبه‌ره‌كینانه‌وه ئه‌م هاوكاری و ڕێكخستن و ئازادییه له‌نێو ببات؛ بۆیه به فێڵ و ته‌ڵه‌كه‌ی شه‌رعی و خستنه پاڵی ناتۆره‌ی جیاییخوازی، له سه‌رله‌به‌یانی ٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ٥٨ی هه‌تاوی شه‌ڕێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی له ژێر ناوی جیهاد به‌دژی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ڕێخست. به ڕاگه‌یاندنی جیهادی خومه‌ینی له‌دژی خه‌ڵكی كوردستان به‌ره‌یه‌كی كۆنه‌په‌رستانه له‌دژی گه‌لی كورد سازكرا. تاقمێك دادوه‌ری خوێنمژ به سه‌رپه‌رستی ئاخوند سادق خه‌ڵخاڵی و به پاڵپشتی ئه‌رته‌ش به‌ره‌و كوردستان وەڕێ كه‌وتن. له هه‌ندێك شاری كوردستاندا، خه‌ڵخاڵی داری ئێعدامی هه‌ڵواسی و سه‌دان لاو و بژارده‌ی كوردستانی له ڕه‌وتی دادگاییه‌كی فه‌رمایشیی ٢ تا ٣ خوله‌كی له سێداره دا و سه‌دان كه‌س له خه‌ڵكی بێتاوانی تیرباران كرد.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م كوشتاره، كوردستان هیچ كات خۆی نه‌دا به‌ده‌سته‌وه. له هه‌ندێك شاری كوردستان له‌وانه سه‌قز، بانه، مه‌هاباد، پاوه و.... خۆڕاگرییه‌كی بێوێنه و مێژوویی وه‌ڕێكه‌وت كه خه‌ونی له‌نێوبردنی بزووتنه‌وه‌ی كوردستانی بۆ كردنه بڵقی سه‌ر ئاو؛ كه نموونه‌ی به‌رچاوی ئه‌م به‌رخۆدانه شه‌ڕی ٢٤ ڕۆژه‌ی شاری سنه بوو. ئه‌م شه‌ڕه كاتیك ده‌ستی پێكرد كه هێزه‌كانی ئه‌رته‌ش پاش چه‌ندین شكستی یه‌ك له‌دوای یه‌ك له‌به‌رانبه‌ر هێزه‌كانی پێشمه‌رگه، دیسانه‌وه هێزه‌كانیان كۆكرده‌وه و سه‌رقاڵی جێبه‌جێكردنی بڕیاری جیهادی خومه‌ینی بوون. سه‌ركۆماری ئه‌وكات، ئه‌بولحه‌سه‌ن به‌نی سه‌در كه هاوكات فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كانیش بوو به بڕیارێكی له‌م چه‌شنه: "ئه‌رته‌ش مافی ئه‌وه‌ی نییه پێڵاوه‌كانی ده‌ربێنێت تاكوو قه‌یرانی كوردستان یه‌كلایی بكات و كوردستان له بوونی یاخییه‌كان پاك بكاته‌وه" به‌ره‌و سنه له‌شكركێشی كرد. ئه‌م هه‌نگاوه‌ی ناوبراویش بووه كۆسپێكی گه‌وره له به‌رده‌م پڕۆسه‌ی دانوستانه‌كانی نێوان هه‌یئه‌تی ده‌وڵه‌ت به سه‌رپه‌رستی فروهه‌ر و حیزبه كوردستانییه‌كان كه خوازیاری چاره‌سه‌ری پرسی كوردستان له ڕێگه‌ی دیالۆگ و به مێتۆدیكی ئاشتیخوازانه بوون. به‌هۆی بوردومانه هه‌واییه‌كان و هێرشی تۆپخانه‌كانی ڕێژیمه‌وه به‌شێكی به‌رچاو له خه‌ڵكی بێ‌تاوان كوژران و به‌شێكی به‌رچاو له شاری سنه خاپوور كرا. به‌ڵام خۆڕاگری خه‌ڵك هه‌روا به‌رده‌وام بوو و ئیراده‌ی ئازادیخوازانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان بۆ خه‌بات له‌دژی ڕێژیم لێبڕاوتر بوو.
ئه‌مڕۆ پاش ٤٣ ساڵ له ده‌رچوونی حوكمی جیهادی خومه‌ینی له‌دژی خه‌ڵكی كوردستان، خه‌باتی مافویستانه‌ی گه‌ل به ڕه‌واییه‌كی زیاتر و به ئیراده‌یه‌كی پۆڵایینه‌وه هه‌روا به‌رده‌وامه و به‌ڕێوه‌به‌رانی ده‌زگای سه‌ركوتی ویلایه‌تی فه‌قیهـ له هه‌موو كاتێك زیاتر ڕیسوا و ته‌ریك كه‌وتوونه‌ته‌وه و ئه‌وه‌یكه له به‌رامبه‌ر خۆیدا ده‌یبینێت ڕقی بێكۆتایی خه‌ڵكی ئازادیخوازی كوردستان و ته‌نانه‌ت هه‌موو ئێرانه.