کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەستبەسەرکردنی تۆڕێکی تێرۆریستی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵا لە کوەیت

11:09 - 6 خاکەلێوه 2726

هاوکات لە زیاتربوونی نیگەرانییەکان سەبارەت بە فراوانبوونی چالاکیی گرووپە نیابەتییەکانی ئێران لە ناوچە، وەزارەتی نێوخۆی کوەیت دەستبەسەرکردنی شەش کەسی پەیوەندیدار بە حیزبوڵڵای بە تۆمەتی نەخشەدانان بۆ تیرۆرکردنی سەرکردەکانی ئەو وڵاتە ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوی فەرمی وەزارەتی نێوخۆی کوەیت کە لە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی خاکەلێوە بڵاو بووەوە، ئەم کەسانە سەرقاڵی داڕشتنی پلانی "کوشتنی سەرکردەکان و کەسایەتییە دیارەکان" بوون و تەنانەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم پلانانە هێزیان ڕاکێشابوو.

بە وتەی بەرپرسانی کوەیت، پێنج کەس لە دەستبەسەرکراوەکان ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەیان هەیە.

ئەوە سێیەم حاڵەتی ئاشکراکردن و دەستبەسەرکردنی تۆڕە پەیوەندیدارەکان بە حیزبوڵڵای سەر بە کۆماری ئیسلامی لە کوەیتە لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا.

پێشتریش ١٠ کەس بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانە هەستیارەکان و ١٦ کەسی دیکەش بە گومانی ئەنجامدانی کاری تێکدەرانە دەستبەسەرکرابوون.

حیزبوڵڵا کە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە پشتگیری دەکرێت، لەلایەن چەندین وڵاتەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێنراوە.

دووبارەبوونەوەی ئەم دەستبەسەرکردنانە نیشاندەری فراوانبوونی چالاکییە نهێنییەکانی ئەم تۆڕانە و زیادبوونی هەڕەشە ئەمنییەتییەکانە لە وڵاتانی ناوچەدا.