کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەدەرنانی هێزەکانی سپای پاسداران لە شوێنە گشتییەکانی سنە

12:18 - 6 خاکەلێوه 2726

دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە و ناوەندە سەربازییەکانی کۆماری ئیسلامی، هێزەکانی ڕێژیم و بە تایبەت سپای پاسداران لە ترسی ئەو هێرشانە لە ناوەندە گشتییەکان، قوتابخانەکان و مزگەوتەکاندا جێگیر بوون و ئەو شوێنانە وەک قەڵغانی مرۆیی بەکار دەهێنن.

بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکرات، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی سپای پاسداران، مزگەوتی "بێعسەت"یان لە گەڕەکی "تەکیە و چەمەن"ی شاری سنە داگیر کردبوو و کردبوویانە شوێنی حەوانەوە و خەوتنی خۆیان. ئەو هێزانە، ڕێگرییان لە هاووڵاتییان دەکرد سەردانی مزگەوتەکە بکەن.

خەڵکی گەڕەکی "تەکیە و چەمەن" بەهۆی نیگەرانیی قووڵ لەوەی کە بوونی پاسدارەکان و جێگیربوونی هێزە چەکدارەکان لە نێو گەڕەکەکەدا، مەترسیی گەورە بۆ سەر گیانی دانیشتووان دروست دەکات و دەبێتە هۆی ئەوەی ناوچە مەدەنییەکان بکرێنە ئامانجی سەربازی، بە هەڵوێستێکی یەکگرتووانە و بە کۆدەنگیی گەڕەک ڕووبەڕووی ئەو هێزانە بوونەوە.

خەڵک بە زەبری گوشار و خۆڕاگری، هێزەکانی سپای پاسدارانیان ناچار کرد کە مزگەوتی بێعسەت چۆڵ بکەن و لەو گەڕەکەیە وەدەرنران. ئەم هەڵوێستەی خەڵکی سنە جارێکی تر بێزاریی قووڵی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانی لە ڕێژیمی ئێران نیشان دایەوە.