بەپێی نوێترین هەڵسەنگاندنە ئامارییەکانی هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لانیکەم چل لە سەدی توانای هەناردەکردنی نەوتی خاوی فیدراسیۆنی ڕووسیە بەهۆی تێکچوونی بەرفراوانی ژێرخانەکانەوە ڕاوەستاوە کە ئەمەش بە یەکێک لە توندترین کەمبوونەوەکانی هەناردەی نەوتی ئەو وڵاتە لە مێژووی هاوچەرخدا ئەژمار دەکرێت.
ئەم پەککەوتنە کە بڕەکەی بە نزیکەی دوو ملیۆن بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێنرێت بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەندی بە هێرشە دڕۆنییەکانی ئۆکراینەوە هەیە بۆ سەر بەندەرە ستراتیژییەکانی دەریای ڕەش و دەریای بالتیک و هەروەها دروستبوونی گرفت لە هێڵی بۆریی گەورەی درۆژبا کە نەوتی بۆ وڵاتانی ئورووپا دەگواستەوە.
لە لایەکی تریشەوە زیادبوونی هێرشەکانی ئۆکراین بۆ سەر دامەزراوەکانی هەناردەکردن و دەستبەسەرداگرتنی ئەو تانکەرانەی کە باری نەوتی ڕووسیەیان هەڵگرتووە بوونەتە هۆی ئەوەی بەشێکی زۆر لە توانای هەناردەکردن لە دەست بچێت.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگە گەورانە، ڕووسیە هێشتا لە ڕێگەی هێڵە بۆرییەکانی بەرەو چین و بەندەرەکانی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکەیەوە لە ناردنی نزیکەی یک میلیۆن و ٩٠٠ بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا بۆ بازاڕەکانی ئاسیا بەردەوامە.
ئەم دابەزینە کتوپڕ و گەورەیە لە هەناردەی نەوتی ڕووسیە هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بۆ سەرووی سەد دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، چونکە بازاڕەکانی وزە بە توندی لەژێر کاریگەریی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پچڕانی ڕێڕەوە سەرەکییەکانی گواستنەوەی وزە لە جیهاندان.